بیرەوەرییەكانی جەلالی سام ئاغا... ئایا ڕێوشوێنی تر بۆ بڵاوكردنەوە نیە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بیرەوەرییەكانی جەلالی سام ئاغا... ئایا ڕێوشوێنی تر بۆ بڵاوكردنەوە نیە؟

جەلالی سام ئاغا كە پێشتر سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان - ئیدارەی سلێمانی – بووە، بیرەوەرییەكانی خۆی نووسیوەتەوە و لەناو ئەو بیرەوەرییانەدا باسی گەندەڵی دەكات، بەڵام بە وتەی خۆی وەزارەتی ڕۆشنبیری ژمارەی سپاردنی ناداتێ بۆ ئەوەی چاپی بكات و بڵاو بكرێتەوە.

من زیاتر لە 10 ساڵ پێشتر و لەسەر داوای خۆی كە تێلی بۆ كردووم دوو جار سەردانی كاك جەلالی سام ئاغام لە ماڵی خۆی لە گردی سەرچناری سلێمانی كردووە و زۆر بەڕێزەوە پێشوازیی لێ كردووم.

1- لە ھەردوو جارەكەدا جەلالی سام ئاغا بە شەفەھی باسی گەندەڵیی بەشێك لە بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانیی بۆ كردووم.

2- ئەو كاتانەی من میوانی جەلالی سام ئاغا بووم، پێشتر وەك ڕۆژنامەنووسێك ھەندێك لە ڕاپۆرتەكانی دیوانی چاودێریی داراییم دەست كەوتبوو بەشێكیشیانم لێ بڵاو كردنەوە، ئەویش پێی وتم ھەرچەندە من نازانم تۆ چۆن ئەو ڕاپۆرتانەت دەست كەوتووە، بەڵام ئەوانە زانیاریی ڕاست و دروستن و فیعلەن ڕاپۆرتی ئێمەن، واتە ڕاپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایین.

3- جاری دووەمی سەردانم بۆ ماڵی جەلالی سام ئاغا، ناڕاستەوخۆ دەمویست بیجووڵێنم لەسەر ئەوەی كە ئایا ئەوانەی دروشمی دژایەتیكردنی گەندەڵییان بەرز كردووەتەوە و خۆیان بە پێشڕەوی شەڕی دژی گەندەڵی لە كوردستاندا بە خەڵك دەناسێنن، ئایا ئەوانە كە خۆیان پێشتر لەناو دامودەزگاكانی ئیدارەی سلێمانیدا بەرپرس بوون، گەندەڵییان نەبووە؟ ئەویش لە وەڵامدا بە چەند نموونەیەكی زیندوو باسی ھەندێك گەندەڵیی ئەو بەرپرسانەشی بۆ كردم.

4- لە ھەمووی سەیرتر ئەوە بوو، ھەردوو جارەكە كە سەردانی ماڵی جەلالی سام ئاغام كرد نیوەڕۆ بوو، ئەو گەڕەكەی ماڵی جەلالی سام ئاغای لێ بوو لەو كاتەی من چووم چۆڵ بوو كەس لەدەرەوە نەبوو، لەناو ماڵیشەوە ھەر ھەردووكمان بووین، كەچی پاش چەند ڕۆژێك بەرپرسێكی باڵای حزبیم لە سلێمانی بینی گوتی: ”سەردانی جەلالی سام ئاغات كردووە؟“ منیش گوتم: ”بەڵێ من ڕۆژنامەنووسم و دەگەڕێم و ئەمە جەوھەری ئیشی منە“، ئەو بەرپرسە وای دەزانی بەرپرسێكی باڵای تری حزبی منی ناردووە بۆ لای جەلالی سام ئاغا تا زانیاری لەسەر ئەو بدات بە من و منیش بڵاوی بكەمەوە. بەڵام پێم گوت: ”نەخێر ئەوە ڕاست نیە و چوونی من بۆ لای جەلالی سام ئاغا لەسەر داوای ڕاستەوخۆی خۆی بووە و ھەر خۆیشی تێلی بۆ كردووم“.

جا ئێستا ئەم كاك جەلالە كە دەیەوێت بیرەوەرییەكانی خۆی چاپ بكات و لەناو ئەو بیرەوەرییانەیدا باسی ئەو گەندەڵییانە دەكات كە خۆی و تیمەكەی بە شێوەیەكی ڕەسمی و بەوردی دەستیان كەوتووە و كردوویانەتە ڕاپۆرتی ڕەسمی، كەچی وەك خۆی دەڵێت وەزارەتی ڕۆشنبیری ژمارەی سپاردنی بۆ چاپكردن ناداتێ.

من نە لایەنگری وەزارەتی ڕۆشنبیریم و نە جەلالی سام ئاغا، بەڵام وەك ھاووڵاتیەك دوو پرسیار دەكەم، ئەگەر وەزارەتی ڕۆشنبیری ژمارەی سپاردن بۆ چاپكردن نەداتە ئەو كتێبەی جەلالی سام ئاغا، ئایا ئیتر كاك جەلال پەكی دەكەوێت و ڕێوشوێنی تر بۆ چاپكردن و بڵاوكردنەوەی ئەو كتێبە نیە؟ باشە خۆ ئەوەندەی لە سلێمانی باسی ئازادیی رادەربڕین و پێویستیی ھەبوونی شەفافیەت دەكرێت، لە ھیچ شوێنێكی تر هێندەی سلێمانی ئەو باسە ناكرێت، ئەی ئیتر بۆچی ناھێڵن جەلالی سام ئاغا، ئازاد و شەفافانە بیرەوەرییەكانی بڵاو بكاتەوە؟