مێژووى كوردستان و كورد لە كەیەوە دەست پێدەكات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كه‌یوان ئازاد 04/02/2021

مێژووى كوردستان و كورد لە كەیەوە دەست پێدەكات؟

كوردستان و كورد لە مێژوودا - 5


دیاریكردنى سەرەتاكانى مێژووى ژیان لەسەر خاكی كوردستان، كارێكى قورسە، هۆیەكەش ئەوەیە، تاوەكوو ئێستا دیار نییە ئەو سەرەتایە بۆ كەى دەگەڕێتەوە و لە كەیەوە و چۆن دەستى پێكردووه؟ بەڵام ئەوەندە ساغ بووەتەوە، كە ئەم خاكە یەكێك بووە لە مەڵبەندە دێرینەكانی مێژووى ژیان لە جیهاندا.

دیارە كە باس لە مێژووى ژیان دەكەین لەسەر ڕووی زەوی، تا ئێستا دیار نییە، كەى ژیان لەسەر گۆى زەوى دەستى پێكردووە، تا مێژووى ژیان لەسەر خاكی كوردستان دیاری بكەین. ئەمەو جگە لەوەی وەك پێویست كنینە و پشكنین لە كوردستان نەكراوە، ئەوەیشى كراوە لە ئاستی پێویست و كۆنیى خاكەكەدا نییە، تا بە كۆنترین مێژووى ژیان لە كوردستان بگەین.

بەپێی ئەو لێكۆڵینەوە زانستییانەش بێت، كە لە لایەن زەویناس و شوێنەوارناسانەوە كراوە، پێكهاتەی زەوییەكانی كوردستان بۆ سەردەمانێكی كۆن دەگەڕێتەوە. وەك ئەوەى زنجیرە چیاكانی زاگرۆس لە سەردەمی (بالیلۆسین) واتە (65 ملیۆن) ساڵ لەمەوبەر دروست كراون و تەواو بوون. زنجیرە چیاكانی باكوور و تۆرۆس لە سەردەمی (مایۆسین) واتە (30 ملیۆن) ساڵ لەمەوبەر و ناوچە زۆرگییەكان و دەشتاییەكانیش لە سەردەمی (بلایستۆسین) واتە (20 ملیۆن) ساڵ لەمەوبەر تەواو بوون.

بەو زانیارییانەش بێت، چیاكانی كوردستان پێش دۆڵ و دەشتەكان دروست بوون، بەڵام ئەوەش نامانگەیەنێتە ئەوەی، كە ئایا دواى دروستبوونى ئەو زنجیرە چیایانە، ڕاستەوخۆ ژیان لەسەر خاكى كوردستان دەستى پێكردووە؟ یان نەخێر ملیۆنان ساڵى ویستووە. هۆیەكەش ئەوەیە، كە ژیان لەسەر زەوی لە ڕێگای مرۆڤەوە دەستی پێكردەوە. واتە بە دروستبوونی چیا و دۆڵ و دەشت و چۆم و زێ و ڕووبار و دەریاچەكان، ژیانى مرۆڤ دەستی پێنەكردووە، چونكە ژیانى مرۆڤ بەپێى دیدگا و بۆچوونە زانستییەكان، دواى دروستبوون و دەركەوتنی ڕووەك و پاشان ئاژەڵ دەستی پێكردووە. ئەوەش بەو مانایەی، دەركەوتنی مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی، دواى هەموو دروستكراوە سروشتی و زیندەوەرییەكان كەوتووە.

هۆیەكەش ئەوە بووە، كە هیچ یەك لەو زیندەوەرانە وەك مرۆڤ، توانای ئاوەدانكردنەوە و گەشەكردنى ژیانی نەبووە و وەك ئەویش باڵادەست نەبوون. هەروەها مرۆڤیش ئەو زیندەوەرە ژیرە بووە، كە هەموو ئەو پێكهاتە سروشتی و زیندەوەرییانەی بۆ خزمەتى خۆى بەكار هێناوە، تا درێژە بە ژیان بدات و زەوی بە باشترین شێوە بەكار بهێنێت و ئاوەدانى بكاتەوە.

لە دیدگایەكی ترەوە، تا ئێستا لەنێو زانایان و پسپۆڕانى بوارە جیاجیاكانی زانست و ژیان، (دوو) بۆچوون لەسەر دەركەوتنی ژیان لەسەر زەوی هەیە. بۆچوونێك پێی وایە ژیان لە كەنار زەریا و دەریا و دەریاچەكانەوە دەستى پێكردووە. بەوەش كۆنترین مرۆڤ لەسەر ڕووی زەوی لەو كەنارانەوە دەركەوتووە و دواتر بەرەو دەشتایی و دامێنى چیاكان و دواتر لاپاڵى چیاكاكان هەنگاوى ناوە.

بۆچوونێكی دیكەش پێچەوانەكەیان باس كردووە، بەوەی ژیان لە چیا و لاپاڵى چیاكان دەستى پێكردووە و دواتر بەرەو دەشتایی و كەنار دەریاچە و دەریا و زەریاكان درێژ بووەتەوە. دیارە هەر كام لەو (دوو) بۆچوونەش وەربگرین، خاكی كوردستان دەبێتە مەڵبەندی یەكێك لە كۆنترین شوێنەوارەكانی مێژووى ژیان، چونكە لەلایەك خاكەكەی گەیشتووەتە سەر دەریاى ناوەڕاست و كەنداوی عەرەبی و چەندین دەریاچە و ڕووبار و زێ لە خاكەكەیدا هەبووە. لەلایەكی دیكەوە، خاكەكەى لە چەندین زنجیرە چیا و دۆڵ و دەشت و بان پێكهاتووە.

جیاواز لەو زانیارییانەش، بەپێى دۆزینەوەى زانایانى شوێنەوارناس، تا رێکەوتی ئەم نووسینە، كۆنترین مرۆڤ بۆ (شەش ملیۆن) ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەوەش بەو بەڵگەیەی، ساڵی (2011ز) لەنزیك شاری (سیدنی)ی پایتەختی وڵاتی ئوستورالیا جێ پێی مرۆڤێك دۆزرایەوە، كە بۆ (شەش ملیۆن) ساڵ دەگەڕایەوە. ساڵی دواتر شوێنەوارناسان بۆیان دەركەوت، كە شوێنەواری مرۆڤ لەو ناوچەیە هەبووە، كە لەو مێژووەدا ژیاوە.

دیارە تا ئەو دۆزینەوەیە باوەڕ وابوو، یەكەم مرۆڤ بۆ (4750000) ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەوەش بەو بەڵگەیەى، لە ساڵى (2001ز) پەیكەرى (دوو) مرۆڤى سەرەتایى لە باشوورى شارى (نایرووبى)ی پایتەختى وڵاتى كینیا لە كیشوەرى ئەفریقیا دۆزرانەوە. (نۆ) ساڵ بەر لەو دۆزینەوەیەش، پەیكەرى (دوو) مرۆڤى تر لەنزیك شارى (ئەدیس ئەبابا)ى پایتەختى ئەسیوبیاى هەمان كیشوەر دۆزرانەوە، كە مێژووەكەیان بۆ (3500000) ساڵ بەر لەو كات دەگەڕایەوە. لەمەوە دەگەینە ئەوەى، كە مێژووى مرۆڤ لە ماوەى نزیك بە (دە) ساڵدا، بۆ كۆنتر لە (1250000) ساڵ گەڕاوەتەوە.

ئەو دۆزینەوە و زانیارییانەش ئەمانگەیەننە ئەوەی كە مێژووى ژیان لەسەر ڕووی زەوی بۆ زیاتر لەو مێژووە دەگەڕێتەوە. هەر بۆیە پێناچێت كوردستانیش لەو مێژووە بەدەر بێت، ئەگەرچی تا ئێستا مێژووى كۆنترین مرۆڤ لەسەر خاكی كوردستان بۆ (100000) ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام بە هەموو گریمان و بۆچوونە زانستییەكان بێت، زۆر پێدەچێت مێژووى كۆنترین مرۆڤ بۆ نزیكەی (10 ملیۆن) ساڵ پێش ئێستا بگەڕێتەوە و كوردستانیش لەو مێژووەدا پشكی هەبێت. ئەو ڕاستییانەش داهاتووی پشكنین و زانستە تایبەتمەندەكان وەڵامى دەدەنەوە.