قەرزێك لەنێوان شكور مستەفا و محەمەدی مەلا كەریمدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

قەرزێك لەنێوان شكور مستەفا و محەمەدی مەلا كەریمدا

كۆمەڵە چیرۆكی (شكانی زێ) لە ڕەقابە سەدان وشە و چەندان لاپەڕەی لێ حەزف كرابوو.
من نازانم چۆن دەستم بە نووسین كرد، بۆ چیرۆكیش هەر لەبیرم نییە، وەختێك زانیم كۆمەڵە چیرۆكێكم هەیە، بێنیاز لە دەفتەرێكی شینمدا نووسینەوە، كە بەرگەكەی پڕ لە دروشمی حزبی بەعس بوو. هەر ئەوەندەی لە نووسینەوەیان بوومەوە، كێچ، كێچێكی گەورە كەوتە كەوڵمەوە.

- دەبێ چاپیان كەم.
ئەوە قسەیەكی زۆر گەورە بوو بۆ من. دەبێ چیرۆكەكانم چاپ كەم، واتا كتێبی تایبەت بە خۆم هەبێ. ترسێك چووە دڵمەوە، بۆچی من مەولەویم؟ بۆچی من بێسارانیم؟ ئەرێ من گۆرانم؟ من محەمەد مەولوود مەمم؟ بۆچی من حەمەفەریق حەسەنم چیرۆك و كتێب بڵاو بكەمەوە؟ زۆرم سەیر بە خۆم دەهات خۆم بخەمە ڕیزی كەس نا، ڕیزی حەسەن قزڵچییەوە؟

خۆم لەو هەموو تانانەی عەقڵم بوارد و دوای دڵم كەوتم. دەفتەرە شینەكەم خستە ناو جانتا و خۆت بگرە بەغدا وا هاتم. لەبیرم نییە چۆن چوومە بەغدا و چۆن داومەتە برادەرانی ڕەقابە.
- یەكەم چیرۆكی ئەو كۆمەڵەیەم لە ١٩٨٤ نووسیوە و دوا چیرۆكیم لە مانگی ئاب و ئەیلوولی ١٩٨٩ نووسیوە، بەڵام وا دیارە ساڵی ١٩٩٠، یان كۆتایی ١٩٨٩ تەسلیمی ڕەقابەم كردووە.

- چەندجار سۆراغیم كرد، جارێكیان پیاوێكی كورد، كە دیار بوو نووسەر و ئەدیبانی دەناسی، هەر لە حەوشەی (دار الثقافە و النشر الكوردیە) دیتم و پرسیاری دەفتەرەكەم كرد، ئەویش گوتی:
- لێرە تەواو بووە، بڕۆ ئەوبەر، كۆڕی زانیاریی كورد، ناردوومانە بۆ ئەوێ.
منیش پرسیم:
- لەوێ لە كێ بپرسم؟
ئەو گوتی:
- محەمەدی مەلا كەریم.

هاتمە دەرێ و دەوری نیوەڕۆ بوو، هەتاوی ستوونی سێبەرەكەمی هێندەی دیكە بچووك كردبووەوە، بە خۆم گوت: ”فندەگولە تۆ و محەمەدی مەلا كەریم كوجا مەرحەبا. ئەو پیاوە زانا و دانا و بەئەزموونە لە كوێ و تۆ لە كوێ؟“، بەڵام هەر چووم.
-لەبیرم نییە بەردەگاكەی كەسی لێ بووبێ، تووشی كەس نەبووم، حەوشەكەش كەسی لێ نەبوو، دەمویست كەسێك ببینم و پرسیارێكی لێ بكەم.. نا كەس نییە.

- ڕاڕەوێكم گرت و بە دەستە ڕاستدا چووم، لە ناوەندی ڕاڕەوەكە دەرگای ژوورێك كرابووەوە، پیاوێكی سووروسپی لەپشت مێزێك دانیشتبوو قسەی بۆ كەسێك دەكرد، كە بەرامبەری بوو. هێواش لە دەرگام دا. پیاوەی پشت مێزەكە ڕووی تێ كردم و گوتم:
- جەنابی مامۆستا محەمەدی مەلا كەریمم دەویست.
فەرمووی:
- ژووری خوارتر.

منیش بە داڵانەكەدا چوومە خوارێ، دوو دەرگای دیكەی لێ بوون، هەردووكیان داخرابوون. گەڕامەوە و شەرمم كرد بەو پیاوە بەویقارەی پشت مێزەکە بڵێم مامۆستام دەست نەكەوت، ئەویش هێشتا قسەی دەكرد، ڕاست تێ پەڕیم.
ماوەیەك تێپەڕی و ڕێم كەوتەوە بەغدا، دیسان درەنگی نیوەڕۆ بوو، دیسان هەمان ڕاڕەو، دیسان چوومە خوارێ، دیسان هەمان پیاوی سوورە، تەنیا ئەوەندە كەسەكەی بەرامبەری یەكێكی دیكە بوو. ئەو جارە پرسیارم لێ نەكرد و ڕاست تێ پەڕیم بەرەو دوو ژوورەكەی خوارتر، دیسان داخرابوون.

گەڕامەوە لەبەردەم ژوورەكە وەستام و لە مامۆستام پرسی:
- ژوورەكەی جەنابی كاكە حەمە داخراوە.
ئەویش گوتی:
- ئیشی چیت پێی بوو؟
منیش گوتم:
- كۆمەڵە چیرۆكێكم لە دەفتەرێكی شیندا دابووە ڕەقابەی، دەڵێن لای ئەوە.
ئەویش یەكسەر پرسی:
- شكانی زێ؟
سەرسام بووم، وەك كەسێك هەموو نهێنیی ژیانی منی زانیبێ، گوتم:
- بەڵێ.

چەكمەجەیەكی ڕاكێشا و دەفتەرە شینی دەرهێنا و دایمەوە، منیش لە شەرمان، كە ئەو پیاوە گەورە ئەو چیرۆكە هیچانەی منی خوێندووەتەوە، ڕاست لێم وەرگرت و ڕۆیشتم. تۆزێك لە كۆڕی زانیاریی كورد دوور كەوتمەوە، لەژێر پردێك لەسەر شۆستەكە دانیشتم و دەفتەرەكەم كردەوە. لە زۆر جێگایان هێڵی ڕاست و چەپ و خەتخەتۆكە و زەڕب لە لاپەڕەكان درابوون، لە زۆر شوێن نووسرابوو حەزف. زۆر دڵم شكا و بێزار بووم، نازانم بۆ ئیرادەم بەهێز بوو، كە غەدر لە وشە و چیرۆكەكانم كراوە، هەر بەردەوام بووم لە هەڵدانەوەی لاپەڕەكان، لە دوا لاپەڕە بە خەتێكی سوور نووسرابوو:
- ئافەرین.... بۆ ئەو زمانە شیعرییەت، نووسینەكانی یەشار كەمالم دێننەوە پێش چاو.....

دڵشكان و خەتخەتێن و حەزفی لاپەڕەكانم لەبیر چووەوە، دەفتەرە ڕووحەكەم لەبن باڵم نا و تا گەیشتمەوە شوێنی خۆم، نۆ جاری دیكە لەسەر شۆستەی شەقامەكان دانیشتم و ئەو دوو دێڕەم دەخوێندەوە و پڕ بە دڵ سوپاسی محەمەدی مەلا كەریمم دەكرد، ئاخر ئەوە شانازییەك بوو زەحمەت دەست دەكەوێ.

ساڵانێكی زۆر بەسەر حیكایەتی دەفتەرە شیندا تێپەڕی، ڕۆژێك دۆستان گوتیان، مامۆستا شكور مستەفا لە بەغداوە تەشریفی هێناوەتە هەولێر و ئێستا لە ئوتێلێكە لە مەسیف سەڵاحەدین، گوتم با بچین سەردانێكی بكەین، چووین و لە هۆڵێكی گەورە لەسەر كورسییەك لەدەوری دانیشتین.

- من مەلا شكورم لەناو كتێب و ڕستەدا دەناسی و هەرگیز نەمدیبوو، تەماشا دەكەم ئەوە هەر هەمان مامۆستای سووركارەیە، كە لەپشت مێزەكە دانیشتبوو، قسەی بۆ كابرای بەرامبەری دەكرد و ژووی كاكە حەمەی پیشان دام، پێم گوت:
- مامۆستا جارێكی دیكە بە خزمەتتان گەیشتووم.
پرسی:
- لە كوێ؟

منیش چیرۆكەكەم هەمووی بۆ گێڕایەوە، دواجار گوتم:
- داخی ئەوەم ناچێ، لەو كاتەوە دەمەوێ جەنابی كاكە حەمە ببینم، بۆ ئەوەی سوپاسی بكەم.
مامۆستا مەلا شكور زۆر پێكەنی و گوتی:
- كوا كاكە حەمە....، كاكە حەمە ئەو چیرۆكانەی هەر نەدیوە، ئەوە من ئەو دوو ڕستەم بۆ نووسیبووی.
گوتم هەی سەلامەت بیت، ئەوە من پازدە ساڵە خۆم بە قەرزداری كاكە حەمە زانیوە.