لە بەلووچستان لە دوو هێرشی جیادا شەش چەکداری ئێرانی کوژران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە بەلووچستان لە دوو هێرشی جیادا شەش چەکداری ئێرانی کوژران

فەیلەقی قودسی هێزی زەوینیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە ڕای گەیاندووە لە شاری نیکشەهر لە باشووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان، سێ چەکداری ئەو سوپایە کوژراون هاوکات سێ ئەندامی ئیتلاعاتیش لە شاری چابەهار کوژراون.

لەمبارەوە ماڵپەڕی (ئیلنا)ی ئێرانی لەزاری قاسم حەسەن زادە گوتەبێژی سوپای قودس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو سێ چەکدارە بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ چەند کەسێکی چەکدار لە شاری نیکشەهری سەر بە سیستان و بەلووچستان کوژراون.

بەپێی هەمان سەرچاوە، جیا لە کوژرانی ئەو سێ کەسە، چەکدارێکی دیکەش لەو شەڕەدا بریندار بووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە کە سێ ئەندامیان لە شاری چابەهاری سەر بە سیستان و بەلووچستان، کوژراون.

پارێزگای سیستان و بەلووچستان، کە زۆربەی دانیشتوانەکەی لە نەتەوەی بەلووچ پێک هاتوون و لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران هەڵکەوتووە، بە یەکێک لە پارێزگا پەراوێزراوەکانی ئێران دێتە ئەژمار و لەو ناوچەیەش بەلووچەکان لەگەڵ حکوومەتی ئێران کێشەی نەتەوەیی و مەزهەبییان هەیە و چەندین حزب و گرووپی نەتەوەیی – مەزهەبی سەریان هەڵداوە کە چەند گرووپێکیان چەکدارن و لە ساڵانی ڕابردوودا بە دەیان ڕووداوی تێکەهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان ڕووی داوە.

هەتا ئێستا بە دەیان چالاکوانی سیاسی، مەزهەبی و چەند سەکردەیەکی بەلووچ لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە لە سێدارە دراون و کۆمەڵێکی بەرچاویشیان لە گرتووخانەکانی ئێرانن.