كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق هەموار دەکرێتەوە

"پێشنیاز کراوە هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە یەک رۆژدا ئەنجام بدرێ"

پەرلەمانتارێکی عێراق رایدەگەیەنێت کە بەمزووانە خوێندنەوە بۆ پێشنیازى یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەرکرێ، کە تیایدا پێشنیازى ئەوە کراوە هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان بە یەک رۆژ ئەنجام بدرێ.

شێروان دووبەردانى، سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانى عێراق بە (باسنیوز)ى راگەیاند: "دواى چەندین کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکى زۆر لەسەر پێشنیازى یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، بەمزووانە خوێندنەوەى یەکەم بۆ پێشنیازە یاساکە دەکرێ بە ئامانجى هەموارکردنەوەى، چونکە زۆرینەى فراکسیۆنەکان لەگەڵ ئەوەن یاساکە هەموار بکرێتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا 15 ماددەى یاساکە گۆڕانکارى تێدا دەکرێ".

راشیگەیاند: "دواى تێپەڕاندنى پڕۆژە یاساى بودجە راستەوخۆ پێشنیازى یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەخرێتە بەرنامەى کارەوە، بۆ ئەوەى بەزوویی تەواوبێت، چونکە ئامانجى لیژنەکە ئەوەیە بەر لە دەستپێکردنى رێوشوێنەکانى پڕۆسەى هەڵبژاردن ئەو پرسە کۆتایی پێ بهێندرێ".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد" چەندین گۆڕانکارى لە یاساکەدا کە گرنگترینیان ئەنجامدانى هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراقە لە یەک رۆژدا، چونکە بەهۆى پەتاى کۆرۆناوە دۆخەکە وادەخوازێ هەردوو هەڵبژاردنەکە بەیەک رۆژ ئەنجام بدرێ، بەڵام پێویستمان بە رەزامەندى حکوومەتە وەک لایەنى جێبەجێکار چونکە لەرووى تەکنیکییەوە کارى زۆرى پێویستە".