چەند پسپۆڕێك زانیاریی زیاتر لەبارەی شوێنەواری خانا ئێزی دەدەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چەند پسپۆڕێك زانیاریی زیاتر لەبارەی شوێنەواری خانا ئێزی دەدەن

 

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بابەتێک لەبارەی شوێنەواری خانا ئێزی، بە ناونیشانی (باسنیوز شوێنەوارێکی گرنگی دەڤەری ئێزدخان دێنێتە بەر باس لە ئاژانسی (باسنیوز) کە لە رۆژی دووشەم ٢٠٢١/٠١/١٨ بڵاو بووەوە و دەربڕینی رای جیاواز لەسەر مێژوو و تەمەنی ئەم شوێنەوارە لەلایەن شوێنەوارناسان و ناکۆکی لەسەر بیروبۆچوونیان، لەبارەی مێژووی ئەم شوێنەوارە، وەک نووسەری بابەت و دەزگای میدیای (باس) راپۆرتێکمان ئامادە کرد، بۆ وەرگرتنی را جیاوازەکان لەسەر ئەم بابەتە، بۆ راستکردنەوەی زانیارییەکان لەسەر مێژوو و تەمەنی ئەم شوێنەوارە.

سەبارەت بە رای یەکەم، مامۆستای شوێنەوارناس محەمەد عارف تاتار، پسپۆر لە زمانە کۆنەکان، لە بەشی شوێنەواری زانکۆی مووسڵ، کە هاوکات ئەندامیشە لە تیمی شوێنەوارناسی زانکۆی ئۆدۆنی ئیتالی، کە کاری هەڵکۆڵینی شوێنەواریی لە دەڤەری بادینان دەکات، لەبارەی تەمەنی ئەم شوێنەوارەوە گوتی: “پێش هەموو شتێک دەبێ ئەوە بڵێن، کە ئەم شوێنە شوێنەوارییە، واتا خانا ئێزی، بۆ دیاریکردنی مێژوو و تەمەنەکەی ناکۆکیی زۆری لەسەرە و تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی زانستیمان بۆ سەلماندن و دیارکردنی راستییەکان دەست نەکەوتووە، بۆیە دەبێ ئەوە بڵێین، کە بەپێی تێپەڕینی کات و سەردەمە مێژووییەکان، زۆر شارستانیەت و دەسەڵاتدار لەم ناوچەیە حوکمیان کردووە، عوسمانییش یەکێک بووە لەو دەسەڵاتانە، بەڵام ئەوە هۆکار نابێت بۆ ئەوەی بڵێین، کە ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە، چونکە لە خودی پەرەستگەی لالش، چەندین بەڵگە و نیشانە هەیە، کە تێپەڕینی سەردەمە مێژووییەکان پیشان دەدات”.

بە گوتەی محەمەد عارف: “پسپۆڕانی شارەزا لە بەشی زانکۆی مووسڵ، بەتایبەت دکتۆر عەبدولناسر ئەلدەباغ، هاوڕان لەسەر ئەوەی، کە سۆمەرییەکان لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوونە و پاشماوە و شوێنەواری زۆریان بەجێ هێشتووە و ئەگەری هەیە مێژووی شوێنەواری خانا ئێزی بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان بگەڕێتەوە”.

هەروەها تیمێکی چیکی، کە ئێستا سەرقاڵی کارکردنن لەسەر شوێنەواری نەبی ناحووم، سەردانی شوێنەواری خانا ئێزییان کرد و بەپێی چەند کارێکی توێژینەوەیی، پێیان وابوو، کە ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە، کە بە تێپەڕینی کات و ئەو شەڕ و ئاژاوانەی لەو دەڤەرە روویان داوە، ئەم شوێنەوارە چەندین جار رووخاوە و دووبارە و سەرلەنوێ نۆژەن کراوەتەوە، بۆیە شێوازەکەی ئێستای وا نوێ و تازەیە.

ئەو زیاتر زانیاریمان لەسەر ناوی ئێزی و سەرچاوە مێژووییەکانی سەردەمی سۆمەری دەداتێ و دەڵێ: “ناوی ئێزی لە سەردەمی سۆمەرییەکان بە (E-ze) یان (E-EZ-ZO-U) هاتووە، کە بە زمانی سۆمەری، واتای شوێنی ئیسراحەت و حەوانەوە دێت، کەواتە شوێنێک بووە بۆ مانەوە و حەوانەوەی ئەو رێبوارانەی سەردانی دەڤەری بادینان، بەتایبەت لالشیان بۆ بۆنە ئایینییەکان کردووە”.

شوێنەوارناس محەمەد عارف دەڵێ: “بۆ زیاتر زانین لەسەر مێژووی ئەم شوێنەوارە و دەرخستنی راستییەکان لەسەر تەمەنی، پێویستمان بە لێکۆڵینەوەی مێژوویی و شوێنەواری زیاتر هەیە، کە پسپۆرانە کاری لەسەر بکرێ”.

بەڵام د. زێدان برادۆستی، کە پلەی زانستی پرۆفیسۆری هەیە لە بواری شوێنەوار و چەندین ساڵ بە تیۆری و پراکتیکی لە بواری شوێنەوار کاری کردووە و پسپۆڕە لە شوێنەواری ئیسلامی، لەسەر ئەو بۆچوونەیە، کە تەمەنی ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە.

ئەو کە توێژینەوەیەکی زانستی - مەیدانی لەسەر ئەم شوێنەوارەی ئەنجام داوە، لەناو توێژینەوەکەی وا باس لە خانا ئێزی و مێژووەکەی دەکات و دەڵێ: “ئێمە هیچ دەقێک یان نووسینێکمان لەسەر مێژووی دروستبوون و ئاوەدانکردنی ئەم خانە نییە، یان بەڵگەکان بەقەدەر ئەوە نین، کە بتوانین مێژووی دروستکردنی دیار بکەین، بەڵام لەگەڵ بەراوردکردنی ئەم بینایە لەگەڵ بیناسازیی عوسمانییەکان، دەتوانین بڵێین، مێژووەکەی بۆ سەدەی شازدە یان حەڤدەی زایینی دەگەڕێتەوە و ئەم خانە لەناو عێراق لە زۆربەی خانەکان کۆنترە، هەروەها هاوشێوەی ئەم خانە لە حەلەب دەبینرێت، بە ناوی (خان الشونە)، کە ئەویش بۆ سەردەمی عوسمانییەکان دەگەڕێتەوە”.

بێجگە لەم دوو بۆچوونە، ئێمە هەوڵمان دا بۆچوونی خاتوو (بیرگول ئەچک یڵدز)، کە تێزی دکتۆرای لەسەر شوێنەواری خانا ئێزی نوسیووە، وەربگرین. ئەو کە خەڵکی باکووری کوردستانن و خوێندنی دکتۆرای لە بەشی شوێنەواری زانکۆی سۆربوونی فەڕەنسی تەواو کردووە، هاوڕایە لەسەر ئەوەی، کە بۆ دیاریکردنی تەمەنی ئەم شوێنەوارە، بەڵگە و سەرچاوەی نووسراو و باوەڕپێکراومان زۆر کەمە و ئەم شوێنەوارە پێویستی بە کاری هەڵکۆڵین و توێژینەوەی زانستییە.

لە نامەی دکتۆراکەی، بیرگول تەمەنی ئەم شوێنەوارە بۆ نزیکەی کۆتاییەکانی سەدەی سێزدەی زایینی مەزەندە دەکات.