كاتێ داوودەزگاكانی دەوڵەت بێقیمەت دەكرێن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كاتێ داوودەزگاكانی دەوڵەت بێقیمەت دەكرێن

ھەروەك چۆن لە لوبنان، دەوڵەت و داوودەزگاكانی دەوڵەت بێقیمەت كراون بەڵام حزبوڵا و حەسەن نەسروڵا بڕیار بەدەستن، ھەروەك چۆن لە یەمەن دەوڵەت و داوودەزگاكانی دەوڵەت بێقیمەت كراون، بەڵام ئەنساروڵای حووسییەكان و عەبدولمەلیك حووسی بڕیاربەدەستن، ئا ئاوھاش لە عێراق دەوڵەت و داوودەزگاكانی دەوڵەت بێقیمەت كراون و عەسائیبی ئەھلی حەق و نوجەبا و قەیس خەزعەلی و ئەكرەم كەعبی بڕیاربەدەستن و ئێستا گرووپێكی تریشی ھاتووەتە سەر بە ناوی (سرایا اولياء الدم) ئەو گرووپەی كە بەرپرسیارێتیی خۆی لە مووشەكبارانكردنی ھەولێر ڕاگەیاند.

ھەروەك نموونە بۆ بێقیمەتكردنی دەوڵەت و داوودەزگاكانی دەوڵەت: باشە چەند كەس دەتوانێت دەستبەجێ ناوی وەزیری بەرگریی لوبنانم پێ بڵێت؟ بەڵام كە ناوی لوبنان دێت، دەستبەجێ ناوی حەسەن نەسروڵا دەزانرێت! چەند كەس دەتوانێت ناوی وەزیری بەرگریی یەمەنم پێ بڵێت، بەڵام كە ناوی یەمەن دێت دەستبەجێ ناوی عەبدولمەلیك حووسی دەزانرێت، چەند كەس دەتوانێت ناوی وەزیری بەرگریی عێراقم پێ بڵێت، بەڵام كە ناوی عێراق دێت یەك ڕیز ناوی وەك ئەكرەم كەعبی و قەیس خەزعەلیی بەدوادا دێت!

ئایا ئەمانە ھەمووی نیشانەی بێقیمەتكردنی دەوڵەت و داوودەزگاكانی دەوڵەت نییە لەو وڵاتانەدا؟ ئەوانەی لە لوبنان و یەمەن دەوڵەت و داوودەزگاكانی لوبنان و یەمەنیان بێقیمەت كردووە، ھەر ئەوانیشن كە دەوڵەت و داوودەزگاكانی دەوڵەتی عێراقیشیان بێقیمەت كردووە. ئێوە وەرن سەیری ئەم نموونەیە بكەن: كە بە ئێران دەڵێن باشە تۆ بۆچی لە سووریایت و بۆچی لە سووریا ناڕۆیتە دەرەوە؟ وەڵامەكەی ئەوەیە ئاخر ئێمە لەسەر داوای حكوومەتی سووریا لە سووریاین خۆ لە خۆمانەوە نەچووین، لەمەیاندا ئێران ڕاست دەكات، چونكە ھەتا ئێستاش ھیچ نەبێت لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە حكوومەتی سووریا شەرعیەتی نێودەوڵەتیی ھەیە.

كەچی كە ھێزەكانی ئەمه‌ریكا و ھاوپەیمانان لەسەر داوای حكوومەتی عێراق و بە ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە عێراقدان، ھەمان ئەم ئێرانە دەڵێت ئەوانە داگیركەرن و دەبێ لە عێراق بڕۆنە دەرەوە! یەعنی بوونی ئێران لە سووریا شەرعیەتی ھەیە چونكە لەسەر داوای حكوومەتی سووریا ھێزی ئێران لە سووریان، كەچی بوونی ئەمەریكا و ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عێراقدا شەرعیەتیان نییە و داگیركەرن با بوونی ئەم ھێزانەش لەسەر داوای حكوومەتی عێراق و بەگوێرەی ڕێككەوتن لە عێراقدا بن!

ئەو ھێزانەی ئەمەریكا و ھاوپەیمانان كە لە ھەرێمی كوردستان و ھەولێرن، ئەمەش ھەر لە چوارچێوەی ڕێككەوتن و ڕەزامەندیی حكوومەتی عێراقدایە و داوودەزگا دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستانیش كە شەرعیەتی دەوڵەتی و دەستوورییان ھەیە، بەئاشكرا زیاتر لە جارێك گوتوویانە لەم ھەلومەرجەدا بوونی ئەو ھێزانە بە پێویست دەزانین، كەچی بەشێك لە گرووپە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ھیچ گوێ بە حكوومەتی عێراق و داوودەزگاكانی ئەم حكوومەتە و ڕێككەوتنەكانی نادەن و بە ئارەزووی خۆیان لەناو عێراقدا بە خۆیان و مووشەكەكانیانەوە تەراتێن دەكەن، ھەتا ئەو ڕادەیەی كە ڕێگەیان بۆ خۆش بكرێت بۆ ئەوەی لە ھەولێر نزیك ببنەوە و مووشەكبارانی ئەو ھێزانەی ئەمەریكا و ھاوپەیمانان بكەن، ئەو ھێزانەی كە ئەگەر لە ساڵی 2003دا ڕژێمەكەی سەدام حوسێنی بە 3 ھەفتە نەڕووخاندایە، ئەوا ئەوانەی كە ئێستا مووشەكیان تێدەگرن، ئەگەر سەدام حوسێن بە شێوەیەكی سرووشتییش بمردایە، ئێستاش یان عودەی یان قوسەی یان ڕەغەد یان حەلا حوكمی دەكردن!