نووسەرێکی کورد دوو ڕۆمانی چاپ و بڵاو کردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

نووسەرێکی کورد دوو ڕۆمانی چاپ و بڵاو کردەوە

ڕۆژی چوارشەممە 17ی2ی2021 کۆڕێک بۆ پەردەلادان لەسەر ڕۆمانەکانی "هاوارا بلوورێ" و "1975" لە نووسینی ئەندازیار "یووسف شوجاعی" لەلایەن "بنکەی ئەدەبیی ڕووناک" لە پیرانشار بەڕێوە چوو.

ئەو کۆڕە بە بەشداریی کۆمەڵێک ڕخنەگر و نووسەر لە شارەکانی ماکۆ، خۆی، کۆتۆل، سەڵماس، ورمێ، شنۆ و پیرانشار، هەروەها ئەندامانی بنکەی ئەدەبیی ڕووناک و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەدیبان و لایەنگرانی ئەدەبی کوردی بەڕێوە چوو.

کۆڕەکە بە پێشاندانی دۆکیۆمێنتاریەک لەسەر ژیانی ئەندازیار یووسف شوجاعی دەستی پێ کرد. لە دوای بەخێرهێنانی میوانان و خوێندنەوەی ڕیزبەندی بەرنامە لەلایەن کۆڕگێڕ، "تاهیر حوسێنی"، مامۆستا "کەماڵ حەسۆ" لە لایه ن بنکەی ئەدەبیی ڕووناک، پەیامی بنکەی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.

دواتر وتەکانی "عەلی پاک‌سرشت" پێشکەش کرا کە لەڕێگەی تۆماری گرتە ڤیدیۆیەکەوە بۆ کۆڕەکەی ناردبوو و تێیدا هەردوو ڕۆمانی لە چەندین ڕەهەندەوە هەڵسەنگاندبوو.

پانێلێکی زانستیانە بە بەشداریی دکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە و مامۆستایان عومەر محەمەدی و بێهرووز شوجاعی بەشێکی پڕ بایەخ بوو لە کۆڕەکە کە تیشکی خستە سەر هەموو لایەنەکانی جوانیناسانە، مێژویی و تەکنیکیی هەر دوو ڕۆمانەکە.

لە بڕگەی دواتردا پارچە مۆسیقایەک لەلایەن هونەرمەندان؛ ئازاد و سالار جەهانگیری خەڵکی شاری کۆتۆل بە کورمانجی پێشکەش به ئامادەبوان کرا.

لە پانێلی دووەمدا کە لەلایەن "تاهیر ئاگۆڕ" لە شاری ماکۆ، "سەتتار میلان" و "ئومید میلان" لە شاری کۆتۆل پێشکەش کرا، وێڕای پێداچوونەوەیێک بەسەر مێژووی ڕۆمانی کورمانجی، ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی هەردوو ڕۆمانەکە هاتنە بەرباس و ڕخنە و لێکۆڵینەوە، هەروەها بەشداربووانی پانێلەکە وەڵامی چەند پرسیاری ئامادەبووانیان دایەوە.

دوا بڕگەی پێش پەردەلادان لە ڕۆمانەکان، لەلایەن نووسەری هێژا "یووسف شوجاعی" ناسراو بە "ئوسوفێ حەمید" بەڕێوە چوو.

نووسەر، وێڕای ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی ژیانی خۆی و گرێدانەوەی لە مێژووی گەلەکەی، کۆچکردنی ٢٠ ساڵ پێشی بۆ پیرانشار بە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی خۆی لەقەڵەم دا و خۆی بە ڕۆڵەی پیرانشار و "بنکەی ئەدەبیی ڕووناک" پێناسە کرد.

لە درێژەدا وێڕای ئاماژە بە سەرهەڵدانی بیرۆکەی نووسینی هەریەک لە ڕۆمانەکانی و ئاستەنگەکانی سەر ڕێگای، چەند نوکتە و بیرەوری گێڕایەوە و ئەوجارە پرژایە سەر شێواز و تەکنیکی لە نووسینی ڕۆمانەکانی و ئەو ئامانجانەی بەدوایاندا گەڕاوە.

هەروەها باسی لە پڕۆژەکانی داهاتووی خۆی لە بواری نووسیندا کرد.

لە کۆتایی کۆڕەکەدا لەلایەن مامۆستا عومەر ئیمام، حەسەن حەسەنخانی، دکتۆر ڕەهبەر مەحموودزادە، سەعید حەسەنخانی و حامید ئەمین‌عەشایری پەردە لەسەر ڕۆمانەکانی "هاوارا بلوورێ" و "١٩٧٥" لادرا و پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کران.