گرووپی شاخەوانیی قەڵادزێ کە ماوەی ساڵێکە دامەزراوە و جیاوازیی ئەو گرووپە لە گرووپەکانی دیکە ئەوەیە کە لە کاتی گەشتەکانیدا بەڕوو دەچێنن و کچانی شارەکەش ڕۆڵێکی کارایان لە چالاکی و گەشتە شاخەوانییەکانی گرووپەکەدا هەیە.
محەمەد چاوشین، ئەندامی دامەزرێنەری گرووپەکە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "دوێنێ گرووپەکەمان لە گەشتی ھەفتانەی خۆیدا بۆ شاخەوانی زنجیرە چیاکانی بناری قەندیل و مامەندەمان ھەڵبژارد و لە کەشێکی بەفراویدا گەشتێکی شاخەوانیمان کرد، ھەر جارێک لە گەشتەکانماندا چالاکیمان دەبێت و زۆر جار بەڕوو دەچێنین، لە ھەر گەشتێکیشماندا ژینگە ئەو ناوچەیە پاک دەکەینەوە کە گەشتی بۆ دەکەین".
ڕاشی گەیاند: "ئەوەى مایەى خۆشحاڵییە، لە چوارچێوەى گرووپى شاخەوانیى قەڵادزێدا، ژمارەیەکى زۆر لە کچانى شارەکە بەشدارن و خاوەنى توانایەکى جەستەیى، دەروونى و هزریى زۆر باشن و هەموویان خەڵکى تێگەیشتوو و پێگەیشتوون، ژمارەی ئەندامانیشمان بەپێی گەشتەکان دەگۆڕێت
محەمەد چاوشین گوتیشی: "هەر کەسێک ئارەزووی شاخەوانیى هەبێت، دەتوانێت ببێتە ئەندام لە گرووپەکەماندا، بەڵام پێویستە تواناى جەستەیى و دەروونیى باش بێت و ڕێز لە ژینگەى کوێستانەکان بگرێت، کەلوپەل و پێداویستییەکانى وەرزشى شاخەوانی هەبێت، گیانى هاوڕێیەتى و تەبایى ناو گروپەکە بپارێزێت، بە بڕیارەکانى گرووپەکەوە پابەند بێت".