كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 20/02/2021

دەبێ لە (دارا دوو داری دی)یەوە گفتوگۆتان لەگەڵ بكرێت

لە قۆناغی یەكی سەرەتایی خوێندنەوە بۆ ئەوەی فێری چۆنێتیی بەكارھێنانی پیتی (د) بووبووینایە لەنێو وشەدا، لە كتێبەكەی مامۆستا ئیبراھیم ئەمین باڵداردا وانەی (دارا دوو داری دی)یان پێ دەگوتین. ئەوانەی كە چەند ڕۆژێكە بە چاك و خراپ ھەڵدەكوتنە سەر دەسەڵاتی دادوەریی ھەرێم و بەتایبەتییش یەكێك لە دادگاكانی ھەولێر، وەھای دەبینم كە بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بابەتانە فێری قسە و لێدوان و نووسین بن، پێویستیان بەوە بێت كە سەبارەت بەو كەیسە، لە (دارا دوو داری دی)ی ناو دنیای ڕۆژنامەوانیەوە لەگەڵیان دەست پێبكەیت و سەرلەنوێ بەم پرسیارە دەست پێبكەین: ئایا كێ ڕۆژنامەنووسە یان ڕۆژنامەنووس كێیە؟

بەقەدەر ئەوە كە سەرم لێی دەردەچێت و بەبێ پێچ و پەنا و لۆف و بلۆف، ڕۆژنامەنووس ئەو كەسەیە كە لە سەرچاوەی ناسراو و زانراوی پەیوەند بەو بابەتە، زانیاری لەسەر ئەو بابەتانە كۆ دەكاتەوە كە بەلای خەڵكەوە گرنگن و ئینجا ئەو زانیاریانە بە شێوەی ھەواڵ یان ڕاپۆرتەھەواڵ یان ھەر كارێكی تری ڕۆژنامەوانی، بڵاو دەكاتەوە. ئینجا من لێرەدا چەند پرسیارێك دەكەم:

1- ئەوانەی كە ئێستا گوایە بە ناوی (ڕۆژنامەوان)ەوە حوكم دراون و ھێشتاش ئەم حوكمە پلەی كۆتایی خۆی وەرنەگرتووە و دادگای تێھەڵچوونەوە ھیچی لەبارەوە نەگوتووە، ئایا ئەوانە ڕۆژنامەنووس بوون؟

2- ئەگەر ڕۆژنامەنووس بوون، ئایا ئەو زانیاریانە كامانە بوون كە بەلای خەڵكەوە گرنگ بوون و لە سەرچاوەی دیار و ناسراو و زانراوەوە كۆ كراونەتەوە و پشتڕاست كراونەتەوە؟

3- ئەگەر ڕۆژنامەنووس بوون، ئەو بابەتانەیان لە چ كەناڵێكی ڕاگەیاندندا بە ئەمانەت و ڕاستگۆیی و بابەتیانە بڵاو كردووەتەوە؟

4- ئەگەر ڕۆژنامەنووس بوون، لە چ كەناڵێكی ڕاگەیاندن كار دەكەن، یان ھیچ نەبێت بۆ چ كەناڵێكی ڕاگەیاندن ئەم كارەیان كردووە؟ بۆ ڕۆژنامەی (لۆمۆند)ی فەرەنسی یان (گاردیان)ی بریتانی یان (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی؟ بۆ CNN یان CBS یان BBC؟ بۆ (ڕۆیتەرز) یان (سپۆتنیك) یان (دۆیچە ڤیللە)؟

5- ئەگەر وەڵامی ئەو چوار پرسیارەی پێشەوەمان دەست نەكەوت و ئەوانە ھەر بەتەنیا زانیاریان كۆكردووەتەوە بەڵام بڵاویان نەكردووەتەوە، ئایا ئەم زانیاریانەیان بۆچی و بۆ كوێ ویستووە؟ ئەی ئەوانەی زانیاریەكانیان بۆ نێردراوە، ئەوان ئەم زانیاریانەیان بۆچی بووە؟

ڕۆژنامەنووس جیاوازیی زۆرە لەگەڵ كادری سیاسی و ئەوانەی زانیاری كۆدەكەنەوە بەڵام بڵاوی ناكەنەوە! سەرنووسەری ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمەریكی، بەشداریی لە ھەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمەریكادا نەكرد و نەچوو بۆ دەنگدان، چونكە دەیگوت ڕۆژنامەنووس دەبێت لەڕووی سیاسییەوە بێلایەن بێت و حەقی بەسەر ئەوەوە نەبێت كێ بكرێتە سەرۆكی ئەمەریكا و ئەمە كاری ڕۆژنامەنووس نیە!

واتە ئەوە ھەر دادگاكان و دەسەڵاتی دادوەری نین كە دەبێ سەربەخۆ كارەكانی خۆیان بكەن، بەڵكوو ئەوە دەسەڵاتی ڕاگەیاندنیشە كە پێی دەوترێت دەسەڵاتی چوارەم و - ئێستا دەسەڵاتی پێنجەمیش پەیدا بووە - دەبێ ئەمانیش بێلایەن و سەربەخۆ كارەكانی خۆیان بكەن و نابێ بە لاندكرۆزەری حزبێكی سیاسییەوە كە دژی ھەبوونی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی كوردستانە، ناو شاخ و دۆڵەكانی كوردستان بگەڕێت و جگە لەوەی زانیاری كۆدەكاتەوە ھانی ھەڵگێڕانەوەی داوودەزگاكانی ھەرێمی كوردستانیش بدات. من ئەگەر پێناسەشم بۆ ئەم جۆرە كەسانە پێنەبێت و نەزانم ناویان بنێم چی، بەڵام سوور دەزانم ئەوانەی ئەم كارانە دەكەن ڕۆژنامەنووس نین.