فەڕەنسا لە نێوان ئیسلام و سێکۆلاریزمدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فەڕەنسا لە نێوان ئیسلام و سێکۆلاریزمدا

لە ماوەکانی ڕابردوو ئیمانوێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەڕەنسا ڕای گەیاند کە ئێمە رێگری لە توندرەوەی دینی دەکەین و زیاتر وتی کە ئێمە ڕووبەڕووی ئیسلامییە جوداخوازەکان دەبینەوە. ئەم دەربڕینەی ئیمانوێل ماکرۆن لەلایەن زۆربەی خەڵکی فەڕنساوە ڕەخنەی لێ گیرا بەوەی کە هێرش دەکاتە سەر پێکهاتەی موسڵمان لەم وڵاتەدا و ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسییە. فەڕەنسا وڵاتێکە کە چەندین دینی جیاوازی تێدایە بۆ نموونە، نیوەی دانیشتووانی پێکدێن لە مەسیحی، هەروەها خاوەن گەورەترین پێکهاتەی موسڵمان و جووە لە ئەورووپادا، لەگەڵ ئەمەشدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی فەڕەنسا باوەڕیان بە هیچکام لە دین و کتێبە ئاسمانییەکان نییە. ئەوەی یارمەتیی کۆمەڵگەی فەڕەنسای داوە کە ببێتە کۆمەڵگەیەکی فرەدینی، بریتییە لە (laicite – سێکولاریزم).  

لە دوای چەندین ساڵ کێشمەکێش و ڕکابەری لەگەڵ کڵێسەدا، سەرەنجام لە ساڵی (١٩٠٥) فەڕەنسا بەپێی یاسا بووە وڵاتێکی سێکولار. ئێستا بە شێوەیەکی روون دیارە کە فەڕەنسا وڵاتێکی سێکولارە بەو پێیەی کە سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، لە کاتی سوێندخواردنی وەک سەرۆکی فەڕەنسا، لە بەرامبەر هیچکام لە کتێبە پیرۆزەکاندا سوێندی نەخوارد.

لەڕاستیدا مانای (سێکوڵاریزم) بەو مانایە دێت، کە دەوڵەت بێلایەن دەبێت لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا. خەڵک بە هەموو توانایانەوە کار دەکەن بۆ بەرەوپێشچوونی دەوڵەت، فەرمانبەرانی وڵات بێلایەن دەبن و هەموو فەرەنسییەک لەبەردەم یاسادا یەکسانن. خەڵک ئازادە کە خاوەن بیروباوەڕی دینی بێت، یان خاوەنی هیچ بیروباوەڕێک نەبێت. هەرچەند لەڕاستیدا خەڵک لە ژیانی خۆیاندا بێلایەن نین و هەر کەسێک بیروباوەڕێکی هەیە. لەم ساڵانەی دواییدا، حکوومەتی فەڕەنسا بە شێوازی نوێ دەیەوێ سێكۆلاریزم بچەسپێنێت و بە هەموو ئامرازێک دەیەوێت دین لەنێو خەڵکدا دوور بخاتەوە، وەک ئەو یاسایەی کە لە ساڵی (٢٠٠٤)دا پەسەند کرا بەوەی کە هەموو سیمبۆلێکی دینی لە قوتابخانەکان قەدەغە کرا، وەک نیشانەی مەسیحییەت لە ملی قوتابیان، هەروەها ئافرەتانی موسڵمان ناتوانن سەریان دابپۆشن، منداڵانی جوولەکە قەدەغەیە کڵاوی دینی بەکار بهێنن، هەموو ئەوانە لەژێر ناوی سێکۆلاریزمدا قەدەغە کران. ئەم پرۆژەیەی ئێستا نێردراوە بۆ پەرلەمانی فەڕەنسا باسی لە سێکۆلاریزم نەکردووە، بەڵام باس لە بنەماکانی کۆماری دەکات، وەک ئازادیی ڕادەربڕین.

لە دوای ساڵی ٢٠١٥، زیاتر لە٢٠٠ کەس لە فەڕەنسا کوژراون، زۆربەیان لەلایەن ئەو چەکدارانەوە کۆژراون کە توندڕەو بوون و مەیلیان بۆ (داعش و قاعیدە) هەبووە، وەک هێرش بۆ سەر رۆژنامەی (شارلی ئێبدۆ) کاتێک ئەو رۆژنامەیە کاریکاتێری (محەمەدی پێغەمبەر)یان دروست کرد، کە ئەمەش لە ئیسلامدا بە هچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە. (٩٠) کەس لە ئەنجامی هێرشی چەکداری بۆ سەر شانۆی (باتاکلان) کوژراون، دواتر بارهەڵگرێک خۆی کێشا بە شوێنێکی قەرەباڵغدا، هەروەها هێرشکردنە سەر بازاڕی کریسمەس. دووبارە لە ساڵی (٢٠٢٠) رۆژنامەی (شارلی ئێبدۆ) کاریکاتێری (محەمد پێغەمبەر)ی دروست کردەوە، لە ئەنجامدا دوو کەس لە پێش بینای کۆنی رۆژنامەکە بە چەقۆ کوژران.

(ئیمانوێل ماکرۆن) رای گەیاند کە ئێستا ئیسلام لە قەیراندایە. ئەم راگەیەندراوەی (ماکرۆن) بووە هۆی ناڕەزایی سەرکردە موسڵمانەکان و لە چەندین وڵات لەدژی ئەو لێدوانە خۆپیشاندان کرا و چەندین خەڵکی موسڵمان لە سەرتاسەری جیهان بایکۆتی شتومەک و بەرهەماکانی فەڕەنسیان کرد. ماوەیەک دواتر مامۆستایەک کە باسی ئازادیی ڕادەربڕینی دەکرد لە فەڕەنسا سەر بڕدرا. دوای ماوەیەک هێرش کرایە سەر کڵێسەیەک و ژمارەیەک خەڵک کوژران. لە ئەنجامدا (ئیمانوێل ماکرۆن) ویستی بە زووترین کات ئەم پرۆژەیاسایە پەسەند بکرێت و بکرێتە یاسا.

لەم پرۆژەیاسایەدا هاتووە کە "سزای توندتر بۆ ئەو کەسانە دادەنرێت کە لەژێر ناوی دیندا هەڕەشە، یان هێرش دەکەنە سەر خەڵک"، هەروەها ئەو کەسانەی کە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە ڕادەربڕینی توند و کینەیی دەردەبڕن، سزا دەدرێن، هەروەها کەمکردنەوەی یارمەتیدانی رێکخراوە بیانییەکان کە زیاتر مەبەست لێی رێکخراوە دینییەکانە. ئەمە تەنها بەشێکی پرۆژەیاساکەیە. لە بەشێکی تردا دەڵێت، بەرپرسەکان دەتوانن بە هێزەوە ڕووبەڕووی هاوسەرگیری بە زۆر ببنەوە، هەروەها رێگری لە هەبوونی فرەژنی دەکات، هەروەها ئەو کەسە سزا دەدرێن کە پێش پرۆسەی هاوسەرگیری پشکنین بۆ کچێنیی ئافرەتان دەکەن. حکوومەتی فەڕەنسا زیاتر بەرەنگاری دینەکان بووەوە بە چاودێریکردنی چڕی قوتابخانە تایبەتەکان، هەروەها ئەو قوتابخانانەی کە لە ماڵەکاندا وانەی دینییان تێدا دەخوێندرێت. لە ماوەکانی رابردوودا چەندین مزگەوت و رێکخراو داخراون بەوەی کە پەیوەندییان  بە رێکخراوە توندرەوەکانەوە هەبووە، هەرچەند کە ئەمە لەلایەن پیاوە ئاینییەکانەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرکردە موسڵمانەکان لە فەڕەنسا ناکۆکن لەسەر ئەو هەڵوێستەی حکوومەتی فەڕەنسا بە جۆرێک کە، ڕێکخراوێکی ئیسلامی رای گەیاند پێویستە ڕووبڕووی (ئیسلامی جوداخواز) ببینەوە. لەلایەکی ترەووە خەڵکی موسڵمانی فەڕەنسی پێیان وایە حکوومەتی فەڕەنسا ئەم یاسایە پەسەند دەکات کە موسڵمانەکانی وڵاتەکەی بە هاووڵاتیی راستەقینەی خۆی نازانێت.

هەندێک لە چاودێران لە فەڕەنسا پێیانوایە (ئیمانوێل ماکرۆن) دەیەوێت ئەم پرۆژەیاسایە پەسەند بکرێت و وەک پرۆپاگەندەیەک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ساڵی (٢٠٢٢)، بە مانایەکی تر، ئەو کارەی کە ماکرۆن دەیکات لە ئێستاوە بانگەشەیە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی چەپەکان و راستەکانی وڵات بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٢٢)ی سەرۆکایەتیی فەڕەنسا.

پەرلەمانی فەڕەنسا و سێناتی ئەو وڵاتە تا ئێستا ئەم پرۆژەیاسایەیان پەسەند نەکردووە، چونکە هەڵسەنگاندنێکی وردی پێویستە بۆ ئەوەی، کە بارودۆخی کۆمەڵگەی فەڕەنسی لەگەڵ ئەم پرۆژەیاسایەدا هەڵبسەنگێنن، بە دڵنیایەوە لە کاتی پەسەندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە دەبێ چاوەڕوانی کاردانەوەی موسڵمانەکان بکەین.