بچن دەرمانی دەردی خۆتان بكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بچن دەرمانی دەردی خۆتان بكەن

 

وشە فڕێ دەدەن بەبێ ئەوەی پێناسە و مەغزاكەی بزانن، قسە دەكەن بەبێ ئەوەی مانای ئەو قسانە بزانن كە دەیكەن، گرووپی پەرلەمانتارانی ھیواكوژ كە ناویان لە خۆیان ناوە (فراكسیۆنی ھیوا!)، چونكە هەم خۆیان فرۆشتووە و هەم لەلایەن كڕیارانیانەوە زۆر خراپ ترسێنراون و میلیشیاكانی بەغدا و ئاغاكانیان لەرزیان لێ هێناون، ئەژنۆیان شكاوە و دەیانەوێت كورد وەك خۆیان بترسێنن و ئەژنۆی كوردیش بشكێنن، ئەوەتا دیسان یەكێك لەو بەزیوە ترسنۆكە ئەژنۆ شكاوە چۆكدادەرەی ناو ئەو فراكسیۆنە ھیواكوژە دەڵێت: ”ئەگەر ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا ڕێكنەكەوێت تووشی كارەسات دەبێت“.

ئەگەر مەبەستی ئەو ئەژنۆ شكاوە لە كارەسات، كارەساتی ئابووری بێت، با بچێت لە وەزارەتی پلاندانانی عێراقەكەی خۆی بپرسێت كە ئایا ڕێژەی ھەژاری لە شارە شیعەنشینەكانی ژێر دەستی ئاغاكانی چەندە؟ با بچێت و بزانێت ئایا ئەوە ڕاستە كە ئەو ڕێژەی ھەژاریە ھەر بۆ نموونە لە پارێزگای موسەننا لە سەتا 52، لە دیوانیە لە سەتا 49، لە زیقار لە سەتا 46، لە میسان لە سەتا 46ە، بەڵام لە ھەرێمی كوردستان لە سەتا دوازدەیە؟ ھەژاری واتە نەتوانینی دابینكردنی پێداویستیە سەرەكییەكانی ژیانی ڕۆژانە.

جا ئایا بە گوێرەی ئەو ژمارانە كارەسات لە عێراقدا ھەیە یان نا؟ ئەم جوانكردنەی عێراق بۆچی؟ خۆ ئەگەر مەبەستی ئەو زراوتەقیوەی ناو فراكسیۆنی ھیواكوژ لە كارەسات، كارەساتی سیاسی بێت با ھیچ نەبێت تەنیا سەیری دوو ھەواڵی ئەمڕۆی ناو بەغداكەی خۆی بكات یەكێكیان بەشێك لە وتەیەكی كازمیە كە دەڵێت: ”لە یەكەم ڕۆژی دەستبەكاربوونمەوە ھەوڵی دروستكردنی دەوڵەت دەدەم“. عەمار حەكیمیش دەڵێت: ”جگە لە دروستكردنی دەوڵەت ھیچ بژارەیەكی ترمان لەبەردەمدا نیە“ ئەمەش دانپیانانێكی ناڕاستەوخۆی كازمی و عەمار حەكیمە بەوەی كە لە عێراقدا شتێك نیە ناوی دەوڵەت بێت! جا باشە وڵاتێك دەوڵەتی تیا نەبێت، ئیتر ئاخۆ چ كارەساتێكی سیاسی لەو كارەساتە گەورەترە؟

جگە لەمانەش با ئەو لەترسا ڕەنگپەڕیوەی فراكسیۆنی ھیواكوژ، بچێت چاوێك بە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكاندا بخشێنێت و بزانێت: ئایا لەسەر ئاستی جیھان عێراق چەندەمین دەوڵەتە لە ڕێژەی گەندەڵیدا؟ چەندەمین دەوڵەتە لە بێئەمنی و نائەمانیدا؟ چەندەمین دەوڵەتە لە پیس و پۆخڵیدا؟ چەندەمین دەوڵەتە لە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە؟ چەندەمین دەوڵەتە لە بێ خزمەتگوزاریدا؟ چەندەمین دەوڵەتە لە خراپیی جۆری پاسپۆرتەكەیدا؟ چەندەمین دەوڵەتە لە بازرگانیكردن بە مادە ھۆشبەرەكاندا؟ چەندەمین دەوڵەتە لە مامەڵەی دیموكراسییانە لەگەڵ نەیاران و چالاكوانانی سیاسی و مەدەنیی خۆیدا؟

ئایا بۆ ئەو تەسلیمبووەی ناو فراكسیۆنی ھیواكوژ وا باشتر نیە لەجیاتی ئامۆژگاریكردنی ھەرێمی كوردستان، بچێت تەگبیری ڕزگاركردنی عێراق لەو ھەموو كارەساتە بۆ ئاغاكانی خۆی بكات و دەرمانی دەردی خۆیان بكەن؟ ئەو ئاغایانەی كە ھەر خۆیان ئەو ھەموو كارەساتانەیان بۆ عێراق دروست كردووە بەبێ ئەوەی ھەرێمی كوردستان ھۆكار بێت، یان دەستی لە ڕوودانی ھیچ یەكێك لەو كارەساتانەدا ھەبووبێت.

خۆ ئەگەر مەبەستی ئەو بەزیوە چۆكدادەرە ئەوە بێت كە ھەرێمی كوردستان بەوە بترسێنێت كە ئەگەر لەگەڵ عێراق ڕێكنەكەوێت ڕەنگە عێراق كاردانەوەی سەربازییشی ھەبێت، دەبا ئاغاكانی ئەمجارەش بچن ئەبرامزێكی تر بھێنن بۆ پردێ و دووبارە ڕیزێك ھەمەریش بھێنن بۆ سحێلا، بەڵكوو ئەنجامێكی جیاوازتر لەو ئەنجامە ببینن كە لەدوای خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بینییان!