هەرێمی کوردستان.. لە ساڵی 2020دا 100 کۆمپانیا لەبەر باجنەدان سزا دراون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

هەرێمی کوردستان.. لە ساڵی 2020دا 100 کۆمپانیا لەبەر باجنەدان سزا دراون

بەڕێوەبەری گشتیی باج لە هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی سەرپێچییان لە ڕێنماییەکانی تایبەت بە پێدانی باج کردووە، تەنیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا 100 کۆمپانیا دراونەتە دادگا و سزا دراون.

کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەجددی کار لەسەر ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ بەتایبەت باج لە هەرێمی کوردستان دەکات و تەنیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا 100 کۆمپانیامان ڕووبەڕووی دادگا کردووەتەوە و سزامان داون بەهۆی ئەوەی سەرپێچییان لە ڕێنماییەکانی تایبەت بە پێدانی باج کردووە، سزاکانیش پێک هاتوون لە ڕێگریکردن لە گەشتکردنی ئەو کۆمپانیایانەی کە سەرپێچی دەکەن و باج نادەن، سزاکانی تریش بەپێی ماددەکانی 51 و 55 لە یاسای باج جێبەجێ دەکرێن، هەروەها سزای ترمان هەیە کە ئەو کەسانە دەدرێن بە دادگا و لەوێ سزا دەدرێن بەپێی یاسا".


ڕاشی گەیاند: "لە هەرێمی کوردستان 30 هەزار کۆمپانیامان هەیە کە تۆمار کرابن لە وەزارەتی بازرگانی، بەڵام لای ئێمە ئەو ڕێژەیە تۆمار نەکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەدواداچوونێکی ورد نییە بۆ ئەو کۆمپانیایانە بەشێکی زۆریان ساڵانە باج نادەن و خۆیان دەدزنەوە، بەپێی یاساش ئەو کۆمپانیایانەی کە بەشێوەیەکی کاتی و بۆ یەک کار دروست کراون دەبێت ناویان بسڕدرێتەوە بۆ ئەوەی ساڵانە باجیان لێ وەرنەگیرێت، چونکە ئەو کۆمپانیایانەی کە لە هەرێمی کوردستان جووڵەی بازرگانییان هەیە ژمارەیان لە 10 هەزار کۆمپانیا تێپەڕ ناکات، بۆ ئەو مەبەستەش چاکسازییەکی تایبەت بۆ ڕێکخستنەوەی باج و داهاتەکان لە هەرێمی کوردستان جێەجێ دەکرێت و هەر کۆمپانیایەک بە هەر هۆکارێک باج نەدات سزا دەدرێت".