لە تورکیا بەهۆی ئۆپەراسیۆنی گارەوە چەند بەرپرسێكی باڵا لە پۆستەكانیان دوور دەخرێنەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە تورکیا بەهۆی ئۆپەراسیۆنی گارەوە چەند بەرپرسێكی باڵا لە پۆستەكانیان دوور دەخرێنەوە

شارەزایەکی سەربازی: ئەو ئۆپەراسیۆنە شکستێک بوو بۆ دەسەڵات و سوپا

شارەزایەكی بواری سەربازی و شرۆڤەكاری سیاسی پێیوایە لە ماوەیەكی نزیكدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەنیازە بەهۆی ئەو شكستەی لە ئۆپەراسیۆنی چیای گارە تووشی سوپا بووەوە چەند بەرپرسێكی باڵا لە كار دوور بخاتەوە.

موراد یەتكین، شارەزای بواری سەربازی و شرۆڤەكاری سیاسی، لە نووسینێكدا كە لە ماڵپەڕی (یەتكین راپۆرت) بڵاوی كردووەتەوە، باس لە كوژرانی ئەو ١٣ سەربازە توركە دەكات، كە لە ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر چیای گارە و لێدان لە PKK تووشیان بووە.

یەتكین نایشارێتەوە كە ئەو ئۆپەراسیۆنە شكست بووە بۆ دەسەڵات و سوپا، بۆیە پێی وایە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەردۆغان چەند بەرپرسێكی باڵا لە پۆستەكانیان دوور دەخاتەوە، چونكە ئەوان هۆكاری ئەو شكستە بوون.

یەتكین نووسیویە: "هێشتا كەس نازانێت ئاخۆ ئۆپەراسیۆنی چیای گارە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گارە و دەركردنی PKK بووە لەو ناوچەیە، یان بۆ ئازادكردنی ئەو ١٣ سەربازە دیلە بووە؟ بەڵام كاتێك كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی CHP پرسیار لە ئەردۆغان دەكات و دەڵێت كێ بەرپرسیارە لە كوژرانی ئەو ١٣ سەربازە لەخۆڕا نییە، چونكە بەر لەو ئۆپەراسیۆنە، وەزیری بەرگریی توركیا سەردانی كلیچدارئۆغلۆی كردووە و چۆنیەتیی ئۆپەراسیۆنەكەی بۆ شی كردووەتەوە".

بۆیە موراد یەتكین پێیوایە لە ماوەیەكی نزیكدا چەندین بەرپرسی باڵا لە پۆستەكانیان دوور دەخرێنەوە، ئەویش هۆکارەکەی ئەو شكستەی ئۆپەراسیۆنی گارەیە.

بە گوێرەی بۆچوونی چەند شرۆڤەكارێكی تر، بۆ ئەوەی لە هاوپەیمانیی (كۆماری) لە نێوان AKP و MHP ئاستی جەماوەری نەیەتە خوارەوە، بۆیە ئەردۆغان بۆ شاردنەوەی شكستی گارە، چەندین بەرپرس لە پۆستەكانیان دوور دەخاتەوە، ئەگەر زۆرە یەكێك لەو بەرپرسانە سوپاسالاری توركیا بێت.

رێکەوتی 10/2/2021، وەزارەتی بەرگریی توركیا ئۆپەراسیۆنی (چنگی ھەڵۆ-2)ی دژی پەكەكە لە چیای گارە لە پارێزگای دهۆک دەست پێ كرد و پاش سێ ڕۆژ و ڕێکەوتی 2021/2/14 لەلایەن خلووسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیاوە کۆتایی ئۆپەراسیۆنەکە ڕاگەیەندرا و ڕای گەیاند لەو ئۆپەراسیۆنەدا ١٣ سەربازی دیل تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە و هاوکات ٤٨ چەکداری پەکەکە کوژراون و دوو کەسیش بەدیل گیراون و سێ سەربازی دیکەی تورکیاش کوژراون.