كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

تەندروستیى هەولێر: پێشبینیى بەرزبوونەوەى ڕێژەى تووشبوونى زیاتر به‌ كۆرۆنا دەکەین

 بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستیى هەولێر ڕای گەیاند، دواى دەرچوونى پشکنینەکانى گومانلێکراوانى تووشبوون بە جۆره‌ نوێیه‌كه‌ی کۆرۆنا، ئەنجامەکان پۆزەتیڤ بوون.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21/2/2021، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا، د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیی تەندروستیى هەولێر، ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند، كه‌ پێشبینى دەکەن ژمارەى تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرز بێتەوە، چونکە پێشتر ڕۆژانە 10 تا 15 تووشبوومان هەبوو، بەڵام ئێستا ڕؤژانە نزیکەى 50 حاڵەتى کۆرۆنا تۆمار دەکرێت.

لە بارەى تووشبوون بە جۆره‌ نوێیه‌كه‌ی کۆرۆنا، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستیی هەولێر، گوتى: ئەوانەى تووشى کۆڤید 19 دەبن، جارێکى دیکە پشکنینیان بۆ دەکرێت، هەروەک ئەوەى کە لە دوو ڕۆژى ڕابردوو پێنج کەسی گومانلێکراو بە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دواى پشکنینى ورد، دەرکەوت ئەو پێنج کەسە هەڵگری ڤایرۆسی کۆڤید 20ـن، هەموویان دانیشتووى ناو شارى هەولێرن و تەمەنیان لە نێوان 20 تا 40 ساڵاندایه‌ و لە هەردوو ڕەگەزى نێر و مێیان تێدایە. ئەو ڤایرۆسەش لە جۆره‌كه‌ی پێش خۆی خێراتر بڵاو دەبێتەوە و ئێمەش بە هەمان ڕێوشوێنى پێشووتر بەرەنگارى ئەو ڤایرۆسە دەبینەوە.

ئاشكراشی كرد، كه‌ نەخۆشخانەیەکى تایبەت بە چاودێریی چڕ کە توانای له‌خۆگرتنی 40 نەخۆشی هه‌یه‌، لەم هەفتەیەدا دەکرێتەوە، داواش لە هاووڵاتیان ده‌كه‌ین، ڕێکارەکانى خۆپارێزى فەرامۆش نەکەن.

له‌ باره‌ی ڕه‌وشی قوتابخانه‌ و پرۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌، گوتی: ئێمە چاودێریی قوتابخانەکان لە پاراستنى دۆخی تەندروستى دەکەین و بەردەوام چاودێریی ورد دەکەین، بەردەوام پشکنین ئەنجام دەدرێت و قوتابخانەى سنوورى بنکە تەندروستییەکان بەردەوام لەو بنکانە پشکنین ئەنجام دەدەن، ئەگەر ئەو ژمارەیەى هەیە بەرزتر نەبێتەوە لە تووشبوونى ڕۆژانەى هاووڵاتیان بەو ڤایرۆسە، ئەوا ڕێکارەکانمان تەنیا وه‌كوو خۆی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبین لە چاودێری و چارەسەر و هاندانى هاووڵاتیان بۆ خۆپارێزى.