ئێران: ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکان هەڵبگرێت پابەندی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئێران: ئەگەر ئەمریکا گەمارۆکان هەڵبگرێت پابەندی ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبین

وەزیری دەرەوەی  ئێران، لە تویتێکدا ئاشکرای کردووە کە ئەگەر ئەمریکا دەستبەجێ و بی هێچ مەرجێک هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبگرێت، تارانیش پابەندی بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکی دەبێت.

محەمەدجەواد زەریف، ئەمڕۆ هەینی 19ی2ی2021 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) نووسیویە: "ئەمریکا دەبێ پابەندی ڕێککەوتننامەی ٢٢٣١ بێت و هەموو ئەو گەمارۆیانەی کە لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا خراونەتە سەر ئێران، بێ هیچ مەرجێک هەڵبگرێت، پاش ئەوە ئێمەش دەستبەجێ پابەندی بەڵێنەکان دەبین و دەگەڕێینەوە بۆ ناو ڕێککەوتنی ئەتۆمی".

ئێران لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەڕاستای کەمکردنەوەی پابەندییەکانی خۆی لە رێککەوتنی ئەتۆمی کۆمەڵێک هەنگاوی لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆم و تاقیکردنەوەی چەندین مووشەکی دوورهاوێژی هەڵگرتووە و ئەمەش دژی بەڵێن و خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەیە.

ئەم هەڵوێستەی ئێران لە کاتێک دایە کە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پاش کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، ئاشکرای کرد کە ئەمریکا ئامادەیە بگەڕێتەوە ناو کۆبوونەوەی تایبەت بە دانوستان و ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.

ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە بانگهێشتنامەی نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپای بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ولاتانی 5+1ی قبووڵ کرد، هەتا لەبارەی پرسی ئەتۆمیی ئێرانەوە ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماتیک بگیرێتە بەر.

وەزیری دەرەوەی ئیرانیش ئەو هەنگاوەی ئەمریکای بە ئەرێنی وەسف کردووە و ئاشکرای کردووە، پاشگەزبوونەوەی لە بڕیارەکانی سەدەمی ترەمپ باشە و ئێمەش لەگەڵی هاوڕاین.