وەزیری دەرەوەی ئێران: بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن ئامادەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزیری دەرەوەی ئێران: بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن ئامادەین

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران رای دەگەیەنێت، وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن، ئامادەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21-2-2021، محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاندووە، پەیامی وڵاتەکەی لەبارەی شەڕی یەمەنەوە، بە مارتن گریفیس، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن، گەیاندووە.

محەمەدجەواد زەریف هەروەها رای گەیاندووە، ئێران ئامادەی هاوکارییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆیی یەمەن.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە وڵاتەکەی نایەوێ دەست بەسەر یەمەندا بگرێت و ئەگەر ئەمەریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعوودیە  دژی حوسییەکان رابگرێت، ئەوا ئێرانیش پاڵپشتییەکانی بۆ حوسییەکان رادەگرێت.

.ئێران بە ناردنی چەک و هاوکاریی دارایی، پاڵپشتیی میلیشیای بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن دژی حکوومەتی شەرعیی ئەو وڵاتە دەکات.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعە مەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماددی، مەعنەوی و لۆجیستی، هاوکارییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.