كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
شەوقی کانەبی 17/02/2021

شێروان شێروانی جاسووسە؟

مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو لە ئەڵمانیا لە کاتێکدا کە لە کۆنفڕانسێکی کوردی کێشەم لەگەڵ چەند لایەنگرێکی پەکەکە بۆ دروست بوو، لە کاتی کارکردنم سووکایەتییان دەکرد و هەوڵیان دەدا پەلامارم بدەن، چەند ڕۆژێک دواتر هاوڕێیەکم تەلەفۆنی کرد کە شێروان شێروانی لە کوردستان خەریکە زانیاری دەربارەی تۆ کۆدەکاتەوە و پرسیاری ناو و ناونیشانی تۆی لە ئەڵمانیا لە چەندین کەس کردووە و دەربارەی خانەوادەکەشم پرسیاری کردووە.

بەو ڕەفتارەی نیگەران بووم و دوای بەدواداچوونم دڵنیا بوومەوە کە ئەو کوڕە بەسەر منەوە خەریکی جاسووسیە، چونکە لە هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن کار ناکات و منیش هیچ بابەتێکی هەواڵیم تێدا نییە ڕۆژنامەنووسێک بەدواداچوونی تێدا بکات و بیەوێت هەواڵم لەبارەوە بکات، پەیوەندی بە خودی خۆشمەوە نەکردووە بزانم ئەو زانیارییانەی بۆ چییە.

ئەندامێکی خانەوادەکەم تەلەفۆنی بۆ شێروان کرد و ئەویش ئینکاری لە بابەتەکە نەکردبوو ئاشکرای نەکرد کە زانیارییەکانی بۆ چییە، کۆمەڵێک قسەی عەلەق و بەلەق و هاشوهووش و بە شێواوی تەلەفۆنەکەی داخستبوو، گوتبووی گوایە شەوقی دژایەتی ئەوان دەکا، ئەوکات شکاتم لێنەکرد و لەبەر سەرقاڵی، نەمویست کات بەو فاشیلانەوە بکوژم و وازم لێهێنا، لە خۆی و حزبەکەشی و لەو جەماعەتەی ئێرەشیان بێمنەت بووم، بەڵام بۆم دەرکەوت ئەو کوڕە خەریکی جاسووسییەکە کە خۆی بە وڵاتپارێزی دادەنێت و بەو گێلێتییەشیەوە، ڕۆژێک خۆی تووشی بەزمێک دەکات.

پێی دەڵێن ڕۆژنامەنووس، بەڵام قەت نەمزانیوە لە دەزگایەکی دیاری کوردستان بە سیفەتی ڕۆژنامەنووس کاری کردبێت، چەند جارێک لە دەزگا دیارەکانی ئۆپۆزسیۆن کاری کردووە، بەڵام لە مانگی یەکەمەوە دەرکراوە، چونکە زانیویانە خەریکی کاری ڕۆژنامەنووسی نییە و بە شتی دیکەوە مەشغووڵە، زمانە کوردییەکەشی نە سۆرانییەکەی نە بادینییەکەی بەشی ئەوە ناکات، هەواڵێک بەبێ هەڵە و کەموکوڕی بنووسێت، تەنیا شێوەزاری ناوچەی خۆی دەزانێت، ئەوەش بۆ نووسین نابێت و هیچ زمانێکی بیانیش بە باشی نازانێت، بۆیە ڕووی دابووە سەر قسە و هاشوهووشی سەر تەلەڤزیۆن و لایڤی فەیسبووک، چونکە ئەوە خوێندەواری ناوێت.

لە حزبایەتیشدا هەر زوو لە گۆڕان دوور خرایەوە، کاتێک لە دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ بوو زۆری پێنەچوو بە تۆمەتی جاسووسی دەرکرا و بەیاننامەی لەسەر بڵاو کرایەوە.

من پێم ناخۆشە ئێستا ئەو کوڕە خۆی و ژمارەیەک گەنجی لە ململانێیەکی ناوخۆی و ئیقلیمییەوە گلاندووە و حوکم کراوە، هیوادارم دادگای تەمیز لە بەرژەوەندیی ئەو گەنجانە و خانەوادەکانیان بە حوکمەکەدا بچنەوە، بەڵام دەکرێ ئەوە ببێتە ئەزموون و دەرسێک بۆ بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کە هەر ڕۆژە و شتێکن، ڕۆژێک ڕۆژنامەنووسن و ڕۆژی دواتر دەبنە چالاکوان و خۆپیشاندەر، ئینجا دەبنە چاودێری سیاسی، دواتر دەبنە پەرلەمانتار و بەرپرسی حزبی. لە کۆتاییشدا بە تۆمەتی جاسووسی دەگیرێن، ڕەنگە خۆشیان سەریان لە خۆیان دەرنەچێت و لە کۆتاییدا نەزانن چین و بۆ وایان بەسەر هاتووە، ئەوە سەرلێشێوان و فەوزایەکی گەورەیە و دەبێت کۆتایی بێت.