بەڕێوەبەری گشتیی باج: هەر کەس و کۆمپانیا و شوێنێک پابەندی باجدان نەبێ دەدرێتە دادگا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەڕێوەبەری گشتیی باج: هەر کەس و کۆمپانیا و شوێنێک پابەندی باجدان نەبێ دەدرێتە دادگا

بەڕێوەبەری گشتیی باج لە هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت ھەموو رێککار و میکانیزمێک دادەنێین بۆ ئەوەی ھیچ کەس و کۆمپانیا و شوێنێک نەتوانێ وەکو پێشووتر خۆی لە باجدان بدزێتەوە و پێویستە ھەمووان بەپێی رێنماییەکان باج بدەن و لێخۆشبوون لە ھیچ کەسێک ناکرێت.


کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی کە باج دەدەن ئاگادارمان کردوونەتەوە و ڕێنماییمان پێیان داوە کە لە کاتی خۆیدا باج بدەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش زۆر گرنگی بەو بابەتە دەدات و وەکو ئاسانکارییەک بۆ کۆمپانیاکان مۆڵەتی پێدانی باجمان بۆ شەش مانگی دیکە درێژکردووەتەوە، واتە کۆمپانیاکان کاتیان هەیە تاوەکو 30/6/2021، بۆ پێدانی باج، ئەمەش بەهۆی بڵاو بوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و کەرەنتینەوە".

گوتیشی: "ھەموو رێککار و میکانیزمێک دادەنێین بۆ ئەوەی ھیچ کەس و کۆمپانیا و شوێنێک نەتوانێ وەکو پێشووتر خۆی لە باجدان بدزێتەوە و پێویستە ھەمووان بەپێی رێنماییەکان باج بدەن و لێخۆشبوون لە ھیچ کەسێک ناکرێت، کە ئەمە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و جێبەجێ دەکرێت، تا ئێستاش بەشێکی زۆری کۆمپانیاکان ڕێنماییەکانیان جێبەجێ کردووە و ئەوانەشی پابەند نەبن دەدرێنە دادگا و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".

ناوبراو ڕاشیگەیاند: "باج لە قازانجی کۆمپانیاکان وەردەگیرێت و تاوەکو ئێستا دیار نییە کە پێویستە هەر کۆمپانیایەک بڕی چەند باج بدات، بەڵام بەو هەنگاوە داھاتێکی باش بۆ خەزێنەی حکوومەت دەگەڕێتەوە، ئەو کۆمپانیایانەشی کە باج نادەن مۆڵەتەکانی خۆیان نوێ نەکردووەتەوە و بە نا یاسایی کاریان کردووە، بەڵام لەمەودوا بە وردی چاودێری ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت و باج بە یاسا ڕێک دەخرێت و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت خۆی لە باج بدزێتەوە، بەڵام ئەو کۆمپانیایانەی کە تەنیا بە ناو کۆمپانیان و هیچ کاریان نەکردووە ئێمە یارمەتیان دەدەین و باجیان لێوەرناگرین، ئێساش پڕۆسەیەکی چاکسازیمان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بگەینە داهاتێکی ڕاستەقینەی کۆمپانیاکان، بەڵام ئەوە کارێکی ئاسان نییە و کاتی پێویستە".