كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 22/02/2021

ھاوار بە ماڵم، دەستێوەردان بە تویت!

سەبارەت بە سزادانی 5 كەسەكە لە دادگا، لە تازەترین پێشنیازی عەنتیكەدا ئاراسی شێخ جەنگی هەندێ قسەی كردووە و داوای كردووە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە رێی تویتێكەوە داوا لە داگا بكات پێداچوونەوەیەك بەو بڕیارەیاندا بكەن!
لەسەر ئەو دوو سێ دێڕەی ئاراس، وەك تێڕوانین و بۆچوونی شەخسیی خۆم، دەڵێم:

1- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەكەوتووەتە قەیرانەوە ھەتا خۆی لە قەیران دەرباز بكات، بەڵكوو سەرۆكی حكوومەت كە بە پلەی یەكەم بەرپرسیارێتیی ئاساییش و ئارامی و ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانی لەسەر شانە، ویستویەتی پێشوەخت بەر بە قەیران بگرێت و نەیھێشتووە قەیرانێكی ئەمنی دروست بكرێت.

لە راستیدا ئەوانە كەوتوونەتە قەیرانەوە كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا نیوەی خاكی باشووری كوردستانیان تەسلیمی داگیركەرانی كوردستان كرد. ئەوە جگە لەوەی كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ھەتا ئێستا ھەموو ناوچە كوردستانیەكان كەوتوونەتە قەیرانێكی ئەمنیی گەورە كە چارەسەركردنی زۆر سەخت و ئاڵۆز بووە. ئەی ئەوە نیە كوردی خۆمان دەڵێت: ”بەردێك نەزان بیخاتە گۆمەوە بە سەد زانا دەرنایەتەوە“؟

2- سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان متمانەی خەڵكی كوردستانی نەدۆڕاندووە، بەڵكوو ئەوانە متمانەی خەڵكی كوردستانیان دۆڕاندووە كە نیوەی خاكی باشووری كوردستانیان لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا فرۆشت و سێ ساڵ زیاتریشە ھێشتا ناوی پارێزگارەكەی كەركووكی لە گیرفانی دەرنەھێناوە! بۆ ئەوەی باشتریش ئەم ڕاستیە بزانرێت، ھەڵبژاردن كۆتایی نەھاتووە و ھەڵبژاردنی نوێ لە ڕێگەیە و ئەو كاتە ژمارەكان پێمان دەڵێن كێ متمانەی خەڵكی دۆڕاندووە.

3- ئەوەندەشی پەیوەندیی بە كەیسی سزادانی ئەو پێنج كەسەوە ھەیە و ئەوەندەی بزانم، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نە وەك شەخسی خۆی و نە وەك سەرۆكی حكوومەتیش تەرەف واتە لایەن نیە لە كەیسی سزادانی ئەو پێنج كەسەدا، لەو كەیسەدا دوو لایەن ھەن لایەنێكی سكاڵاكار و بریتییە لە داواكاری گشتی، بەڵام خۆ داواكاری گشتییش بە سیفەتی داكۆكیكار لە مافی گشتی سكاڵای كردووە نەك ئەوەی كە ھیچ دادوەرێكی دەزگای داواكاری گشتی، بە شەخسی دژی ئەو پێنج كەسە بێت و وەك شەخسی خۆیان سكاڵایان لەسەر ئەو پێنج كەسە كردبێت، لایەنێكیش ئەو پێنج كەسەن كە سكاڵا لێكراون.

جا بۆ ئەوەی باشتر دڵنیا بم لەوەی كە ئایا كێ مافی تانەدان و داوای تێھەڵچوونەوەی لە بڕیارەكانی دادگادا ھەیە، حەزم كرد تۆزێك ئاشنابوونم بە یاسا دەمەزەرد بكەمەوە و بۆ ئەم مەبەستەش چوومە سەر مادەی 249 لە (قانون اصول المحاكمات الجزائية)ی ژمارە 23ی ساڵی 1971 و لەو مادەیەدا دوور و نزیك باسی ھیچ سەرۆك حكوومەتێك ناكات كە مافی تانەلێدان و داواكردنی تێھەڵچوونەوەی لە بڕیارەكانی دادگادا ھەبێت.

واتە سەرۆكی حكوومەت بە ھیچ جۆرێك مافی تانەلێدان و داوای تێھەڵچوونەوەی لە بڕیاری دادگادا نیە، ئەگەر سەرۆكی حكوومەت كارێكی وا بكات - كە سوور دەزانم نایكات - ئەوە دەستوەردانێكی مەترسیدارە لە دەسەڵاتی دادوەری.

ئینجا زۆریش گەڕام و سەعیم لەو یاسایەدا كردەوە، ئەوەشم نەبینی تانەلێدان بە تویت بكرێت! جا ئەگەر ئەم یاسایە گۆڕانكاریی تیا كرابێت و بە شێوەیەك ھەموار كرابێتەوە كە سەرۆكی حكوومەت مافی تانەلێدان و داوای پیاچوونەوەی لە بڕیارەكانی دادگادا ھەبێت و لەمەش زیاتر بتوانێت بە تویت و لە تویتەرەوە ئەم كارە بكات! من ئاگاداری گۆڕانكارییەكی وەھا نیم، ڕەنگە ئاراسی شێخ جەنگی ئاگاداری ئەو گۆڕانكارییە بێت كە لە (قانون اصول المحاكمات الجزائية )ی ژمارە 23ی ساڵی 1971دا كرابێت و ئێمەمانان نەمانزانیبێت!