كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ناسڕ هەرکى: هەندێک گروپی چەکدار ترسیان لە نزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا هەیە

بڕیاردەرى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند بەهۆى نزیکبوونەوەى هەولێر و بەغدا هەندێک گروپ و لایەنى چەکدار ترسیان لێ نیشتووە و مەبەستیانە ئەو دوولایە نەگەنە رێککەوتن بۆیە هەموو هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی ئەو دوو لایەنە دەدەن.

د. ناسڕ هەرکى، بڕیاردەرى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "هێرشە مووشەکییەى سەر هەولێر پێشهاتێکى مەترسیدارە و زیانى گەورە بە عێراق دەگەیەنێ، ئێمە داواى لێکۆڵینەوەى خێرامان کردووە بۆ بەسزاگەیاندنى بکەرانى تاوانەکە، ئەو هێرشانە لەلایەن ئەو گروپە چەکدارییانەوە ئەنجام دەدرێ کە ترسیان لە نزیکبوونەوەى هەولێر و بەغدا هەیە".

راشیگەیاند: "رێککەوتن و سازانى هەولێر و بەغدا زیان بە داهاتووى ئەو جۆرە لایەن و گروپانە دەگەینێ، بۆیە هەوڵدەدەن بەهەر نرخێک بێت نێوانى ئەو دوو لایەنە تێک بدەن بۆ مەرامى نەزۆکى خۆیان".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" ئامانجێکى دیکەى هێرشە موشەکییەى سەر هەولێرى پایتەخت سیاسییە، چونکە کەسانێک پێیان وایە بۆ بەدەستهێنانى دەنگى هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوو پێویستە جموجۆڵێک بکەن و سەرنجى شەقامى عێراقى بەلاى خۆیاندا رابکێشن، ئەم کردەوانەش دەبێتە هۆى زیاتر ئاڵۆزبوونى دۆخى ئەمنى و ناسەقامگیرى سیاسى لە عێراق".