ئەم بابەتانە لە منداڵەکەت بشارەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەم بابەتانە لە منداڵەکەت بشارەوە

 

منداڵ وەکوو بچوکترین و هەستیارترین ئەندامی خێزان، پێویستە هەندێک بابەتی خێزانەکەی نەزانێت و دوور بێت لەو کێشە و گرفتانەی رۆژانە خێزانەکەی رووبەڕووی دەبنەوە. بە باوەڕی دەروونناسان و شارەزایانی بواری پەروەردە، خێزانەکان نابێت نەزانانە بە هەڵسوکەوتی هەڵە ترس و نیگەرانی لە منداڵەکەیاندا دروست بکەن، چونکە هەرسکردنی هەندێک لە بابەتەکان بۆ منداڵ جارێ قورسە و ڕەنگە بابەتێک، کە بە چاوی ئێوە زۆر سادە و ساکار و ئاساییە، لە مێشکی ئەودا ببێتە کێشەیەکی گەورە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەروەردی دروست بکات. یەکێک لە بابەتە هەستیارەکان، کە پێویست ناکات منداڵەکەتی پێ بشڵەژێنی، دەربڕینی نیگەرانییە لەمەڕ داهاتووی منداڵەکەت، بۆ نموونە، کاتێک دایکان و باوکان نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە داهاتووی منداڵ دەدرکێنن، بەم رەفتارە جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێ لە دەروونی منداڵدا سەبارەت بە داهاتووی دروست دەبێت، کە کاریگەریی نەرێنی دروست دەکات، هەروەها هەوڵ بدەن بە هیچ شێوەیەک لە ئامادەیی منداڵدا گلەیی لە هەژاری و نەبوونی و نەداری و بێ پارەیی بنەماڵەکەت نەکەی، تا کاریگەریی خراپی لەسەر دروست نەکات، بۆ ئەوەی پارە نەبێتە تەنیا ئامانجی گەورە و سەرەکیی ژیانی، بەڵکوو پێویستە پوول و پارە تەنیا وەکوو ئامرازێک سەیر بکات لە ژیاندا.

خاڵی هەرە گرنگی تر، کێشە و گیروگرفتی نێوان هاوسەرەکانە، کە لەلای منداڵ باس دەکرێت. هاوسەرەکان بە هیچ شێوەیەک نابێت خاڵە لاوازەکانی یەکتر لەلای منداڵەکەیان باس بکەن، بۆ ئەوەی منداڵ نەبێتە لایەنگری باوک یاخود دایکی، تا تۆوی رق و کینە لە دایک یاخود باوکی لە دەروونیدا چەکەرە نەکات.

بێ گومان رێز و خۆشەویستیی هاوسەرەکان لەهەمبەر یەکتر، منداڵ وا لێ دەکات هەمان ڕەفتاری دایک و باوکی دووبارە بکاتەوە و رێز لە ئەندامانی خێزانەکەی بگرێ و خۆشەویستییان بۆ درببڕێ. خاڵی کۆتایی، کە پێویستە گرنگیی پێ بدەی، هیچ کات منەت بەسەر منداڵەکەتدا نەکەی و ئەم جۆرە ئەدەبیاتە بەرامبەری بەکار مەهێنە، گوایە لەبەر تۆیە کە بەرگەی نەهامەتیی ژیان دەگرم، ئەم جۆرە گلەیی و قسەکردنە وا لە منداڵەکەت دەکات، کە خۆی بە تاوانباری سەرەکیی ژیانی ناخۆشی تۆ بزانێت و لە ڕووی دەروونییەوە بشڵەژێت.