گەورەترین کاروانسەرای رۆژهەڵات کراوەتە هوتێل
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گەورەترین کاروانسەرای رۆژهەڵات کراوەتە هوتێل

 

شاری بێستوون کەوتووەتە 30 کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی کرماشان و پاڵی داوە بە کێوی بێستوونەوە. ناوبانگی کێوی بێستوون و شاری بێستوون بۆ گەورەترین بەردەنووسی جیهان لەسەر ئەو کێوە دەگەڕێتەوە، کە یەکێکە لە شوێنەوارە ناسراوەکانی کوردستان و جیهان. لەپاڵ ئەم شوێنەوارە، کاروانسەرای عەباسی دروست کراوە، کە گەورەترین کاروانسەرای کرماشان و رۆژهەڵاتی کوردستانە و مێژووی دروستکردنی بۆ سەردەمی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە.

دیواری کاروانسەراکە لە دەرەوە و ناوەوە بەردچن کراوە و لەسەر بەردەکان خشتیان داناوە. دەروازەی رۆیشتنە ناوەوەی کاروانسەراکە کەوتووەتە بەشی باشوور و لە هەرلایەکەوە حەوت تاقی بۆ دروست کراوە. تاقەکان بە تاقێکی گەورەی گومەزی شکڵیی هەشت گۆشەیی وەک ئەستێرەی هەشت پەڕی سەر مافووری کوردی گرێ دراون. لەپاڵ ئەو گومەزە هەشت پەڕییە، دوو هەیوان دروست کراون، کە هەرکامەیان سێ دەروازەی رۆیشتنە ناوی بۆ حەوشی کاروانسەراکە هەیە.

لە هەر گۆشەیەکی ئەم کاروانسەرا شەش هەزار مەترییە، شەش ژوور بۆ حەسانەوە و خەوتن هەن. لەبەرامبەر دەوازەی رۆیشتنەناو، هەیوانی شانشین دروست کراوە و لەپشتەوەی ژوورەکانیش ژمارەیەک گەوڕ بۆ بەخێوکردنی ئەسپ و هێستر هەن.

ئەم کاروانسەرایە بە فەرمانی شا عەباسی یەکەم دروست کراوە و لە سەردەمی شاسلێمان و دەسەڵاتداریی شێخ عەلی خانی زەنگەنە نۆژەن کراوەتەوە. لە سەردەمی ناسرەدین شا بۆ جارێکی دیکە نۆژەن کراوەتەوە و ئێستایش وەکوو هوتێلی نێودەوڵەتیی لالەی بێستوون بە رووی گەشتیاران کراوەتەوە و لە یەک کاتدا دەتوانێ 100 میوان لەخۆ بگرێ و خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت.