كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

راپەڕین.. هەڵمەتێکی دیکەی ڕۆکردنی خۆراک بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێ دەکات

 ژینگەپارێزانی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، هەڵمەتێک بۆ رۆکردنی خۆراک بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان لە بەرزاییەکانی سنوورەکە لە وەرزی بەفربارین دەست پێ دەکەن.

ئومێد ڕەسووڵ، سەرۆکی ڕێکخراوی خۆبەخشی چەتری هەمووان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "رێکخراوەکەمان بە هاوکاری و پشتیوانیی خۆبەخش و ژینگەپارێز و ئاژەڵدۆستانی سنوورەکە، لە پێناو رزگارکردنی باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان لە برسێتی، چالاکیی رۆکردنی خۆراک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوورەکەمان دەست پێ دەکەینەوە کە خۆراکەکە پێک هاتووە لە گەنم و جۆ و سەرجەم دانەوێڵەکان بە وردە نانیشەوە گونجاون بۆ باڵندەکان و دەکرێ چالاکوانان هاوکارمان بن لە کۆکردنەوەی دانەوێڵە ئەگەر بە بڕێکی کەمیش بێت".

گوتیشی: "ئەمڕۆ دەست بە چالاکییەکانمان دەکەین و هەر کەسێک ئارەزوومەندە و مەبەستیەتی بەشداری لەم چالاکییەدا بکات، دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بکات و چالاکییەکەشمان رۆکردنی دانەوێڵە و خۆراک دەبێت لە چەند شوێنێکی شاخاوی لە دەڤەرەکەدا، ئەو شوێنانەی کە بەھۆی بەفرەوە دەستکەوتنی خۆراک بۆ گیاندار و باڵندە کێوییەکان ئەستەمە".