كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

شارەزایەکى وزە: پێشبینى دەکرێ ئەمساڵ نرخى نەوت بگاتە سەرووى 70 دۆلار

شارەزایەکى بوارى وزە رایگەیاند بە هۆى کەمبوونەوەى کۆرۆنا و دەستپێکردنەوەى جوڵەى بازرگانى و ئابوورى لەلایەک و رێککەوتنى وڵاتانى بەرهەمهێنەرى نەوت، نرخى نەوت بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و پێشبینى دەکرێ زیاتریش بەرز بێتەوە.

د. بێوار خنسى، شارەزاى بوارى وزە و راوێژکارى نووسینگەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "هەرچەندە تا ئێستا کۆرۆنا هەڕەشەیە لەسەر چەندین وڵاتى جیهان، بەڵام دۆخەکە تاڕادەیەکى باش ئارام بووەتەوە بەهۆى دۆزینەوەى ڤاکسینی دژى پەتاکە، ئەمەش جوڵەى بازرگانى و ئابوورى نێوان وڵاتانى زیاتر کردووە، لەوانەش گەشتى ئاسمانى و ئاوى و زەمینى بەشێوەیەکى بەرچاو زیادى کردووە، بە تایبەت لە بوارى بازرگانى و گەشتوگوزاردا".

راشیگەیاند: "رێککەوتنى وڵاتانى بەرهەمهێنى نەوت لەلایەکى دیکەوە هۆکارێکى دیکەیە بۆ بەرزبوونەوەى نرخى نەوتى خاو لە بازاڕەکانى جیهاندا، چونکە وڵاتانى بەرهەمهێن لەسەر ئەوە کۆکن کە بڕى نەوتى هەناردەکراو کەم بکەنەوە بۆ ئەوەى نرخەکەى بەرزبێتەوە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "بەشێکى زۆرى گەورە وڵاتانى پیشەسازى کە ئێستا دەستیان بەکار کردووەتەوە، رۆژانە رێژەیەکى زۆر نەوت بەکار دەهێنن، لەلایەکى دیکەوە 60 % ى نەوتى بەرهەمهاتووى بازاڕەکان بۆ گواستنەوە بەکار دێت لە هەرسێ بوارى گواستنەوەى وشکانى ئاسمانى ئاویی، بۆیە پێشبینى دەکرێ نرخى نەوت ئەمساڵ بۆ سەرووى 70 دۆلار بەرزبێتەوە، ئەمەش دەستکەوتێکى باشە بە تایبەت بۆ وڵاتانى بەرهەمهێنى نەوت، کوردستان و عێراقیش لە ریزى ئەو وڵاتانەن کە سەرچاوەى داهاتیان بەشێکى زۆرى پشت بەنەوت دەبەستێ".