كوردستان و كورد لە مێژوودا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كه‌یوان ئازاد 22/02/2021

كوردستان و كورد لە مێژوودا

7

ژیانی سەرەتايى لە ئەشكەوتەكانەوە بۆ گوندی كشتوكاڵى

(گوندى كشتوكاڵی) سێیەمین وێستگەی ژیانی مرۆڤ بووە لەسەر ڕووى زەوی، بە خاكی كوردستانیشەوە. دیارە وێستگەی یەكەم، بەهۆی دیارنەبوونى مێژووی یەكەمین مرۆڤ، تا ئێستا ڕوون نییە، بەڵام وێستگەی دووەم دیارە، كە (ئەشكەوتەكان) بوون.

هەر بۆیە ژیان لە گوندەكان بە سێیەمین وێستگەی ژیان لە كوردستان ناسراوە. دیارە هەروەك چۆن كوردستانى كۆن، بەهۆی بوونی هەزاران ئەشكەوت، مەڵبەندی ژیانی سەرەتایی بووە لە ئەشکەوتەکاندا، ئەوا بەهۆی دۆزینەوەى چەندین گوندی كشتوكاڵى، ئەم شێوە ژیان و ئەم وێستگە پێشكەتووەش لەچاو ژیان لە ئەشكەوتەكان، لە كوردستاندا هەبوو. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییانەشمان، نموونەی (سێ) گوندی كشتوكاڵى لە كوردستانى كۆن دەهێنینەوە، ئەوانیش:

1- گوندى زاوێ چەمێ: ئەم گوندە دەكەوێتە باشوورى ئەشكەوتى شانیدار لە دامێنى چیاى برادۆست و مێژووەكەشى بۆ (12000) ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. گوندەكەش گوندێكى كشتوكاڵى بووە و تێیدا دانیشتوانەكەى (گەنم و نیسك)یان چاندووە و (مەڕ و بزن)یان بەخێو كردووە. هەروەها لە (10) ماڵ پێكهاتووە، كە پێدەچێت (30) كەسى تێدا ژیابێت.

وەك دەركەوتووە، خانووەكانیشی لەسەر زەوی دروست نەكراوە، بەڵكوو لە دامێنى چیاكە زەوییەكانیان بە ئەندازەی یەك ژووری بچووك چاڵ كردووە و دواتر سەرەكەیان بە دار و گڵ گرتووە، تا لە شێوەى تەپۆڵكەیەك بێتە بەرچاو و بەفر و باران و ئاژەڵى دڕندە تێكى نەدەن. هەروەها لە ڕێگای كونێكى بچووكەوە و بە شێوەی لا، خەڵكەكەى چوونەتە ناو چاڵەكەوە، بۆ پشوودان و خەوتن.

2- گوندى بێستانسوور: گوندێكی نزیك (27 كم) باشووری خۆرهەڵاتى شاری سلێمانییە و یەكێكە لە كۆنترین گوندە كشتوكاڵییەكانی كوردستان. ئەم گوندە ساڵى (1947ز) لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری عێراقی وەك گردێكى شوێنەوارى ناسێنرا، بەڵام لە ساڵى (2012ز) و بەهۆی تیمێكی شوێنەوارناسی ئەورووپایى، كە پێكهاتبوون لە (ڕۆجەر ماتیۆس، وێندى ماتیوس) دەركەوت گوندێكی كشتوكاڵییە و مێژووەكەی بۆ (8000) ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. وەك دەركەوتووە، خەڵكى ئەم گوندە كشتوكاڵیان كردووە و (گەنم، جۆ، نیسك، نۆك)یان چاندووە و (مەڕ، بزن)یان بەخێو كردووە و خانووەكانیان لە قوڕ و بەرد دروست كردووە.

3- گوندی چەرمۆ: دەكەوێتە (11 كم) خۆرهەڵاتی شاری چەمچەماڵ و نزیكەی (800م) لە ئاستى ڕووی دەریاوە بەرزە. بۆ یەكەمین جار و لە ساڵى (1940ز) بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری عێراقی شوێنەوارەكەى دۆزییەوە، بێ ئەوەی هیچ كارێكی تێدا بكات، تا لەنێوان ساڵانى (1948- 1955ز)، (ڕۆبرت بریدۆد، شوێنەوارناسی ئەمریكی و مامۆستای زانستی شوێنەوار لە زانكۆى شیگاگۆى ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كنینە و پشكنینى تێدا كرد. دواى هەوڵێكى زۆر گەیشتە ئەوەی، كە بەر لە (7090) ساڵ پێش دۆزینەوەكە ئاوەدان بووە و مرۆڤى تێدا ژیاوە.

ئەوەشی بۆ ساغ بووەوە، كە گوندێكى كشتوكاڵى بووە و لە (30) ماڵ پێكهاتووە و (150) كەسی تێدا ژیاوە. واتە دانیشتوانەكەی (150) كەس بوون. خەڵكى گوندەكەش دانەوێڵەكانی وەك (گەنم، جۆ، نیسك)یان چاندووە و بایەخیان بە درەختی (بەڕوو و فستق) داوە و (مەڕ، بزن، بەراز)شیان بەخێو كردووە. ئەمەو لە دۆزراوەكانی ئەم گوندەدا ئەوە دەركەوتووە، كە دانیشتووانەكەی ڕستن و چنینیان زانیوە و (سەگ و پشیلە)شیان ماڵیى كردووە. هەروەها دەركەتووە، كە لەم گوندەدا (تەنوور) هەبووە.

ئەوەش بە قۆناغێكی پێشكەوتنی مرۆڤ ناسراوە، کە (تەنوور) بۆ برژاندنى (نان) بەكار هێنراوە. بەپێى دۆزینەوەكانی (ڕۆبرت بریدۆد)یش، خانووەكانى چەرمۆ لە (دوو) ژوور و بەرهەیوانێك پێكهاتوون و سەربانی خانووەكان گڵ بوون و گوێسەوانی هەبووە. هەروەها لە بەشى سەرەوەی هەر ژوورێكیش كونێكی بچووك لە شێوەی پەنجەرە هەبووە. دەرگاى ژوورەكانیش بۆشاییەكی باریك و بەرز بووە بە ڕووی هەیوانەكەدا، تا ئەندامانی خێزانەكە بەشێوەی لا هاتوچۆ بكەن.

وەك دەركەوتووە، بوونى كونێك وەك پەنجەرە لە بەشى سەرەوە و بە ڕووی دەرەوەی ژووەكان بۆ ئەوە بووە، تا ڕووناكی بگاتە ژوورەكان. هەروەها بوونى بۆشاییەكی باریك و بەرز وەك دەرگا، سەرباری بۆ ئەوەی بۆ چوونە ژوورە بەكار هاتووە، مەبەستێكی تریشی هەبووە، تا ئاژەڵە دڕندەكان نەڕۆنە ژوورەوە و زیان بە ئەندامانی خێزانەكە نەگەیەنن. خانووەكانیش لە خشت و قوڕ و خشتەكانیش لە قوڕى سوور دروست كراون، تا بە شێوەى تاك و کۆ دابنرێن و دیواری ماڵەكان دروست بكەن، بۆ ئەوەی نەڕووخێن.

ئەوەش جۆرێك بووە لە ئەندازەی بیناسازی، كە بۆ ئەو سەردەمە، زۆر گرنگ و جێی بایەخ و وەك دۆزینەوەیەكی ئەندازیارى و بیناسازی وا بووە. ئەمەو بڕوا وایە، (ئافرەت) لەو گوندەدا گەورەی خێزان و دۆزەرەوەی دانەوێڵەكان بووە و لە مێژووشدا ئەم قۆناغە بە (قۆناغی دایكسالاری) ناسراوە، چونكە دەسەڵاتى خێزان بە دەست (ئافرەت)ەوە بووە.

لە كۆى ئەوانەشدا دەگەینە ئەوەی، كە نموونەی دۆزراوەی ئەم (سێ) گوندە بەڵگەی ئەوەیە، كە كوردستانى كۆن وێستگەیەكی ترى ژیانی پێدا تێپەڕیوە و كۆنى و ئاستی پێشكەوتنی شارستانییەتی كۆنی كوردستانى سەلماندووە.