كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

به‌شێكی دیكه‌ی پارەی گەنمی جووتیارانی هه‌رێمی کوردستان خەرج دەکرێ

 بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، قۆناغێکی دیكه‌ی شایستە داراییه‌كانى جووتیارانی هه‌رێمى كوردستان خه‌رج ده‌كرێت، كه‌ بڕه‌كه‌ی چوار ملیار دیناره‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17/2/2021، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقه‌وه‌ ئاگادار کراینەوە، کە لەم ڕۆژانەدا چوار ملیار دیناری دیكه‌ی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ  ساڵی 2020 خەرج دەکرێ".

ڕوونیشی کردەوە، لەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی 100 ملیاری پارەی گەنمی جووتیاران دا و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چوار ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێ.

ئاشكراشی كرد، لەو چوار ملیار دیناره‌ی بڕیاره‌ ڕه‌وانه‌ بكرێ، دووملیار دیناری بۆ هەولێر، یەک ملیار دینار بۆ بۆ سلێمانی و ملیارێك دیناری دیكه‌یشی بۆ دهۆک خەرج دەکرێ.

ئه‌وه‌شی بیر هێنایه‌وه‌، كه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئەو چوار ملیار دینارەش خەرج بکرێ، هیشتا 121 ملیار و 271 ملیۆن و 919 هەزار دیناری پارەی ساڵی 2020ی گەنمی جووتیارانی کوردستان له‌ لای حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق ده‌مێنیته‌وه‌.

نەوزاد شێخ کامیل، ئاشکراشی کرد، تا ئێستا به‌ پێنج قۆناغ، 79 ملیار دینار بۆ جووتیارانی کوردستان خه‌رج كراوه‌.