كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لیژنەى تەندروستیى پەرلەمان: کار لەسەر هەموارکردنەوەى یاساى دەرمانسازى دەکەین

سەرۆکى لیژنەى تەندروستیى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند بە ئامانجى هەموارکردنەوەى یاساى دەرمانسازى بە هاوکارى سەندیکاى دەرمانسازانى کوردستان لە هەوڵى ئەوەدان یاسایەکى گونجاوى سەردەمیانە دابڕێژن.

د.سەباح زێبارى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستى و ژینگە و مافى بەکاربەر لە پەرلەمانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "تا ئێستا لە هەرێمى کوردستان کار بە یاساى ژمارە 40ى ساڵى 1970 ى دەرمانسازی دەکرێت، کە یاسایێکى زۆر کۆنە و لەگەڵ جیهانى پێشکەوتووى ئەمڕۆدا ناگونجێ، بۆیە ئێمە مەبەستمانە یاسایەکى گونجاوى سەردەمیانە دابڕێژین،بۆ چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمان و پیشەى دەرمانسازى بە هاوکارى سەندیکاى دەرمانسازانى کوردستان".

راشیگەیاند: "سەندیکاى دەرمانسازانى کوردستان پێشنیازى ئەوەیان کردووە یاساى پیشەى دەرمانسازى هەموار بکرێتەوە، بۆیە ئێمەش لە لیژنەى تەندروستى بە هاوکارى لیژنەى دەرمان کار لەسەر ئامادەکردن هەمواری یاساکە دەکەین".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" چەندین کێشەى دەرمان هەن لە هەرێمی کوردستان بۆیە دەرچوونى یاسایەکى نوێ بۆ دەرمان و پیشەى دەرمانسازى زۆر گرنگە، بۆ ئەم مەبەستە بۆچوونى کەسانى شارەزا و بەئەزموونى بوارى دەرمانسازى وەردەگرین لەرێگەى کۆنفرانس و وۆرک شۆپى تایبەت".