قەڵادزێ.. لە رۆژی ڤالانتایندا کچێک لەسەر شەقام گوڵی سوور دەفرۆشێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

قەڵادزێ.. لە رۆژی ڤالانتایندا کچێک لەسەر شەقام گوڵی سوور دەفرۆشێت

ئاودەنگ کچە دیزاینەر و گوڵفرۆشێکی دانیشتووی قەڵادزێیە، ماوەی چەند ساڵێکە کاری دیزاین و رازاندنەوە دەکات و دوێنێ یەکشەممە لە کارێکی جیاوازیدا وەکو یەکەمین کچە گوڵفرۆشی سنوورەکە دەرکەوت و لە رۆژی ڤالانتایندا لەسەر شەقام گوڵی فرۆشت.

ئاودەنگ، بە (باسنیوز) ی راگەیاند: "حەزم کرد کارێکی جیاواز بکەم و ئەو رێچکەیە بشکێنم کە چیتر کچان شەرم نەکەنەوە لەو کارەی کە خولیایانە، بە بۆنەی رۆژی خۆشەویستییەوە ویستم گوڵی سوور بفرۆشم، سەرەتاش لە زانکۆی راپەرینەوە دەستمپێکرد بەڵام توانیم کەمترین گوڵ بفرۆشم، دواتر بیرمکردەوە بچمە سەر شەقام و لە رێگای دەربەند لە نێوان رانیە و قەڵادزێ دەستمکرد بە فرۆشتنی گوڵە سوورەکانم و تەنیا لە ماوەی نیو کاتژمێردا توانیم نزیکەی (١٠٠) گوڵ بفرۆشم".

گوتیشی: "ھەرکارێک نوێ بێت و بتەوێت تیایدا سەرکەووتووبیت پێویستە رووبەرووی رەخنە و پشتگیری کەسانی دەوروبەر ببیتەوە، ئەو کەسانەی ئەمرۆ گوڵیان لێ کریم ھەموویان دەستخۆشییان لێکردم، بەڵام کەسانێکی زۆریش دژی کارەکەم بوون و رەخنەیان لێگرتم، بەڵام ھەر کارێک ئامانجی لە پشت بێت کەس ناتوانێت بتوەستێنێت و لە کارەکەم بەردەوام دەبم و دووبارە دەچمەوە سەر شەقام گوڵ دەفرۆشم، پێشتریش دووکانم ھەبوو کاری گوڵفرۆشیم دەکرد، بەڵام ویستم کارەکەم ببێتە کارێکی جیاواز و لە چوارچێوەی دووکانێکدا نەمێنمەوە".