ئەمریکا: ئامادەی گەڕانەوە بۆ ناو ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێرانین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەمریکا: ئامادەی گەڕانەوە بۆ ناو ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێرانین

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ پێنجشەممە ڕای گەیاند، کە وڵاتەکەی ئامادەیە لە کۆبوونەوەکانی گرووپی 5+1 لەگەڵ ئێران بەشداری بکات.

ند پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، وڵاتەکەی بانگهشتی نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی گرووپی پێنج زێدە یەک و ئێرانی بۆ گفتوگۆ لەبارەی ڕێگەچارەیەکی دیپلۆماتیک تایبەت بە پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی قبووڵ کردووە.

پێشتریش بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)ی ڕاگەیاندبوو، لە ئەگەری کۆبوونەوەی وڵاتانی 5+1 لەبارەی پرسی ناوکی ئێران، ئەمریکا ئامادەیە تێیدا بەشداری بکات.

ند پرایس پاش کۆبوونەوەی ئۆنلاین لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەڕەنسا، ئەو قسانەی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) تۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپیی بەشداری لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئاشکرای کردووە جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمادەیە لەگەڵ ئێران لەبارەی پرسی گەڕانەوەی هەردوو وڵات بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی ساڵی ٢٠١٥ گفتوگۆ بکات.

هەر چوار وڵاتی ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا پاش کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا لەبارەی پرسی ناوکیی ئێران هۆشدارییان داوەتە ئەو وڵاتە کە لەو ڕێگە پڕ مەترسیدارەی گرتوویەتە بەر، بگەڕێتەوە.

لەو راگەیاندراوە هاوبەشەدا ئەو چوار وڵاتە پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمی و رێگریکردن لە تیمی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەلایەن تارانەوە بە هەنگاوێکی مەترسیداریان لەقەڵەم داوە.

داواشیان لە ئێران كردووە بەتەواوی بگەڕێتەوە ناو ڕێککەوتنەکە و پابەندییەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمی بسەلمێنێت.

لە راگەیاندراوە هاوبەشەی زلهێزانی رۆژئاوادا هاتووە: "ئێستا دەرفەتێکی نوێ بۆ کاری دیپلۆماسی هاتووەتە پێشەوە و پێویستە ئێران بیر لە ئەنجامی هەنگاوە مەترسیدارەکانی بکاتەوە".

ئەم راگەیاندراوە هاوبەشە دوای کۆبوونەوەی هەرچوار وڵات  دێت و دوو رۆژ پێش ئەو وادەیەیە، کە ئێران بۆ ئەمریکا و ڵاتانی رۆژئاوای داناوە بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی.