بۆ فراكسیۆنی ھیواكوژ و ھەر كەسێك ھەست بكات لەگەڵ ئەومە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆ فراكسیۆنی ھیواكوژ و ھەر كەسێك ھەست بكات لەگەڵ ئەومە!

 

ئیماراتی عەرەبی مسباری ھیوایان ھەیە و پێی گەیشتنە سەر هەسارەی مەریخ، كەچی كوردیش فراكسیۆن یان مسباری ھیوای ھەیە و پێی دەگاتە بەغدا و لە بەغداش لە هەسارەی میلیشیاكانی ئاغاكانیان دەنیشنەوە! لەناو ئەم فراكسیۆنی ھیوایەدا كە عادەتەن یەكێكیان فەرمایشتێك دەفەرمووێت ئەگەر كەسی تری ناو ئەو فراكسیۆنە فەرمایشتی جیاوازی نەبێت، كەواتە فەرمایشتی یەكێكیان فەرمایشتی ھەموویانە، سەرلێشێوێنراوێكی ناو ئەم فراكسیۆنی ھیواكوژە لەدوای كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت: ”قسەكانی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی بۆ ئەوەیە كە ڕێككەوتن نەكرێت!“

ئەوەی بەوردی بەڵام بەبێ داخ لەدڵی و بەبێ ڕقی كوێرانە، باش گوێی لە ھەموو قسەكانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەدا گرتبێت، دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە قسەكان بۆ ڕێككەوتن بووە بەڵام ڕێككەوتن بەگوێرەی دەستوور و لەسەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتییش لەسەر بابەتی نەوت.

حەز ناكەم وەك فراكسیۆنی ھیواكوژ خەریكی ئینشا و بەیت و بالۆرەی بێ بنەما بم، بۆیە تایبەت بەم بابەتە شیكردنەوەیەكی كورت تەنیا بۆ یەك بڕگەی ناو یەك مادەی دەستووری عێراق دەكەم، ئەویش بڕگەی 1ی مادەی 112ی ئەم دەستوورەیە، چونكە ھەموو دژە كوردەكانی بەغدا و ھەموو ئەوانەی وەك فراكسیۆنی ھیواكوژ بیر دەكەنەوە، ھەر كە باسی نەوت دەكرێت تەنیا خۆیان ھەڵدەواسن بە مادەی 111ی دەستوور كە دەڵێت نەوت و غازی ھەموو ھەرێم و پارێزگاكان موڵكی ھەموو گەلی عێراقە، ئیتر چاویان لە ئاستی مادەی 112دا كوێر بووە:

وەك شیكردنەوەیەكی كورت بۆ بڕگەی یەكەمی مادەی 112 دەبێ ھەردوو حكوومەتی عێراق و ھەرێمی كوردستان، بەیەكەوە ئیدارەی نەوت و غاز بكەن، بەڵام خاڵێكی زۆر گرنگ لەم بڕگەیەدا ھەیە ئەویش ئەوەیە، ئەو ئیدارە ھاوبەشە بۆ كێڵگەكانی ئێستایە كە بە عەرەبی نووسراوە (الحقول الحالية)، كێڵگەكانی ئێستاش ئەو كێڵگانەن كە لە كاتی دەستكردن بە جێبەجێكردنی دەستوور و پێش ئەو كاتە نەوتیان تیا بەرھەم ھاتووە، ئەوەش دەكاتە ساڵی 2006 و پێش ئەو ساڵە و پێشتریش ھەرێمی كوردستان نەوتی بەرھەم نەھێناوە.

كەواتە ھەموو كێڵگە نەوتیەكانی ھەرێمی كوردستان كە لە دوای ساڵی 2006 نەوتیان تیا بەرھەم ھاتووە، دەكەونە دەرەوەی ئەو بڕگەیە و بە كێڵگەكانی ئێستا دانانرێن، ئا لێرەوە كەواتە ھەرێمی كوردستان تەنیا و تەنیا خۆی مافی ئیدارەدانی كێڵگە نەوتیەكانی خۆیی ھەیە و بۆ ئیدارەدانی ئەم كێڵگانەی ھەرێمی كوردستان، عێراق تەنانەت مافی ئەوەشی نیە داوای ئیدارەی ھاوبەش لە ھەرێم بكات، بەڵام بۆ كێڵگە نەوتیەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان دەبێ حكوومەتی عێراق بە ھاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی ھەرێم و ئەو پارێزگایانەی پێش ساڵی 2006 نەوتیان تیا بەرھەم ھاتووە بەڕێوە ببرێن.

خۆ ئەگەر مەبەستیش لە گرێبەستە نەوتیەكانی ھەرێمی كوردستان بێت كە پێش بەرھەمھێنانی نەوتی خۆی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتیەكان كردوونی، ئەمەشیان بەگوێرەی مادەی 141ی دەستوور دانی پیا نراوە، چونكە بەگوێرەی ئەم مادەیە ھەموو یاسا و ھەموو بڕیارەكانی دادگا و ھەموو گرێبەستەكانی ھەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 1992وە دەركراون، ھەر ھەموویان شەرعیەتی دەستوورییان ھەیە.

ئینجا كاتێك سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەڵێت: ”دەمانەوێت ڕێك بكەوین بەڵام ڕێككەوتن بەگوێرەی دەستوور“، ئەوە بە مانای ئەوەیە دەبێت و پێویستە ھەموو مادە و بڕگەكانی دەستوور وەك خۆیان شی بكرێنەوە و وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن، ئەگینا بەدەر لە دەستوور و ئەم شیكردنەوە دەستوورییانە، فراكسیۆنی ھیواكوژ و ھەر كەسێكی تر لە عێراق داوای ڕێككەوتن بكات ئەوە ئەوانن كە ڕێككەوتنیان ناوێت و دەیانەوێت ھەرێمی كوردستان تەسلیم بێت.

جا پوختەی قسەكانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەكەی 10 – 2 – 2021 ئەوەیە كە ھەرێمی كوردستان ئامادەی ڕێككەوتنە بە گوێرەی دەستوور، بەڵام ئەوەی بەتەمای تەسلیمبوونی ھەرێمی كوردستانە ئەوە با خۆی ماندوو نەكات و كات بە بەلاش نەكوژێت!