به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاوى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕای گه‌یاند، به‌پێى پلان و به‌رنامه‌یه‌ك ده‌یانه‌وێت هاورده‌ى ئاژه‌ڵ بۆ به‌خێوكردن و سەربڕین كه‌م بكه‌نه‌وه.
فیراس سدیق، به‌ڕێوه‌به‌رى سامانى ئاژه‌ڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ به (باس‌نیوز)ى ڕاگه‌یاند: "ئێستا ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى وڵات هاورده‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێن، به مه‌رجى ئه‌وه‌ى نیوه‌یان بە مه‌به‌ستى سەربڕین و نیوه‌شیان بۆ به‌خێوكردن بن مۆڵه‌تیان پێ ده‌درێت، ئه‌وه‌ش واى كردووه كه ژماره‌ى ئاژه‌ڵى ناوخۆ زیاد ببێت".
گوتیشى: "به‌ده‌ر له‌وه‌ش ژماره‌یه‌كى زۆرى داواكارى بۆ دامه‌زراندنى پڕۆژه‌ى به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵ ئاراسته‌مان كراوه و مۆڵه‌تى سه‌ره‌تاییمان پێ داون و بڕیاره دواى كارى پێویست، له‌ڕێگه‌ى وه‌به‌رهێنانه‌وه پڕۆژه‌كان بخرێنه وارى جێبه‌جێكردنەوە".
فیراس سدیق باسى لەوه‌ش كرد: "كه له هه‌رێمى كوردستان 65 پڕۆژه‌ى به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵ هه‌یه و به‌رهه‌مى گۆشتى سوورى ناوخۆش ته‌نها 40% ى پێویستى ناوخۆ پڕ ده‌كاته‌وه، بۆیه پێمانوایه به دامه‌زراندنى ئه‌و پڕۆژانه‌ى به‌خێوكردنى ئاژه‌ڵ، به چه‌ند قۆناغێك و له چه‌ند ساڵى داهاتوودا پێویستیى ناوخۆ به گۆشتى سوور پڕ بكه‌ینه‌وه و پێویستیمان به هاورده‌كردنى ئاژه‌ڵ نه‌مێنێت".