جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، تا پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 پەسەند نەکرێت، وەرزی یاسادانانی پەرلەمان کۆتایی نایەت.
بەپێی هەواڵێکی (سۆمەرییە نیوز)، د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رای گەیاندووە، ئەم وەرزەی یاسادانان تا پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە، درێژە دەکێشێت.
بەشیر حەداد رەتی کردووەتەوە کە قەرەبووی پشووی پەرلەمان بکرێتەوە و رای گەیاندووە، ئەگەر بەر لە دەست پێ کردنی وەرزی نوێی یاسادانان بودجە پەسەند کرا، ئەوا پشووی پەرلەمان لەو رۆژەوە تا کاتی دیاریکراوی وەرزی نوێی یاسادانان، دەبێت.
بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی 22ـی پەیڕەوی ناوخۆ، ساڵانە پەرلەمانی عێراق دوو وەرزی یاسادانانی دەبێت، کە وەرزی یەکەم لە 1ـی مانگی 3 دەست پێ دەکات و لە 30ـی مانگی 6 کۆتایی دێت و وەرزی دووەمیش لە 1ـی مانگی 9 دەست پێ دەکات و لە 31ـی مانگی 12 کۆتایی دێت.
لە بڕگەی دووەمی هەمان ماددەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە لە هەر وەرزێکی یاساداناندا، ئەگەر پرۆژەیاسای بودجە بنێردرێت بۆ پەرلەمان، ئەوا ئەو وەرزە تا پەسەندکردنی پرۆژەیاساکە، بەردەوام دەبێت.