لە هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا عەلمانییەت كۆتایی پێ دێت؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا عەلمانییەت كۆتایی پێ دێت؟

"دەنگێك داوای یاسای شەریعەت دەكات"

ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، دەیان بابەتی لە توركیا بە شێوەیەكی خێرا گۆڕی، دیارترینیان گۆڕینی یاسای شەریعەتی ئیسلام بوو، بە یاسای مەدەنی. هەروەها موستەفا كەمال ئەتاتورك دامەزرێنەری كۆماری توركیا، سیستەمی سیاسی لە توركیا لە ئیسلامییەوە گۆڕی بۆ عەلمانییەت.

زیاتر لە ١٠٠ ساڵە توركیا خۆی لەگەڵ سیستەمی عەلمانیدا گونجاندووە، گەلی توركیاش بە شێوەیەكی گشتی دڵخۆشن بەو سیستەمە و پارێزگاریی لێ دەكەن.

دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، بەڵێنی بە گەلی توركیا دا دەستوور هەموار دەكەنەوە و دەستوورێكی مەدەنی پیشكەشی هاووڵاتییان دەكەن، دەنگێك لەناو AKP و دەرەوەی ئەو پارتە بەرز بووەتەوە و داوای گێڕانەوەی شەریعەتی ئیسلام دەكەن و دەڵێن ئیدی سیستەمی عەلمانییەت با كۆتایی پێ بێت.

ئەو دەنگە ئەگەر لاوازیش بێت، بوونی هەیە و لەسەر ئاستی باڵاشدا پارێزگاری لەو دەنگە دەكرێت، بەڵام لە بەرامبەر ئەو دەنگەدا، دەنگێكی بەرزتر هەیە كە داوا دەكەن سیستەمی عەلمانییەت لە توركیا زیاتر برەوی پێ بدرێت.

چەند ساڵێك بەر لە ئێستا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەردانی میسری كرد و لەگەڵ سەرۆكی كۆچكردووی میسر كە سەر بە ئیخوان بوو (مورسی) كۆ بووەوە و لەوێ داوا لە حكوومەتی تازەی میسر كرد، دەستوورەكەیان دەستوورێكی عەلمانی بێت.

ئەردۆغان پشتگیری لە عەلمانییەت كرد و داوای لە گەلی توركیاش كرد بیر لەوە نەكەنەوە عەلمانییەت لە توركیا كاڵ بكەنەوە، چونكە ئەوە عەلمانییەتە توركیای بە پێوە هێشتووەتەوە.

بەڵام ئەردۆغان زۆر جار قسەی كردووە و پاشان لە گوتەكانی پەشیمان بووەتەوە، بە تایبەت كاتێك بزانێت ئاستی جەماوەری لە كەمی داوە، بۆیە تاكوو ئێستا نازانرێت، ئاخۆ ئەردۆغان لەگەڵ ئەوەیە دەستووری توركیا پەیوەست بێت بە ئایینی ئیسلامەوە، یان بەردەوامە لە پشتگیریكردنی عەلمانییەت لە توركیا؟

ئەحمەد هاكان نووسەری دیاری توركیا، لە رۆژنامەی (حوریەت) نووسیویەتی، پێویست دەكات لە توركیا دیندارەكان زیاتر پشتگیری لە عەلمانییەت بكەن، چونكە لە سایەی عەلمانییەتەوەیە ئەوان ئازادن.

ئەو نووسەرە نووسیویە: "سەیرم پێدێت هەندێك باس لە دروستكردنی دەستوورێكی تازە دەكەن، كە خاڵی بێت لە عەلمانییەت، ئاخر ١٠٠ ساڵە دەوڵەت بەو شێوەیە دروست بووە، تۆ دەتەوێت سەر لە نوێ دەوڵەتی توركیا دروست بكەیتەوە؟ لە سیستەمی عەلمانییەتدا، ئایینەكان بە شێوەیەكی ئازادانە دینداریی خۆیان دەكەن و ناشهێڵن دین بۆ مەرامی خراپ بەكار بهێنرێت، بۆیە بەر لە هەر كەسێك، دەبێت دیندارەكان پشتگیری لە عەلمانییەت بكەن".

 بە بۆچوونی زۆرێك لە شارەزایانی بواری سیاسی، ئەگەر توركیا دەستبەرداری عەلمانییەت ببێت، دەوڵەتەكەی بە ئاسانی دەڕووخێت و ئەو پێگە و هێزەی لە ناوچەكە نامێنێت. هەروەك چۆن ناویان لە دەوڵەتی عوسمانی نابوو، پیاوە نەخۆشەكە، ئەگەر دەستبەرداری عەلمانییەت ببێت بە هەمان شێوە دوای ١٠٠ ساڵ هەمان ناو دەخرێتەوە پاڵ توركیا..

دەبێت ئەوەش باس بكرێت، ئەردۆغان دەیەوێت ئاسەواری ئەتاتورك لە توركیا كاڵ بكاتەوە، بۆ ئەمەشیان هەنگاوی زۆری ناوە، دیارترینیان گۆڕینی سیستەمی سیاسی بوو، لە پەرلەمانییەوە بۆ كۆماری، كە ئەتاتورك پاڵپشتییەكی تەواوی لە سیستەمی پەرلەمانی دەكرد.