ئامادەكارییه‌كانی پڕۆژه‌ بودجەی 2021ی هەرێمی كوردستان هه‌ڵسه‌نگێندرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئامادەكارییه‌كانی پڕۆژه‌ بودجەی 2021ی هەرێمی كوردستان هه‌ڵسه‌نگێندرا

 وەزارەتی پلاندانان و دارایی هەرێمی كوردستان، بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و دووپات كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ كراوه‌.

بە پێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئەمڕۆ یەکشەمە 21/2/2021 کۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان بەڕێوە چوو.

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا ئاماژە بەوە كراوە، لەو کۆبونەوەیەدا كە بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی پرۆژەکان و بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی ئامادەی بوون، "هەڵسەنگاندن بۆ ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی كوردستان كراوە، کە هەردوو وەزارەت لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ تەواوی وەزارەت و دامەزراوەکان بۆ دیاریکردن و پێشنیازکردنی داهات و خەرجییەکانیان وتووێژیان كردووە".

ئەوەش خراوە تەڕوو، لە بەشێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتی هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان گفتوگۆی لە بارەوە کراوە و تێبینی و سەرنجەکان خراونەتە ڕوو.

ڕاگەیەندراوەكە، ئه‌وه‌شی دووپات كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ وەزیری پلاندانان جەختی کردەوە، پێویستە بە گوێرەی ئەو رۆژژمێرەی بۆ پڕۆژەیاسای بودجە ساڵی 2021 دیاری کراوە، تەواو بکرێت و ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

پێشتر، زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاندبوو: "خشتەیەكی كارمان داناوە بۆ ئەوەی ئامادەكارییەكان تەواو بكرێن و بەپێی خشتەی ڕۆژژمێری بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان و لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران، دەست بە گفتوگۆی چڕتر كراوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، تاکوو بتوانین بە پێی ئەو خشتەیەی دانراوە كارەكانی پڕۆژه‌بودجە تەواو بكەین".

بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوەش دابوو:"هەوڵ هەیە تا مانگی ئاداری داهاتوو، بودجە ئامادە بێت و پلانمان هەیە لە كۆتایی مانگی شوباتدا رەشنووسی بودجەی 2021 ئامادە بكرێت، دواتر ئەنجوومەنی وەزیران پەسندی بكات و بۆ پەسندكردنی ڕەوانەی پەرلەمان بكرێت".

ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، كه‌ لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن بکرێ یان نا، هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بودجەی خۆی دەبێت.