بریكاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، زیاتر لە 19 ملیار دینار بۆ کرێی خوێندنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی خەرج دەکرێت.
بەرەڤان حەمدی، بریكاری وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "خەرجکردنی پارە و قەرزی کرێی خوێندنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی بەپێی ڕێنوێنیی خوێندن و تەرخانکردنی پارە لە وەزارەتی دارایی، خەرج دەکرێت".
گوتیشی: "وەزارەتی دارایی به مەبەستی دانەوەی قەرزی كرێی خوێندنی كوڕ و كچی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانییانی سیاسی بۆ سێ ساڵ، ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بڕی 19 ملیار و 686 ملیۆن دینار و 472 هەزار دینار داوە".
ئەو پارەیەی خەرج دەکرێ، ساڵەكانی خوێندنی (2016-2017)، (2017-2018) و (2018-2019) دەگرێتەوە.
بریکاری وەزارەتی شەهیدان جەختی لهوهش کردەوه، ئەو پارەیەی تەرخان کراوە، لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بە وەزارەتی شەهید و ئەنفالكراوان دەبێت.
داماو محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدانی هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "كرێی خوێندنی كوڕ و كچی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، قۆناغ بە قۆناغ دەبێت، لە وەزارەت لێژنەیەک پێک هاتووە، ئەم هەفتەیه کۆبوونەوە دەکەین و میکانیزمی خەرجکردنی پارەکە دادەندرێت".
باسى لهوهش كرد، خەرجکردنی پارەکە دەکەوێتە نێو مانگی ئادار، دهشڵێت: "بەگشتی بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دوو ملیار دیناری بۆ قوتابییه جیاكراوهكان (موتەفەریقە)، واته ئەوانەی درەنگ مامەڵەیان کردووە، 17 ملیاریش دینارهكهى دیكهش بۆ ئەو قوتابییانەیە، کە پێشووتر مامەڵەیان کردووە".
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدانی هەولێر جهختى لهوهش كردهوه، خەرجکردنی پارەکە بەپێی پسوولەی شوێنی خوێندن دەبێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ڕێنوێنییهكانى دارایی و ئەو داشکانانەی خوێندن کە کراون.