شوێنەواری ئەشکەوتی هەڵامەت لە چیای زاوا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شوێنەواری ئەشکەوتی هەڵامەت لە چیای زاوا

 نەخشە هەڵکۆراوەکانی سەر چیای زاوا یەکێک لە جوانترین و دەگمەنترین شوێنەوارەکانی کوردستانە کە بە مێژوویەکی زیاتر ٣ هەزار ساڵە، لە ناو دڵی چیایەک دەدرەوشێتەوە.

ئەم شوێنەوارە کە ئەشکەوتی هەڵامەتیشی پێدەگوترێ، دەکەوێتە چیای زاوا لە ٧ کیلۆمەتری باشووری رۆژئاوای  شاری دهۆک، بەرامبەر گوندی کەڤەرکێ.

شوێنه‌واری ئه‌شكه‌وتی هه‌ڵامه‌ت، هەرچەندە به‌ رێگایەکی سەختدا پێی ده‌گه‌ی، به‌ڵام خەیاڵی بینینی شوێنەوارێکی دەگمەن و ناوازە هێزی بەردەوامبوونت پێ دەبەخشێت و وات لێ دەکات بەرەو خوارەوەی چیاکە و بەرەو شوێنی مەبەست بڕۆیت.

چوار تابلۆی بەردینی قەبارە گەورە کە بە دەست و ئامێری کونکردنی ئەو سەردەمە لە ناو قەدی چیاکە درووستکراوە، ئەمە سەرەتای نەخشە مێژوویەکەیە کە بۆ دیداری چوو بووین.

یەکەم تابلۆی بەردی کە کەوتە كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر دیده‌ی گه‌شتیار، نەخشێکه‌ بە پانی پێنج مەتر و 75 سانتیمەتر، کە گەورەترین و گرینگترین نەخشی شوێنەواری ئەم کۆمەڵە نەخشەیه‌، ئەو تابلۆ شوێنەوارییە  شوێنی هەڵکۆڵینی وێنەی کۆمەڵێ خواوەند و پیاوی ئاشورییە کە هەر یەکەوە لە سەر ئاژەڵێکی ئەفسانەیی لە بەرامبەر پاشای ئاشوری سەنحاریب (705 - 681) کە نزیکەی 24 ساڵ دەسەڵاتداری ئەم دەڤەرەی کردووە راوەستاون. لە ناو بەڵگە مێژووییەکان ناوی خواوەندەکانی ناو نەخشەکە بریتییە لە خواوەند ئاشور، ننلیل، سین، نابو، شمش، ئەدەد، عەشتار.

کارزان محەمەد حوسێن بامەڕنی، مامۆستا لە بەشی مێژووی زانکۆی دهۆک پێی وایە کە بابەتی ئەم نەخشە بەردینە باس لە ڕێوڕه‌سمێكی ئایینی و سەربازی دەکات، چونکە هەر یەکێک لە خواوەندەکانی ناو تابلۆ مێژووییەکان بە جلوبەرگی تایبەت و بە هەڵگرتنی کۆمەڵێ پێداویستیی تایبەت لە بەرامبەر پاشای ئاشوری راوەستاون و پاشای ئاشوری بە دروستکردنی ئەم نەخشەیه‌، ویستوویەتی شکۆ و سەرکەوتنی خۆی تۆمار بکات.ئەم نەخشانە لە سەر بەردی کلس دروست کراوەن و دەکەوێنە بەرامبەر گرێ مالتا، کە ئەویش یەکێک لە شوێنەوارە گرنگەکانی ئاشورییەکان و پاشا سەنحاریبە.

هەرچەند ئەم شوێنەوارە یەکێکه‌ لە گەورەترین نەخشە بەردەکانی هەرێمی کوردستانە و کەوتوویتە شوێنێکی سەخت و پڕ مەترسی، بەڵام لەگەڵ ئەمانەش دوور نەبووە لە دەستدرێژیی تێکدان و تەقاندنه‌وه‌، لە تەواوی شوێنەوارەکە ئاساری فیشەک و سووتاندن و لێدان و لێکردنەوە بە ئامێرە تیژەکانه‌وه‌ دیارە و لە هەندێ لە پەیکەرەکان بەشی سەر و سینگیان لێکراوەتەوە، كه‌ بە مەبەستی بازرگانیی شوێنەواری ئەو کارە ئەمجام دراوە، بە تایبەت لە یەکێک لە نەخشەکان کە تایبەتە بەخێزانی پاشا سەنحاریب، بەشی سینگ و سەری لێ کراوەتەوە و شێوێندراوە، کە دوور نییە ئەم جۆرە کارانە بە مەبەستی دزین و فرۆشتنی شوێنەوارەکان بۆ بازاڕەکانی رەشی دەرەوەی وڵات، کە تایبەتن بە بازرگانیی شوێنەوار و فرۆشتنیان، ئەنجام درابێت.

بۆ بیرهێنانه‌وه‌، شوێنەواری هەڵامەت لە ساڵی 1935 وەک ناوچەیەکی شوێنەواری ناسێنراوە.