داوا دەکرێت شەڵتەرێک بۆ داڵدەدانی ئاژەڵە بێلانەکان بکرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

داوا دەکرێت شەڵتەرێک بۆ داڵدەدانی ئاژەڵە بێلانەکان بکرێتەوە

ڕێکخراوێک لە شاری سلێمانی کەمپینێک بۆ بنەبڕکردنی دیاردەی سەگە بێلانەکان لە نێو شاری سلێمانی راگەیاندووە و داواش دەکا شەڵتەرێک بۆ ئەو جۆرە ئاژەڵانە بکرێتەوە.

هێمن غازی، سکرتێری رێکخراوی لاوانی سۆشیال دیموکراتی کورد بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ماوەیەکە سەگی بەڕەڵا بە ڕێژەیەکی زۆر بە شەقامەکانی ناو شاری سلێمانی بڵاو بوونەتەوە ئێمەش کەمپینێکمان بە ناونیشانی (ئەم شارە مەشێوێنن) بۆ بنەبڕکردنی ئاژەڵی بەڕەڵای سەر شەقامەکان ڕاگەیاندووە، چونکە ئەو ئەژەڵانە دەبنە زیان بۆ هاووڵاتیان و لە لایەن هاووڵاتیانیشەوە زۆر جار بەشێوەیەکی نا دروست مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و زیانیان پێدەگات، بەتایبەت ئێستا کە دەرگای قوتابخانەکان کراوەتەوە و ڕۆژانە قوتابیان ڕووبەڕووی ئەو سەگە بەڕەڵایانە دەبنەوە و زۆر جار زیانیان پێدەگات".

ڕاشیگەیاند: "دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم کەمپینەوە پەیامێک بگەیەنینە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی شەڵتەرێکی تایبەت بە داڵدەدانی ئەو ئاژەڵە بەڕەڵایانە بکرێتەوە بەتایبەت سەگی بەڕەڵا، بەمشێوەیەش ژیانی ئاژەڵەکان پارێزراو دەبێت و کەمتریش زیان بە هاووڵاتیان دەگات، لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین ئێمە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ کوشتنی سەگ هاوڕا نین و ئەو کەمپەینەشمان بۆ پاراستنی ژیانی ئاژەڵانە، چونکە ئێستا سەگی بەڕەڵا و ئاژەڵی بێلانە زۆر زۆر بووە لەسەر شەقامەکان و زیادبوونی سەگی بەڕەڵا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاژەڵی ماڵی و کێوی".

ناوبراو گوتیشی: "داوا لە چالاکوانان و ئاژەڵدۆستان دەکەین هاوکارمان بن لە سەرخستنی ئەم پڕۆژەیەمان بۆئەوەی بتوانین درێژە بە کەمپینەکە بدەین و بتوانین لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان ئەو دیاردەیە بنەبڕ بکەین و ژیانی ئاژەڵان و هاووڵاتیانیش بپارێزین، تا ئێستاش کەسانێکی زۆر دەستخۆشیان لێ کردووین و خۆشحاڵ بوون بە ڕاگەیاندنی کەمپینەکەمان".