مامۆستایەكی زانكۆ بۆ نووسەرێکی تاقمی خۆفرۆشی 16ی ئۆکتۆبەر: سەرۆکی حکوومەت تەنیا هۆکاری دەستگیرکردنی گیراوانی ڕوون کردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مامۆستایەكی زانكۆ بۆ نووسەرێکی تاقمی خۆفرۆشی 16ی ئۆکتۆبەر: سەرۆکی حکوومەت تەنیا هۆکاری دەستگیرکردنی گیراوانی ڕوون کردەوە

”ئەو تاقمەی سەرتیپ جەوهەر ئاراستە دەكەن دادگای سلێمانییان كردووە بە مەڵبەندێكی حزبی“

مامۆستایەكی زانكۆ وەڵامی نووسەرێكی دەرباری تاقمی خۆفرۆشی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 دەداتەوە و باس لەوە دەكات كە كۆمەڵێك تاوان لە سلێمانیدا هەن، بەڵام ”قەڵەمێكی بەكرێگیراو ناتوانێت ڕاستییەكانی شارەكەی ببینێت“، كەچی دەستێوەردان لە كاروباری دادگا دەكات.

سەرتیپ جەوهەر، نووسەری دەرباری تاقمی 16ی ئۆكتۆبەر کە بەردەوام لە سەر داوای ئەو تاقمە نیشتمانفرۆشە خەریکی جنێودانە، نووسینێكی بڵاو كردووتەوە و هاوشێوەی ئەوانەی نان و پیاز بە كەیسی حوكمدراوەكانەوە دەخۆن، پەلاماری دەسەڵاتی دادوەریی داوە.

لە بەرامبەردا ڕزگار عیسا، مامۆستای زانكۆ لە دهۆك بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”ئەو قسانەی کە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی حوكمدراوانەوە كردی، بەهیچ شێوەیەك بڕیاری پێشوەختە نەبووە لەسەر ئەو حوكمدراوانە، بەڵكوو هۆكاری دەستگیركردنی ئەوانەی ڕوون كردووەتەوە“.

ئاماژەشی بەوە كرد: ”من پێشتر هەر لەم (باسنیوز)ەوە، چەندجارێك لەبارەی سەتیپ جەوهەرەوە خوێندوومەتەوە، و ادیارە قەڵەمەکەی بۆ خزمەتی تاقمێكی خۆفرۆش بەكار هێناوە، لە كاتێكدا هەر خودی ئەو تاقمە دادگای سلێمانییان كردووە بە مەڵبەندێكی حزبی، ئەوەتا دەبینین پەرلەمانتار بە زاری خۆی هاوار دەكات كە دادگای سلێمانی لە لایەن گرووپێكەوە دەستی بەسەردا گیراوە و چواردە ساڵە كەیسێكی بۆ یەكلا ناكرێتەوە“.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ڕەخنەی توند لە سەرتیپ جەوهەر دەگرێت و پێی دەڵێت: ”بەداخەوە قەڵەمێكی بەكرێگیراو ناتوانێت راستییەكانی سلێمانی ببینێت، كەچی بەرامبەر بە ناوچەكانی دیكە قسە دەكات، ئەی خێرە پرسیار ناكەن كەیسی ئەو كەسانەی لەسەر پەیجەكانی سەر بە لاهوور جەنگی دەستگیر كران، دیزەبەدەرخۆنە كرا؟ خێرە دادگای سلێمانی نەیتوانی كەیسەكانی كوشتنی ئامانج بابانی و خانەوادەكەی، ڕادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران و لەسێدارەدانی، تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی و كوشتنی زانای قایمقام لە نێو زیندانی ئاسایش و سووكایەتیكردن و هەڕەشەكردن لە ڕۆژنامەنووسێك بە مامەڵەی نەشیاو بەرامبەر بە هاوسەرەكەی یەكلا بكاتەوە یان لانی كەم لێكۆڵینەوەیەكی تێدا بكات؟

جەختیشی كردەوە كە تەنانەت نووسینەكەی سەرتیپ جەوهەریش بە جۆرێك لە جۆرەكان دەستێوەردانە لە كاروباری دادگا، هەروەها تاقمەكەشی بە هەموو شێوەیەك كار بۆ سووكایەتیكردن بە دامەزراوە یاساییەكان دەكەن، چونكە دەیانەوێت دادگاكانی هەولێر و دهۆكیش، وەك دادگاكانی سلێمانی بێ دەسەڵات و بێ هێز بكرێن.