مۆزەخانە تایبەتەکانی کوردستان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

مۆزەخانە تایبەتەکانی کوردستان

مۆزەخانەی کۆچەر زاخۆ - 1

دامەزراندنی مۆزەخانە یەکێکێکە لە ناوەندە هەرە پێویستەکانی هەر کۆمەڵگایەک، چونکە ئەو دەزگایە ئەرکی هەڵگرتن و پاراستنی بەشێک لە مێژوو و رابردووی خەڵک و کۆمەڵگە لەئەستۆ دەگرێت، کە دەبێتە شوناس و ناسنامەی ئەو گەلە لەناو گەلانی دیکە و جیهانی دەرەوە، بەپێی ئەو کەرەستانەی، کە لە مۆزەخانەکان دەبینن، لەگەڵ رابردوویان ئاشنا دەبن.

وشەی مۆزەخانە، یان مۆزە لە وشەی یۆنانی mousein هاتووە، کە گردێکی شوێنەوارییە لە ئاتن، کە لەوێ پەرەستگەیەکی تایبەت بۆ نۆ خواوەندی هونەر و پیشە، کە ناویان (میۆز) بووە، دروست کراوە. میۆزەکان کچانی ژوپیتەر بوون، کە خواوەندی زانست و ئەدەبیات و هونەر و مۆسیقا بوون.

مانای خودی وشەی میۆز بە واتای خوادیەکی بچووک دێت، کە ئەرکەکەی ئیلهام بەخشین بە شاعیر و هونەرمەندەکانە. هەر لەوێوە ئەم وشەیە لەگەڵ زمانەکانی دیکە تێکەڵ بووە و کەوتووتە سەر زمانەکان.

سەرچاوەکان پێیان وایە، کە پەرەستگەکان و کەنیسەکان یەکەم مۆزەخانە بوون، کە لە جیهان دروست کراون، هۆکارەکەشی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵێ کەلوپەل و پارچەی بەنرخی تایبەت دەگەڕێتەوە، کە بە مەبەستی ئایینی و مێژوویی کۆ کراونەتەوە.

مێژووی دامەزراندنی یەکەم مۆزەخانە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی سێیەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، کە لە لایەن پاشای رۆمانی، (بەتلەمیوسی یەکەم ٢٨٤- ٢٤٦) لە شاری ئەسکەندەرییە دامەزراوە.

پاشان لەناو خەڵکی دەوڵەمەند و زەنگین و خوێندەوار، کۆکردنەوەی ئەنتیکە و کەلوپەلە ناوازەکان دەبێتە باو و نەریتێک و هەوڵ دەدەن بۆ کۆکردنەوەی ئەو کەلوپەلانەی، کە لە رووی مێژووییەوە تەمەنیان هەیە و بۆ کەسانی تایبەت، یان شوێنی تایبەت دەگەڕێنەوە، بۆیە لەدوای ئەوە، وشە و کاری مۆزە لەنێو خەڵک جێی خۆی دەکاتەوە. لە ساڵی ١٦٨٣ یەکەم مۆزەخانی تایبەت کرایەوە، کە دەرگاکانی خۆی بە رووی خەڵک کردەوە، مۆزەخانەی ئەشمولین لە ئەکسفۆردی بەریتانیا بوو.

لە بەناوبانگترین مۆزەکانی جیهان، دەتوانین ئاماژە بە مۆزەخانەکانی لۆڤەر لە شاری پاریسی فەرەنسا بکەین، کە لە ساڵی ١٧٩٣ دامەزراوە و ئێستا یەکێک لە گرنگترین مۆزەخانەکانی جیهانە، کە ساڵانە زۆرترین کەس سەردانی دەکەن.

مۆزەخانە لە كوردستان
هەرچەندە کوردستان بە لانکەی شارستانییەت دادەنرێت و چەندین شوێنی شوێنەواریی گرنگی هەن، کە لە لیستی گرنگترین و کۆنترین شوێنەوارەکانی جیهان تۆمار کراون، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو هۆکار و پێویستییەی، کە بۆ هەبوون و دروستکردنی مۆزەخانە هەیە، بەداخەوە هێشتا لە چەندین شوێن، کە مێژوویەکی تایبەت و دیاریکراویان هەیە، نەبوونی مۆزەخانە و شوێنێک بۆ پاراستن و پیشاندانی شوێنەوار و کەلەپووری ناوچەکە، یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان و ساڵانە داوا دەکرێت ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.

لە هەرێمی کوردستان، بێجگە لە مۆزەخانە حکوومییەکان، کە لە قاڵبی مۆزەخانی شارستانی و نیشتمانی کۆ دەکرێنەوە، چەندین مۆزەخانەی تایبەت لە لایەن خەڵکی ئاسایی، یان کەرتی تایبەت دامەزراون، کە شوێن و پێگەیەکی تایبەتیان لەناو خەڵک هەیە و زۆر سەردانیان دەکەن.

مۆزەخانە تایبەتەکان، کە زیاتر لەناو ماڵان دروست دەکرێن و رووبەرەکەیان زۆر فراوان نییە، لە کۆکراوەی چەندین جۆر پارچەی کەلەپووری و شوێنەواری پێکهاتوون.

هەندێ جار تەنیا پارچەکان نین، کە بۆ دروستکردنەوەی مۆزەخانە لە شوێنێک کۆ دەبنەوە، بەڵکو چەندین حاڵەت هەبووە، کە شوێنی مێژوویی، کە شوێنی روودانی رووداوێکی مێژووییە، دەبێتە بنکەیەک بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵێ کەس، یان کۆمەڵێ بابەت.

لێرە دەمانەوێت لە زنجیرە بابەتێک باسی ئەو مۆزەخانە تایبەتانە بکەین، کە لە کوردستان هەن و لە بواری مێژوویی و شوێنەواری و کەلەپووریدا کار دەکەن.

شاری زاخۆ یەکێکە لەو شارانەی کوردستان، کە مێژوو و رابردوویەکی چەندین هەزار ساڵەی هەیە، بەڵام هێشتا خاوەن مۆزەخانەی شوێنەواری و دامەزراوەی تایبەتی حکوومی هاوشێوەی مۆزەخانە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەم بۆشاییەش، هاوڵاتییەک، کە خۆی بە خەمخۆر و ئارەزوومەندی شوێنەوار و مێژووی گەلەکەی دەزانێت، مۆزەخانەیەکی تایبەتی داناوە و دەرگای بە رووی خەڵکدا کردووەتەوە.

مۆزەخانەی کۆچەر زاخۆ
ئەم مۆزەخانەیە هەروەک لە ناوەکەشی دیارە، دەکەوێتە شاری زاخۆ لە پارێزگای دهۆک و لە خانوویەک بە رووبەری ٣٠٠ مەتر دروست کراوە، کە هەم شوێنی نیشتەجێبوونی خاوەنەکەیەتی، هەم بەشێکی خانووەکە وەک مۆزەخانە بەکار دێت.

کاتێک لە دەرگای حەوشەی ماڵەکە دەچیتە ژوورەوە، دوو دەرگات دێتە پێش، دەرگای دەستی چەپ بەرەو مۆزەخانەکە دەڕوات، لەگەڵ چوونە ژوورەوە، ژمارەیەکی یەجگار زۆر لە کەلوپەلی کەلەپووری و مێژوویی دێتە بەر چاو، کە لە نیگای یەکەمدا مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەکات. دوای چەند دەقەیەک لە سەیرکردنی پارچەکان، ئەوسا تێدەگەی، کە ئەمە بۆ خۆی ئەنتیکەخانەیەکە و پڕە لە پارچەی کۆن، کە هەر یەکێکیان هی سەردەم و کاتێکی تایبەتە و چاو لە بینینیان تێر نابێت.

کەلوپەلی ناو مۆزەخانەکە، کە بریتییە لە پارچەی کەلەپووری و کۆمەڵێ پارچەی شوێنەواری، بۆ سەردەمانی کۆن دەگەڕێنەوە، کە بە گوتەی محەمەد حوسێن ئەحمەد، کۆنترین پارچەی مۆزەخانەکەیان بریتییە لە بۆکسێک، کە کۆمەڵێ دراوی کۆن و مێژوویی تیا دانراوە، کە بۆ سەردەمە جیاوازەکان دەگەڕێتەوە و پێ دەچێ کۆنترینیان هی دوو هەزار ساڵ پێشتر بێت.

محەمەد حوسێن ئەحمەد کە بە (موحەمەد کۆچەر) ناسراوە، باس لە بیرۆکەی چۆنیەتیی دروستکردنی ئەم مۆزەخانەیە دەکات و دەڵێ: “کاتێک لە ساڵی ١٩٩١ ئاوارەی تورکیا بووین، هەستی ئەوەم لا دروست بوو، کە ئێمەی کورد پێویستە کار بۆ زیاتر ناساندنی مێژووی خۆمان بە خەڵکی ناوخۆ و دەرەوەدا بکەین، بۆیە لەدوای گەڕانەوەمان لە تورکیا، بیرۆکەی دامەزراندنی مۆزەخانەیەکم بۆ هات و بەرە بەرە دەستم کرد بە کۆکرنەوەی پارچەی کۆن و توکمە، کە زیاتریش پارچەی کەلەپووری بوون و هەر لە سووچێکی ماڵەکەی خۆم نماییشم دەکردن، هەتا پارچەکان بەرە بەرە زیاتر بوون و وای لێ هات بەشێکی زۆر لە ماڵەکەم تەرخان کرد بۆ ئەم کارە و پارچەکان بە ریز و دەستەبەندیی تایبەت رێکخست و دواتر وەک مۆزەخانەیەکی بچووک، بەڵام پڕ نرخ و گرنگی لێ هات”.

محەمەد کۆچەر سەبارەت بە رێژەی بەشداربوان و سەردانکردنی خەڵک بۆ ئەم مۆزەخانەیە دەڵێ: "هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، خەڵک زۆر بە باشی پێشوازییان کرد و سەردانیان دەکرد، ئێستاش لەدوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ لەسەر دامەزراندنی مۆزەخانەکە، جێی خۆی لەناو خەڵک کردووەتەوە و لە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا، وەک خەڵکی سڤیل، قوتابی، مامۆستا، بەرپرس و میدیکاران سەردانی مۆزەخانەکە دەکەن”.

خاوەنی مۆزەخانەکە زیاتر گوتی: “خەونی ئەوەم هەیە، کە پەرە بە کارەکەم بدەم و بە وەرگرتنی پارچە زەوییەک، بە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک، دەست بکەین بە دروستکردنی مۆزەخانەیەکی کەلەپووری و بە شێوازێکی جوانتر و رێکخراوتر ئەو پارچە شوێنەواری و کەلەپوورییانەی کە هەمانە و پیشانی هاووڵاتییان بدەین و زیاتریشیان بکەین”.

پارچەکانی ناو ئەم مۆزەخانەیە، کە لەبەر نەبوونی شوێن و فەزای پێویست، زۆر لەناو یەک داندراون، پێکهاتوون لە کۆمەڵێ گۆزە و گڵینەی کۆن، کە زیاتر بە مەبەستی هەڵگرتنی ئاو بەکار هاتوون، هەروەها بە رێژەیەکی زۆر ئامێری کانزیی دروستکراو لە مس و ئاسن دەبینرێن، وەک هاوەن و مقەس و کەوچک و مەنجەڵ و کەلوپەلی چێشتلێنان و ئاگردان و تەور و داس و شمشێر و مەتاڵ.

هەر لەناو ئەو کەلوپەلانە، کۆمەڵێ بابەتی جوانکاریی ئافرەتان، وەک متومۆروو و ملوانکە و بازن دەبینرێن، کە بە گوتەی خاوەن مۆزەخانەکە، مێژوویان جیاوازە و لە شوێنی جیاوازیش کۆکراونەتەوە.

یەکێک لە بەشە تایبەتەکانی ئەم مۆزەخانەیە ئەو بەشەیە، کە کۆمەڵێ چەکی جۆراوجۆری مێژوویی و کۆنی تیا دانراوە، کە هەندێکیان بۆ سەردەمی رۆمانییەکان دەگەڕێنەوە و بە چەکی رۆمانی بەناوبانگن. یەکێک لەو چەکانەی کە لەوێ دانراوە، دەمانچەیەکی سەرەتاییە، کە بە بارووت کار دەکات و هێشتا ساغە و کاری پێدەکرێ.

محەمەد کۆچەر نەک تەنیا بیر لە کۆکردنەوەی زیاتری پارچەی شوێنەواری و کەلەپووری دەکاتەوە، بەڵکوو بیرۆکەی ئەوەشی هەیە، کە لە داهاتوودا کەسێکی پسپۆری مێژوویی ببێتە بەڕێوەبەری ئەم ئەنتیکەخانەیە، بۆیە بە گوتەی خۆی، کچە گەورەکەی لە بەشی مێژووی زانکۆی دهۆک دەخوێنێنێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانێت کاری پاراستن و بەڕێوەبردنی ئەنتیکەخانەکە درێژە پێ بدات.

هەرچەندە ئەم مۆزەخانەیە لە رووی رووبەرەوە بچووکە، بەڵام تاقە مۆزەخانەی شاری زاخۆیە و بێجگە لەم ئەنتیکەخانەیە، هیچ مۆزەخانەیەکی دیکە لەم شارە نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی، کە شاری زاخۆ یەکێکە لە شارە هەرە کۆنەکانی هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە مێژووی شاری زاخۆ، میر جەلادەت بەدرخان لەسەر ئەو بڕوایەیە، کە مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گوتییەکان.