پەرلەمانتارێكی پێشوو: تاقمەكەی لاهوور جەنگی نایانەوێ دادگایەكی بەهێز هەبێ بتوانێ لە كارەكانیان بكۆڵێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

پەرلەمانتارێكی پێشوو: تاقمەكەی لاهوور جەنگی نایانەوێ دادگایەكی بەهێز هەبێ بتوانێ لە كارەكانیان بكۆڵێتەوە

”ئامانجیانە دادگای پارێزگاكان وەك دادگای سلێمانی نەتوانێت كار لەسەر كەیسەكان بكات“

ئەندامێكی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد كە تاقمەكەی لاهوور جەنگی بە پەلاماردان و سووكایەتیكردن بە دادگا و دەسەڵاتی دادوەری، دەیسەلمێنن كە نایانەوێت دادگا هێندە بەهێز بێت، ڕۆژێك لە ڕۆژان بتوانێت لە كارەكانیان بكۆڵێتەوە.

پاش بڕیارەكەی دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر لە دژی چەند كەسێك لەسەر سیخوڕی و هەوڵدان كاری تێكدەرانە، لاهوور جەنگی و تاقمە خۆفرۆشەكەی هەڵمەتێكی بەرفراوانیان بۆ سووكایەتیكردن بە بڕیاری دادگا دەست پێكرد و پەلاماری دەسەڵاتی دادوەرییان دا.

لە بەرامبەردا د. خۆشه‌وی خه‌لیل، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”هەوڵێكی زۆر هەیە تاوەكوو دەسەڵاتی دادوەری بە شكستخواردوو نیشانی خەلك بدرێت، بۆ ئەمەش چەند هۆكارێك هەیە كە گرنگترینیان دژایەتیكردنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانە“.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەوانەی پەلاماری دەسەڵاتی دادوەری دەدەن، تەنانەت هیچ لەبارەی پرۆسەی دادگاییكردنەوە نازانن و هەر ناشیانەوێت بزانن لێكۆڵینەوەكان چۆن كراون و حوكمەكان چین، بەڵكوو ئەوان ئامانجیانە متمانەی خەڵك بە دادگاكان لاواز بكەن و لەم ڕێگەیەشەوە بە ئامانجەكانیان بگەن.

بە بڕوای پەرلەمانتارەكەی پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، تاقمە خۆفرۆشەكەی لاهوور جەنگی ”بۆیە هێرش دەكەنە سەر دادگاكان، چونكە هیچ كاتێك نایانەوێت دادگا هێندە بەهێز بێت كە بتوانێت ڕۆژێك لە ڕۆژان لە كارەكانی ئەو تاقمە بكۆڵێتەوە، دەیانەوێت دادگاكانی كوردستان هەمووی وەك دادگاكانی سلێمانی بێت كە دەبینین زۆر كەیس هەن كەیسی مەترسیداریشن، كەچی دادگای سلێمانی نەیتوانیوە لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە بكات یان یەكلایان بكاتەوە بە شێوەیەكی تەواو“.

خۆشەوی خەلیل نایشارێتەوە كە ئەو هەڵمەتەی لە دژی دادگاكانی هەرێمی كوردستان لە پاش بڕیارەكەی دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر دەستی پێكردووە، بەرنامە بۆ دانراوە، بەرنامەداڕێژەران لە دەرەوە و لە ناوەوەی هەرێمی كوردستاندان، ”بە تایبەتیش لە لایەن تاقمێكەوە“.