كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

زیاتر لە 103 ملیار دیناری گەندەڵی لە هه‌ردوو پارێزگای ئه‌نبار و به‌سڕه‌ ئاشكرا دەبێت

 دەستەی ده‌ستپاکیی عێراق، رای دەگەینێت لە دوو دۆسیەدا، لە مامەڵەی خانەنشینی و خانووبەرەدا دزينى زیاتر لە 103 ملیار دینار له‌ هه‌ردوو پارێزگای ئه‌نبار و به‌سڕه‌ ئاشكرا بووە.

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە 18/2/2021 دەستەی ده‌ستپاکیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئاشكرای كردووه‌، لە فەرمانگەی خانەنشینی ئەنبار، چەندان ساختەكاری و فێڵكردن بە مامەڵەی  خانەنشینی ئاشكرا بووە.

دەستەكە ئاماژەی بەوەش داوە، لە لقی ئەنباری دەستەی خانەنشینی،  32 مامەڵەی  خانەنشینیی ساختە كراون، " لەو 32 مامەڵەیەی خانەشینی و چەند كارێكی دیكه‌دا 3 ملیار و 270 ملیۆن دینار بەفێڕۆ دراون".

جەخت لەسەر ئەوەش كراوەتەوە، ساختەكارییەكە له‌ ڕێی نووسراو و كارتی نیشتمانیی ساختە كراوە، بەبێ ئەوەی ئەو كەسانە فەرمانبەر بن، خانەنشینییان بۆ كراوە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، بە پێی راگەیاندراوێكی دیكه‌ی دەستەی دەستپاكیی عێراق، لە پارێزگای بەسڕە ساختەكارییەك بە بڕی 100 ملیار دینار لە مامەڵەی خانووبەرەدا كراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو لە زەوییەكی 95 دۆنمیدا، ساختەكارییەك كراوە و زەوییەكە بە ناوی كەساێك تاپۆ كراوە، كە پەیوەندی بەو كەسانەوە نییە، بەڵكوو ئەو زەوییە موڵكی حكوومییە.