ئۆتۆمبێلی جەنگی جیهانیی دووەم لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئۆتۆمبێلی جەنگی جیهانیی دووەم لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

 

ئۆتۆمبێلێکی سەردەمی دووەم جەنگی جیهانی تائێستا لەناو شەقامەکانی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەسووڕێتەوە و خاوەنەکەی شانازیی پێوە دەکات، کە ئۆتۆمبێلێکی لەو جۆرەی هەیە.

ئەم ئۆتۆمبێلە جیبێکی مۆدێلی ساڵی 1942ە و یەکێکە لە کۆنترین ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئەو سەردەمە لە سوپای ئەمەریکا.
خاوەنی ئەم ئۆتۆمبێلە ناوی کامیار دانشگەرە و لەبارەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە دەڵێت: "لەناو مۆزەخانەکانی ئێراندا ئۆتۆمبێلی زۆر دانسقە و کۆن هەن، کە لەکار کەوتوون، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەی من کۆنترین ئۆتۆمبێلی ئێرانە، کە لەناو شەقامەکان وەکوو ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی و بەبێ هیچ کێشەیەک کار دەکات و دەتوانم ئەملاولای پێ بکەم".

کامیار بۆ (باس) ئاشکرای دەکات: "چەند ساڵێکە پارە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم ئۆتۆمبێلە خەرج دەکەم و تا ئێستا 400 ملیۆن تومەنم تێیدا خەرج کردووە، تا وەک خۆی لێ بێتەوە و هەر کەس دەیبینێ وادەزانێ تازە دروست کراوە".

نەیشی شاردەوە: "کەلوپەل و کەرەستەی پێویست بۆ ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە لەناو بازاڕ دەست ناکەوێت و دەبێ زۆر پشوودرێژ بی و پارەی زۆری بۆ خەرج بکەی".

گوتیشی: "هەر رۆژێک باران یان بەفر بێ، دڵم نایە ئۆتۆمبێلەکەم بڕەنجێنم و لەماڵ نایهێنمە دەر، بەڵام کەشوهەوا لەبار بێ، بەم ئۆتۆمبێلە لەناو کۆڵان و شەقامەکانی کرماشان دەسووڕێمەوە".

کامیار، کە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئۆتۆمبێلە کلاسیکەکانی کرماشانە، گوتیشی: "لە کرماشان زیاتر لە 90 ئۆتۆمبێلی کلاسیک هەن و هەموو ساڵێک لە پیشانگەیەک بۆ نماییشکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە دەکەینەوە و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانیش بۆ بینینیان سەردانمان دەکەن، بەڵام ئەمساڵ لەبەر کۆرۆنا نەمانتوانی پیشانگە بکەینەوە".