دیوارێكی گەورەی مێژوویی لە ئامەد دەڕووخێندرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دیوارێكی گەورەی مێژوویی لە ئامەد دەڕووخێندرێت

هاووڵاتییان نیگەرانن و داوا دەكەن شارەوانی بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە

لە تەنیشت رووباری دیجلە و لە باكووری ڕۆژهەڵاتی ئامەد، دیوارێكی مێژوویی هەیە كە درێژییەكەی ٥٨٠٠ مەترە و لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە دەڕووخێندرێت و هاووڵاتیانیش نیگەرانن.

دیواری (سوور) كە درێژییەكەی ٥٨٠٠ مەترە و بەرزییەكەشی ٢٢ مەترە، لە ٢٠١٥ لە لایەن یۆنسكۆوە بە فەرمی وەكوو دیوارێكی مێژوویی تۆمار کرا و ناوی چووە لیستەوە، بەڵام شارەوانیی ئامەد بەبێ گوێدانە یۆنسكۆ بڕیاری رووخانی دیوارەكەی داوە.

ئەم دیوارە و دوو تاوەری تر بە ناوەكانی (٧ برا و بەدەنێكی بەشوودراو)، لە سەردەمی ئارتوكلوەكاندا دروست كراوە و لەلای ئامەدییەكان و ئەو گەشتیارانەی رووی تێ دەكەن سەرنجڕاكێشە و هەزاران وێنەی لەگەڵدا گیراوە.

لە نێوان تاوەرەكانی (٧ برا و بەدەنێكی بەشوودراو) ناوچەیەك دروست كراوە بەناوی (بێنووسێن)، كە لە ٢٠٠ خانوو و باڵەخانە پێك هاتووە. بە رووخانی ئەو دیوارە و دروستكردنی پڕۆژەیەك لەسەری، ٧٢ باڵاخانە دەڕووخێندرێت و هاووڵاتییانیش بە پارەیەكی كەم قەرەبوو دەكەنەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، ناوچەی (بێنووسێن) تا باخچەی میللەت درێژ دەبێتەوە و ئیدی هاووڵاتییان دەبێت بەپێ بەو شوێنەدا بڕۆن وەكوو شوێنێكی گەشتیاری.

مونیر كەڕاڵئۆغلۆ پارێزگاری ئامەد، ئاماژەی بەوە داوە: "ئێمە دەستمان كردووە بە چۆنیەتیی قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی خاوەن موڵكن و نامانەوێت مافیان بفەوتێت. تاكوو ئێستا ١٠ ملیۆن لیرەی توركیمان وەكوو قەرەبوو داوەتە ئەو كەسانەی موڵكەكانیان دەكەوێتە سەر ئەو پڕۆژەیە و بەردەوامیش دەبین لە قەرەبووكردنەوە".

دانیشتوانی ئەم ناوچەیە زۆر هەژارن و لە ساڵانی 90کاندا بە زۆر نێردراون بۆ ئەوێ و ئیدی ژیانێكی هەژارانەیان هەبووە.

فەتحیە گولتەكین كە دانیشتووی ناوچەی (بێنووسێن)ە، خانوویەكی هەبووە و بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە شارەوانی خانووەكەی رووخاندووە و لەبری ئەو خانووەش ٥٦ هەزار لیرەی وەكوو قەرەبوو وەرگرتووە، بەڵام ئەو دەڵێت ئەو پارەیە كەمە و ئێستا چوونەتە خانوویەكی بە كرێ و مانگانە ٣٠٠ لیرە كرێ دەدەن.

ئەو بۆ "هەولێر" قسە دەكات و دەڵێت تەنیا دوو كوڕم هەبوو و یەكێكیان بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا. ئێستا بژیومان زۆر خراپە، چونكە جاران هەر هیچ نەبایە خانوویەكمان هەبوو تێیدا بژین، بەڵام ئێستا كرێی خانوو ژیانی تاڵ كردووین".

عەزیزە ئەردۆغانیش یەكێكی ترە لەو ئافرەتانەی خاوەنی ٧ سەر خێزانن، ئەو دەڵێت بەهۆی شەڕی ناوچەی سوور، ئێمە گوێزراینەوە بۆ ناوچەی (بێنووسێن)، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا لە خانووەكەمان دەركراوین، ژیانمان كوڵەمەرگییە و نازانین بۆ كوێ بڕۆین.

هاووڵاتییان نیگەرانن لەو پڕۆژەیە، چونكە ژیانی ئەوان لەپێناو پڕۆژەیەكدا تێك دەچێت، بۆیە داوا دەكەن لایەنی پەیوەندیدار بە هانایانەوە بچن.

عەزیز دەرین قسەی بۆ بەشی تورکیی ئاژانسی (BBC)ی كردووە و، دەڵێت گیرفانم تەنیا ١٥ لیرەی تێدایە، ئەو قەرەبووەش لەبری خانووەكەم وەرم گرتووە، لە شوێنێكی تردا یەك ژووریشم پێ  ناكڕدرێت، ئیتر نازانم هانا بۆ كێ ببەین.