وەقفی مەسیحیی عێراق: لە کاتی سەردانەکەی پاپا رێکاری ئەمنیی زۆر توند دەگیرێتە بەر
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەقفی مەسیحیی عێراق: لە کاتی سەردانەکەی پاپا رێکاری ئەمنیی زۆر توند دەگیرێتە بەر

دیوانی وەقفی مەسیحیی عێراق رای دەگەیەنێت، لە کاتی سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، رێکاری ئەمنیی زۆر توند دەگیرێتە بەر.

بڕیارە لە رۆژانی 5 تا 8-3-2021، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.

مارتن هورمز، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دیوانی وەقفی مەسیحی لە عێراق، بە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە، ”بە دووری دەزانم“ لەکاتی سەردانەکەی پاپا فرانسیس، قەدەغەی هاتوچۆ لەو پارێزگایانە رابگەیەندرێ، کە سەردانیان دەکات.

مارتن هورمز هەروەها رای گەیاندووە، لە کاتی سەردانە ”مێژوویی“ـەکەی پاپای ڤاتیکان و چوونی بۆ پاریزگاکاندا، رێکاری ئەمنیی زۆر توند دەگیرێتە بەر.

ئەو بەرپرسەی دیوانی وەقفی مەسیحی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حکوومەتی عێراق تیمی پاسەوانیی پاپا فرانسیس دیاری دەکات و هێزێکی عێراقی دەیپارێزێت.

بەرنامەی کاری سەردانەکەی پاپا:

- رۆژی 5-3-2021 دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێ لەگەڵ مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ دەبێتەوە.

- رۆژی 6-3-2021 سەردانی نەجەف دەکات و لەگەڵ ئایەتوڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆ دەبێتەوە و دواتر سەردانی شوێنەواری ئور لە پارێزگای زیقار دەکات.

- رۆژی 7-3-2021 لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و هەر لە فڕۆکەخانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

- هەر هەمان رۆژ سەردانی مووسڵ دەکات و دواتر دەچێتە ناوچەی قەرەقۆش و دواتریش دەگەڕێتەوە هەولێر.

- ئێوارەی ئەو رۆژە لە یارگای نێودەوڵەتیی شەهید فرەنسۆ هەریری قەداسێک ساز دەکات.

- دوای قەداسەکە لە هەولێر، دەگەڕێتەوە بەغدا و رۆژی دواتر (8-3-2021) دەگەڕێتەوە ڤاتیکان.