كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

سەفین دزەیی: هەفتەی داهاتوو چەندان شاندی دیپلۆماسی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن

"هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاری نوێنەرایەتیی وڵاتان نه‌بووه‌‌"

 سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەره‌وەی په‌یوه‌ندییه‌كانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەینێت، ئیدانەكردنی هێرشەكەی سەر هەولێر لە لایەن وڵاتانی  جیهانه‌وه‌، بووه‌تە مایەی دڵنەوایی خەڵكی كوردستان و پاڵپشتییەكیشە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئاشكراشی دەكات هەفتەی داهاتوو چەند شاندێكی دیپلۆماسی وڵاتان سەردانی هەولێر دەكەن.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 18/2/2021، سەفین دزەیی، سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، له‌ باره‌ی پێگه‌ی هه‌ولێر له‌سه‌ر ئاستی دنیا بە (باسنیوز)ی راگەیاند : "هەولێر و هەرێمی كوردستان بە گشتیی پێناسەیەكی جیهانی هەیە، كە ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرە، ناوچەیەكە باوەشی بۆ ئاوارە و پەنابەرانی عێراق و دەرەوەش كردووه‌تەوە، ناوچەیەكە بە پێكەوەژیان و دیموكراسی ناسراوە، بۆیە كاتێك هێرشێكی دەكرێتە سەر، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژی دەوەستنەوە".

ئاماژەی بەوەش دا، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارامە، بۆیە هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر بۆ وڵاتانی جیهانی شتێكی چاوەڕواننەكراو و نامۆ بوو، "ئەو هەڵوێست و ئیدانەكردنه‌ی هێرشەكە لە لایەن وەزیرانی دەرەوەی ئەمریكا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا وئیتاڵیا و بەریتانیا و نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان و پازدە وڵاتەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش، پاڵپشتییەكە بۆ هەرێمی كوردستان و وەستانەوەشە  دژی ئەوەی بەرامبەر هەولێری پایتەخت كرا".

سەفین دزەیی سوپاسی پشتیوانیی وڵاتان دەكا، كە بووه‌تە مایەی دڵنەوایی خەڵكی كوردستان و پاڵپشتییەكیشە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، "ئێمە سوپاسی وڵاتان دەكەین و هه‌ڵوێسته‌كانیان لە جێگەی خۆی بوو، هیوادارین كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سنوورێك بۆ ئەو كارانه‌ دابنێت".

سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەره‌وەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جەختیشی كردەوە، نوێنەرایەتی و كونسوڵخانەی وڵاتان لە هەولێر، لەسەر كاری خۆیان بەردەوامن، "هه‌ر لە سەعاتی یەكەمی هێرشەكەدا، كە یەكێك لە مووشەكەكان لە نزیك كونسوڵخانەی چین كەوتە خواره‌وە، پەیوەندیمان بە كونسوڵ كرد، ئەوان گوتیان لە كارەكانمان به‌رده‌وام ده‌بین، چەند كونسوڵخانەیەكی دیكه‌ش لەو گەڕەكەدا بوون كە مووشەكی تیادا كەوتە خواره‌وە، نووسراومان بۆ كردن هەرچییەك پێویست بێت بۆیان دەكەین، بۆیە نوێنەرایەتیی وڵاتان هیچ نیگەرانییەكیان نییە و هێرشەكە كاریگەری نەكردووه‌تە سەر كارەكانیان و بەردەوامن".

سەفین دزەیی، ئاشكراشی كرد لە هەفتەی داهاتوودا چەندان شاندی دیپلۆماسی سەردانی هەولێر و هەرێمی كوردستان دەكەن، "ئەو شاندانەی دێن، زیاتر ئه‌و باڵوێزانەن كە لە بەغدان، سەردانەكەش وەكوو پشتیوانی هەولێر و هەرێمی كورستانە، پاش ئەو هێرشەی كرایە سەرهەولێر".