موللا عەلی باپیر دەڵێ چی؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

موللا عەلی باپیر دەڵێ چی؟

 

لە ڕۆژی یەكەمی بەڕێوەچوونی كۆنگرەی حزبەكەیدا، موللا عەلی باپیری ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بەم قسانە سەرەتای كۆنگرەكەی ڕازاندووەتەوە: ”وه‌كوو پێشووش وتمان پێمانوایه‌ ئه‌م حكوومه‌ته‌ حكوومه‌تێكى ئه‌منى ‌و حزبى ده‌بێت، ئێستاش ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌بینین، بۆیه‌ به‌ شایسته‌مان نه‌زانیوه‌ به‌شداری بكەین!“.

1- لەو بڕوایەدام موللا عەلی باپیر لەبەر ئەوە ئەم حكوومەتەی ھەرێمی كوردستان بە حكوومەتی ئەمنی دەزانێت چونكە ئەم حكوومەتە بەتوندی مامەڵە لەگەڵ ھەر جاسووس و تێكدەر و خۆفرۆشێكی ھەرێمی كوردستاندا دەكات، كە كلكیان لەگەڵ ئەوانەدا گرێ داوە كە دەیانەوێت بارودۆخی ئەمنیی ھەرێمی كوردستان، وەك بارودۆخی بەغدای عێراق و بەیرووتی لوبنان و سەنعای یەمەن و غەزەی فەلەستینیی لای شەریك شعوورەكانی خۆی لێ بكەن. جا لەبەرئەوە من حەق بە موللا عەلی باپیر دەدەم كە خەفەت بەم حاڵەتە بخوات.

2- لەو بڕوایەدام موللا عەلی باپیر لەبەرئەوە ئەم حكوومەتەی ھەرێمی كوردستان بە ”حكوومەتی ئەمنی!“ دەزانێت كە خێرا ئەو جاسووس و خۆفرۆشانەی ھەرێمی كوردستان دەدۆزێتەوە و پێش ئەوەی ئەم جاسووس و خۆفرۆشانە بتوانن پیلانی ئاغاكانیان لە ھەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن كەشفیان دەكات و دەستوئەژنۆی سپۆنسەرەكانیان دەشكێنێت، جا لەبەر ئەمەشیان دیسان من حەق بە موللا عەلی باپیر دەدەم كە ئەم حاڵەتەش تووشی خەفەت خواردنی بكات.

3- لەو بڕوایەدام موللا عەلی باپیر خەفەت لەوەش دەخوات كە لە سەرەتای پێكھێنانی ئەم كابینەیەوە، داوای بەشداریكردنیان لە حكوومەت لێ نەكراوە و ئەمجارەش نەیتوانی وەزارەتێك بۆ عەبدولسەتار مەجیدی خزم و دەستەڕاستی خۆی وەربگرێت، ئەگینا ئەگەر داوای بەشداریكردنی لە حكوومەت لێ بكرایە، چنگ لەسەرشان بەرەو ناو ئەم حكوومەتە ڕایدەكرد. باشە ئەوە كێ بوو كە لە كاتی گفتوگۆكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكھێنانی ئەم كابینەیەی حكوومەت گوتی: ”چی بكەین ئێمە چاوەڕێی مەرحەبایەكی پارتیین؟“ ئەوە من بووم یان باوكم بوو؟

نامەوێت وەڵامی ھەموو فەرماییشتەكانی موللا عەلی باپیر بدەمەوە، چونكە ئەمە پێویستیی بە نووسینی نامیلكەیەكە كە لانی كەم ھێندەی ئەو نامیلكەیەی خۆی ببێت كە لە ساڵی 1992دا، واتە ئەو ساڵەی كە یەكەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ھەرێمی كوردستان كرا و بە ناونیشانی (چارەسەری كێشەی كورد لەنێوان ئیمان و پەرلەماندا) نووسی و لەوێدا دەڵێت ئەوانەی بەشداری لە پەرلەماندا دەكەن، مەگەر چلۆنەھا، ئەگینا پێی كافر دەبن!

كەچی ئێستاش فراكسیۆنی لە پەرلەمانی كوردستاندا ھەیە و خۆیشی لە دەورەیەكدا بووە ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ماوەیەكیش لەمەوبەر ئەحمەدی حاجی ڕەشیەكەی خۆی باسی ئەو زیاتر لە ملیار دینارەی خۆی كرد كە لە ماوەی ئەندامێتیی پەرلەمانیی خۆیدا و ھەتا ئێستا بۆ كۆمەڵەكەی موللا عەلی باپیری ناردووە، كەچی ھەتا ئێستاش بەم ھەموو بەشداریكردنەی خۆیان لە پەرلەمانی كوردستان و عێراقیشدا كافر نەبوون!