بە زەبری با لەم کەنارە گیرساینەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بە زەبری با لەم کەنارە گیرساینەوە

لە ڕوانگەی هایدگەرەوە، شاعیر بە بەردی شیعر، تەلاری وجوودی خۆی ڕۆ دەنێت، بۆیە مەگەر تەنیا فەیلەسووف لە نهێنیی شیعر تێبگات، فەیلەسووفێکی لە چەشنی هایدگەر، نەک فەیلەسووفی لە چەشنی ئیفلاتوون کە شاعیرانی کۆماربەدەر کرد. هیچ لە ئینسان هێژاتر نییە، حەقیقەت نەبێت، بۆیە شاعیر کە پشتی کردە حەقیقەت، با (هۆمیرۆس)یش بێت، نابێت چاوپۆشیی لێ بکرێت. دەق زیاتر پشتی بە بێدەنگی قایمە، وەک لە گوتن، بۆیە ئەوە ڕەخنەیە کە نەگوتراوەکان دەهێنێتە قسە. نزیکەی نیو سەدەیە ڕەخنە دەنووسم، (ڕەخنە)ی وا نا، تۆ کتێبەکەتم بۆ بنێریت و من ستایشی بکەم، وەک لەنێو کوردی باشووردا باوە. ڕەخنە هەڵسەنگاندنە، نەک پێداهەڵگوتن. ڕەخنە ئەوەیش نییە، بە چرایەکەوە بە گژ تیشکی خۆردا بچیتەوە.

نووسەر مەبەستی چییە؟ ئەو لایەکی سێگۆشەکەیە، ئاخر هەموو دەقێک دوو لای تریشی هەیە: لای دووەم: تێکستەکەیە و لای سێیەم: خوێنەرە. دەشێت دەق شتێک بڵێت کە نووسەر مەبەستی نەبووبێت، خوێنەریش بە کۆمەکی پاشخانی مەعریفیی خۆی دەق لێک دەداتەوە، هەقی ئەوەی نییە، نووسەر مەبەستی چی بووە. کە ڕۆلان بارت باسی مەرگی نووسەری کردووە، مەرگ لە ئارادا نییە، مەبەستی ئەوە بووە، گرنگ ئەوەیە تێکستەکە چی دەڵێت، لەوەیش گرنگتر: لێکدانەوەی خوێنەرە بۆ دەقەکە، ئاخر ئەوە خوێنەرە مانای دەق بەرهەم دەهێنێت. نووسەر: پەیامنێر، دەق: پەیام و خوێنەر: وەرگر، ئەوە خوێنەرە مانا بە دەق دەبەخشێت، خۆ نووسەر ناچێت، مەبەستی خۆی بۆ خوێنەرەکانی شرۆڤە بکات.

هەموو دەقێک مانای هەیە، با تەواو تەمومژاوییش بێت، یان هەندێک شتی بە پەنهانییش هێشتبێتەوە و بۆ زیرەکیی خوێنەری بەجێ هێشتبێت. توودۆرۆف باسی دووانەی: حازر و بزر دەکات، هەندێک لایەن لە دەقدا بزرن، خوێنەری وریا بە کۆمەکی حازرەکان پەی بە بزرەکان دەبات. ڕۆماننووس کە مێژوو بەسەر دەکاتەوە، خۆ ناچێت، گوتراوەکان دووبارە بکاتەوە، هەوڵ دەدات بزرەکان بدرکێنێت، ئەو ڕووداوانەی مێژوونووسان لەبەر ئەم یان ئەو هۆکار نەیانگێڕاونەتەوە. کە ڕۆمانی مێژوویی دەنووسین، ئیللا دەبێت پەردە لەسەر هەندێک نهێنی لا بدەین و هەندێک شتی تازە بدرکێنین، ئەگەرنا جیاوازییەکی ئەوتۆمان لەگەڵ مێژوونووسدا نابێت.

واقیع لە دەرەوەی ئینسانە، ڕۆمان هیچ مەرج نییە ڕەنگدانەوەی واقیع بێت، دەشێت ڕەنگدانەوەی ناوەوەی ئینسان بێت و ئیلهام لە نەست و لە خەونەوە وەربگرێت، یان بە کۆمەکی ئەفسانە دونیایەکی سەیری ناواقیعی بەرهەم بهێێنێت. وەک چۆن ڕۆمان دەتوانێت پشتی بە ڕووداو قایم بێت، هەر وایش دەکرێت سوود لەو ئەزموونانە وەربگرێت کە تایبەتن بە دونیای دەروون، ئاخر هەموو بابەتێک بۆ ئەوە دەشێت، کەرەسەی ڕۆنانی تەلاری ڕۆمان بێت. مەرج نییە هەر چیرۆکێکمان نووسی، کارەکتەرەکەی ناوێکی دیاریکراوی هەبێت، ئاخر کارەکتەر دەشێت نوێنەری حاڵەتێک بێت، یان هەر کەسێکی بەکاربەر بێت و هیچی تر، وەک چۆن لە زۆر جێگەی خۆرئاوادا، ئینسان بە شت بووە، لە ژمارەیەک بەولاوە هیچی تر نییە و ڕۆڵ لە گۆڕینی واقیعدا ناگێڕێت.

لە بەرانبەر ئەو چیرۆکانەدا کە ئینسان وەک ژمارەیەک دەبینن، چیرۆکیش هەیە، بایەخێکی تەواو بە کەسایەتی دەدەن، لە چەندان گۆشەنیگاوە سەرنجی ئینسان دەدەن و بایەخێکی تەواو بە ناسنامەی کەسەکان دەدەن. ئایا نووسەر مافی ئەوەی هەیە، ناوی سەیر لە کارەکتەر بنێت؟ لای عەرەبی هاوسێمان ئەوە ئاسایییە، ناوی ئاژەڵ لە منداڵیان بنێن، لە بابەتی: شێر، ڕێوی، جاش و مەیموون. سەگ، پڵنگ، کەر و گامێش ناوی هەندێک خێڵی عەرەبن. بۆچی ناوی ئاژەڵ لە خێڵ و لە منداڵی خۆیان دەنێن؟ پێیان وایە بە جادووی ئەو ناوانە، لە بەڵا بەدوور دەبن!

وەک چۆن ئەوی خاوەنی دونیابینیی تایبەت بە خۆی نەبێت، توانای نووسینی ڕۆمانی نابێت، ئاخر خۆ ڕۆمان گێڕانەوەی واقیعێک نییە کە پێشەکی هەیە، داهێنانی واقیعێکی نوێیە، ئەوەیشی ڕەخنەی ئەدەبی بنووسێت، پێویستی بە مەعریفەیەکی دەوڵەمەند هەیە، بە تایبەتی لە بواری تیۆریی ڕەخنەییدا. ئیشی ڕەخنەی ئەدەبی هەر ئەوە نییە، داهێنان دەستنیشان بکات، پێویستە هاوزەمان چێژیش بە خوێنەر بگەیەنێت. ڕەخنەگر ئەگەر لەگەڵ هەموو نووسینێکیدا، زانیاریی تازەی پێ نەبێت، خوێنەر چێژ لە نووسینی نابینێت. ڕەخنە کارێک دەکات، خوێنەر هەم لە خۆی تێبگات، هەم لە دونیای دەوروبەری. ڕۆمان پێوەندییەکی پتەوی بە جوگرافیا و بە زەمانەوە، بە ناسنامە و بە کولتوورەوە هەیە، ڕەخنەگر ڕای خۆی سەبارەت بە هەموو ئەو بوارانە دەردەبڕێت. ناکرێت ڕۆمانێک سەرقاڵی ڕووخاندنی جڤاکی سەرمایەداری و ڕۆنانی جڤاکی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بێت و ڕەخنەگر قسەیەک لەبارەی خەباتی چینایەتییەوە نەکات.

لە ڕۆمانی نوێدا، هەر وەخت پاش و پێش ناخرێت، خەیاڵ تێکەڵ بە واقیع و نەست تێکەڵ بە هەست و خەون تێکەڵ بە بێداری دەکرێت. وەک چۆن دەشێت ڕۆمان قۆناغێک بەسەر بکاتەوە، هەر وایش ڕەنگە لە شەو و ڕۆژێکدا ڕوو بدات. وەک چۆن دەشێت ڕۆماننووس تێکەڵ بە ڕووداوەکان ببێت، هەر وایش ڕەنگە کەڵک لە هونەری سینەما وەربگرێت، بەبێ دەستتێوەردان دیمەنەکان پیشان بدات. کە ڕۆماننووس بێدەنگ و بێلایەن دەبێت، مەبەستی ئەوەیە لە بەرهەمهێنانی تێکستەکەدا، بەشداری بە خوێنەر بکات، ئاخر یەکێک لە ئیشەکانی نووسەر ئەوەیە، خوێنەر بۆ پرسیارکردن هان بدات و ڕێی بۆ خۆش بکات، تا پێشنیازی وەڵام بکات. وەک چۆن دەق بەسەر چەندان ئەگەردا کراوەیە، هەروایش دەشێت لە چەندان ژانر سوودمەند بێت، ئاخر مەرج نییە، ڕۆماننووس تەنیا کەڵک لە تەکنیکەکانی گێڕانەوە وەربگرێت، بەڵام مەرجە بەرهەمێکی ناوازە پێشکەش بکات.

*
(*) عبدالمجید زراقط، التجریب القصصي وتقنیات القصه‌ الجدیده‌.