بەرپرسێکى وەزارەتى کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رای گەیاند ژمارەیەکى زۆر کارگەى دروستکردنى ئالیک لە هەرێمی کوردستان هەن کە ساڵانە نزیکەى ملیۆنێک و نیو تۆن ئالیک بەرهەم دەهێنن، جگە لە پێویستیى ناوخۆ، رێژەیەکیشى بۆ شارەکانى عێراق هەناردە دەکرێ.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەرى سامانى ئاژەڵ لە وەزارەتى کشتوکاڵى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "ژمارەیەکى زۆر کارگەى دروستکردنى ئالیک لە پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان هەن، کە چەندین جۆر ئالیک بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسى باڵندە بەرهەم دەهێنن، پێکهاتەى ئالیکەکەش بەشێکى زۆرى کە لە گەنم و گەنمە شامى و ئارد دروست دەکرێت لە ناوخۆى کوردستان هەیە، بەشێکى دیکەشى وەکو سۆیا و زەیتى سۆیا لە وڵاتانى ترەوە هاوردە دەکرێ".
راشی گەیاند: "کۆى گشتى کارگەکان 38 کارگەن، هەولێر 19کارگە، دهۆک 6 کارگە، سلێمانى 9 کارگە و ئیدارەى گەرمیانیش 4 کارگەى هەیە، وزەى کارکردنى ئەم کارگانە لە کاتژمێرێکدا 610 تۆنە، بەمەش ساڵانە نزیکەى ملیۆنێک و نیو تۆن ئالیک بەرهەم دێنن".
ئاماژەى بەئەوەش کرد" ئەو رێژە ئالیکەى دروست دەکرێت ساڵانە 700 بۆ 800 هەزار تۆنى لە ناوخۆى کوردستان بەکار دێت بۆ کێڵگەکانى بەخێوکردنى پەلەوەر و ماسى، بەشەکەى دیکەشى کە نزکەى 600 بۆ 700 هەزار تۆنە، هەناردەى شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق دەکرێت،بۆیە وەزارەتى کشتوکاڵ پێشنیازى کردووە کە نرخى خزمەتگوزارییەکان بۆ کارگەکان کەم بکرێتەوە".