ئەشکەوتی چارستین ئاتەشکەدەیەکی زەردەشتی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەشکەوتی چارستین ئاتەشکەدەیەکی زەردەشتی

ئەشکەوتی چارستین یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی شاری دهۆک کە مێژوویەکی سێ هەزار ساڵەی هەیە.

ئەم شوێنەوارە کە بە گوتەی سەرچاوەکان پەرەستگەیەکی ئایینی زەردەشتییە و هەندێ کەس بە پەرەستگەی ئاناهیتا ناوی دەبەن، کەوتووتە ناوچەی گەلی دهۆک لە چیای سپی.

بۆ گەیشتن بەو شوێنەوارە، سەرەتا کە لە خوارەوەی چیاکە سەردەکەوی بۆ سەرەوە، دەگەیتە کۆمەڵێک شوێنەوار کە بە تەلبەند سنووردار کراون و لە یەک جیا کراونەتەوە، یەکێک لەو شوێنەوارانە گۆڕستانێکە کە لە چەندین بەردی  تەختی کۆن و مێژوویی پێک هاتووە کە هەر یەکە و شوێنی ناشتنی کەسێکە.

شوێنێکی شوێنەواری دیکە کە لە خوار گۆڕستانەکەیە، شوێنەکە بۆ تواندنەوەی ئاسن و کانزا بەکار هاتووە، کە ئەویش هەر بە تەلبەند سنووردار کراوە.

لە تەنیشت ئەمانەوە پارچە بەردێکی گەورە هەیە کە بەپێی زانیارییەکان دەبێت ئاتەشکەدەیەکی کراوە بێت کە هێچ دیوار و سەقفێکی نییە و تەنها لە شوێنێک تەختەبەردێک بە بەرزیی نیو مەتر وەک پەناگەیەکە کە دیارە بۆ پاراستنی ئاگرە پیرۆزەکە بەکار هاتووە.

لە پاش بەجێهێشتنی ئەم شوێنەوارانە، لە چەندین پلیکانە سەر دەکەوی و دەگەیە دەروازەیەک کە لەناو تەختەبەردێکی گەورە درووست کراوە، کە لە دەروازەکە تێ دەپەڕیت و پاش چەند مەترێک لە دەستی راستی خۆت ئەشکەوتێکت لێ دیار دەبێت کە بە ئەشکەوتی چارستین بەناوبانگە.

چارستین بە واتای چوار ستوون دێت، بۆیە وای پێ دەگوترێ، چونکە لە ناوەندی ئەشکەوتەکە چوار ستوونی سروشتی دەبینرێت کە لە زەوی ئەشکەوتەکەوە هەتا سەقف درێژە و پێوە نووسراوە. ستوونەکان لە بەشی خوارەوە و بەشی کۆتایی واتە سەرەوە بە شێوازی خڕ و بازنەیین، بەڵام لە ناوەندی ئەستوونەکان باریک دەبن و رێک شێوەی پیاڵەی چاخواردنەوە دەدەن.

لە ناوەندی چوار ستوونەکە زەوی بە بەرزیی نیو مەتر بەرز دەبێتەوە و دەبێ لە سێ پلیکانەی سروشتی کە دیارە بە تێپەڕینی کات و دانانی شوێنی پێ دروست بووە، سەربکەوی بۆ ناوەندی ستوونەکان کە دیارە ئەم گۆڕەپانە شوێنێک بووە بۆ کردنەوەی ئاگر و ڕێوەرەسمە ئایینیەکان بەکار هاتووە.

لە دیوی ژوورەوەی ئەشکەوتە، لە هەر سێ سووچەکە و لە تەنیشت دیوارەکە بە شێوازی کورسی هەیە کە دیارە بە مەبەستی دانیشتینی خەڵک و جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینییەکان درووست کراوە.

یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ئەشکەوتە، پەنجەرەیەکی مەیلە و  چوارگۆشەیە کە بە گوتەی سەرچاوەکان بۆ ڕاکێشانی رووناکی بۆ ناو ئەشکەوتەکە بەکار هێندراوە، لە زۆربەی کاتەکانی رۆژ کە لە بەرانبەر پەنجەرەکە رادەوەستی، تیشکی خۆر دەکەوێتە ناو ئەشکەتەکە و رووناکی دەکاتەوە.

سەقفی ئەشکەوتەکە و بەشێک لە سەرەوەی ستوونەکان بەهۆی دووکەڵ و کردنەوەی ئاگر بەتەواوەتی رەش بووە کە ئەمیش نیشانەی  مێژوو و کەونارابوونی ئەم ئەشکەوتەیە کە لە ساڵانێکی دوور و درێژەوە وەک ئاتەشکەدە (ئاورگە) بە کار هاتووە.

ئەشکەوتی چارستین تا ئێستا دوو جار لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە نۆژەن کراوەتەوە، یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٩ و دووەم جاریش لە ساڵی ٢٠١٣ بووە.

وێڕای هەوڵدان بۆ پاراستنی ئەم شوێنەوارە، هەوڵ دراوە وەک شوێنێکی گەشتوگوزاری بەکار بێت و بە دروستکردنەوەی شوێنی دانیشتن و سەوزایی و دابینکردنی پێداویستیی حەوانەوە، ئاسانکاری کراوە بۆ بە گەشتوگوزارکردنی ئەم شوێنە.

ئەم ئەشکەوتە کە یەکێک لە بەناوبانگترین شوێنە شوێنەواری و گەشتیارییەکانی شاری دهۆکە، لە شوێنێکی ستراتیجیی ئەم شارە دروست کراوە و دوو کیلۆمەتر لە باکووری شاری دهۆکەوە دوورە.

چارستین، بە بەرزیی دوو مەتر و پانیی ١٥ مەتری چوارگۆشە، دەکەوێتە نێوان هەر دوو کەلی شەلیا و کەلیا فیرعەون، بە گوتەی پسپۆڕانی مێژوویی و شوێنەواری، شوێنی چارستین لە کۆندا یەکێک لە گرنگترین شوێنەکانی هاتۆچو بووە و پێشتر ڕووبارێکی گەورە و بەپیت لەوێ هەبووە کە دەبووە هۆی ئاوەدانیی ناوچەکە.

چارستین ئەشکەوتێکی دەستکردە کە لە هەزارەی یەکەمی پێش زایین بە ئامێر و کەلوپەلی تایبەتی  ئەو سەردەمە دروست کراوە. هەر یەک لە ستوونەکانی ئەم ئەشکەوتە نیشانەی یەکێک لە پیرۆزییەکانی ئایینی زەردەشتییە وەک ئاو و ئاگر و هەوا و خاک کە چوار پێکهاتەی سەرەکیی گەردوونن.

کاری سەرەکیی ئەم ئاتەشکەدەیە بێجگە لەوەی، کە وەک پەرەستگەیەک بەکار هاتووە، ڕێکخستن و چاودێریی ئاتەشکەدەکانی دیکە بووە و وەک سەنتەرێک بۆ ئێدارەی پەرەستگەکانی دیکەی زەردەشتی لەو دەڤەرە بەکار هاتووە.

بە گوتەی شوێنەوارناسان هێشتا بە ڕوونی دیار نییە ئەم ئەشکەوتە لە سەردەمی چ پاشا و دەسەڵاتدارێکدا دروست کراوە، بەڵام لەبەر گرنگیی شوێنە تایبەتەکەی تا ئێستا چەندین باسی زانستی و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.